ده‌بێ زوو به‌ زوو ساڵح موسلیم ئازاد بکرێت

به‌شی سووریا- نوێنه‌رایه‌تیی ته‌ڤگه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیکی سووریا له‌ ئه‌ڵمانیا خوازیاری ئازاد کردنی به‌په‌له‌ی ساڵح موسلیم بوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نوێنه‌رایه‌تیی ته‌ڤگه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیکی سووریا (TEV-DEM) له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا داوا ده‌کات ساڵح موسلیم به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ته‌ڤگه‌ره‌ و هاوسه‌رۆکی پێشووی پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی سووریا (PYD) که‌ له‌ چێک ده‌ستگیر کراوه‌ زوو به‌ زوو ئازاد بکرێت.

ئایتن کاپلان هاوسه‌رۆکی نوێنه‌رایه‌تیی TEV-DEM له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئێمه‌ خوازیاری ئازاد کردنی به‌په‌له‌ی ساڵح موسلیمین. ناتوانێت و نابێت به‌و شێوه‌یه‌ بێت که‌ سیاسه‌توانانی کورد له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان له‌سه‌ر داوای ده‌وڵه‌ت [ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا] به‌دواداچوونی یاسایی و ده‌ستگیر بکرێن. سیسته‌می دادی چێک ده‌بێ هه‌ر چی زووتر به‌ هه‌ڵه‌که‌یدا بچێته‌وه‌."

سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ساڵح موسلیم له‌ هۆتێلێک له‌ شاری پراگی پێته‌ختی چێک له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر کرا. ئه‌و ده‌ستگیر کردنه‌ له‌سه‌ر داوای تورکیا ئه‌نجام دراوه‌ که‌ دوو حه‌فته‌ پێش ناوی ساڵح موسلیمی له‌ لیستی تیرۆریسته‌ داواکراوه‌کانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ تۆمار کردبوو.

کاپلان نیگه‌رانیی خۆی ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆکان له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری گواستنه‌وه‌ی ساڵح موسلیم له‌گه‌ڵ دوو هاووڵاتیی چێک که‌ له‌ تورکیادا زیندانین.

سه‌رچاوه‌: فورات نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11962

Your Comment

You are replying to: .
captcha