بەغدا بریاری راگرتنی گەشتی فرۆكەخانەكانی هەرێمی درێژ كردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاند بڕیاری راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی لەلایەن حکوومەتی عێراق بۆ 31-5-2018 درێژکراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئومێد محەممەد ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە‌ و گەیاندن لە هەرێمی كوردستان لە بارەی درێژ کردنەوەی بڕیاری قەدەخە کردنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پاڵپشت بەو هەنگاوانەی هەرێمی كوردستان‌ و عێراق ناویانە بۆ لێكدی نزیک بوونەوە ‌و چارەسەری گرفتەكان، چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد ماوەی داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سێ‌ مانگی دیكە درێژ بكرێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە‌ و گەیاندن لە هەرێمی كوردستان، رەتیشی كردەوە داخستنی فڕۆكەخانەكانی كوردستان بۆ چەند مانگێک ببێتە هۆكاری ئەوەی فڕۆكەخانەكانی هەولێر ‌و سلێمانی سیفەتی نێودەوڵەتی بوونیان لە دەست بدەن ‌و گوتی بەخشینی ناسنامەی نێودەوڵەتی بە هەر فڕۆكەخانەیێک، بەپێی كۆمەڵێک پێوەرە، کە رێكخراوی فڕۆكەوانی جیهانی دیاری دەكات، نەک بەوە بێت فڕۆكەخانەیێک بۆ چەند مانگێک گەشتی نێودەوڵەتی تێدا نەكرێت.

بەهۆی ئەنجام دانی گشتپرسی سەربەخۆیی باشووری كوردستان لە 25-9-2017، حكوومەتی عێراق وێڕای هێرش كردن و دەستبەسەرداگرتنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکیشی بۆ گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان دەرکرد و جێبەجێی کردن، یەكێک لەوانە قەدەخەکردنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی بوو. بەغدا، ئێوارەی رۆژی 29-9-2017 بڕیارەكەی جێبەجێكرد و ئەمڕۆش بۆ سێ مانگی دیکە بڕیارەکەی درێژکردەوە.

سەرچاوە: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 11947

Your Comment

You are replying to: .
captcha