بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به گوێرهی راگهیهندراوێکی نووسینگهی راگهیاندنی سهرۆکی حکوومهتی ههرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لە گەڵ نەقیب و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کۆبووەوه.
وهک له راگهیهندراوهکهدا هاتووه: "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنەکە، کورتەیێکیان دەربارەی کار و چالاکییەکانی سەندیکاکەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە لە هەرێمی کوردستان، ئازادی راگەیاندن هەیە، بەڵام کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، لە رووی یاسایی و پیشەییەوە، پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە بۆ ئەوەی رێگری لەو پشێوییە بکرێت کە لە بواری راگەیاندن هەیە".
ههروهها هاتووه: "سەرۆکی حکوومەت جەختی لە پشتیوانی و پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان و کاری رۆژنامەگەریی لە هەرێمدا و ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی رۆژنامەنووسان کرد، لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاوکاری کردنی حکوومەت لە دەستنیشان کردنی گرفت و کێشە و سەرپێچییەکان، بەمەبەستی نەهێشتنیان و چاک کردن و باشترکردنی ئەزموونی حوکمڕانیی لە کوردستاندا. گوتیشی ئازادی رادەربڕین بنەمایێکی سەرەکی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانە".
له بهشێکی دیکهی راگهیهندراوهکهدا ئاماژه بۆ ئهوه کراوه، لهو کۆبوونهوهیهدا، "سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زەمینەی ئازادی رادەربڕینی بۆ راگەیاندنکاران دەستەبەر کردووە بۆ ئەوەی رۆڵی کاریگەری خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن. گوتیشی راگەیاندنکارانی کوردستان ، نابێ رێگە بدەن پیشەی پیرۆزی رۆژنامەگەریی، بە مەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت".
به گوێرهی راگهیهندراوهکه، سەرۆکی حکوومەت دڵنیاییداوه، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو شێوەیێک داکۆکی و پشتگیریی لە ئازاديی کاری رۆژنامەگەریی لە کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی راگەیاندنکارانی کوردستان، بتوانن بە شێوەیێکی پرۆفیشناڵانە و دوور لە هەر ئەجێندایێکی ناپیشەییانە، کاری خۆیان ئەنجام بدەن، بە جۆرێک لە بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان بێت".
ئەوەش لە حاڵێکدایە پێش چەند هەفتە دادگایێکی هەولێر بڕیاری 6 ساڵ زیندانیی بۆ ژمارەیێک لە ڕۆژنامەنووسانی بادینان دەرکردووە و بارزانی ڕایگەیاند ئەو کەسانە کە سزا دراون بە هۆکاری ئەوەیە کە هەوڵی تێکدان و سیخۆڕیان کردووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment