ئاڵدار خەلیل هاوسەرۆکی بزووتنەوەی جڤاتی دیموکراتیکی سووریا (تەڤدەم) لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێسدا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی دەستگیریی ساڵح موسلم هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا وتی: موسلم هێشتاکەش لەلایەن پۆلیسی کۆماری چێکەوە قۆڵبەستە و ئازاد نەکراوە.
خەلیل وێڕای سەرکۆنە کردنی ئەو هەڵمەتەی پۆلیسی وڵاتی چێک دەریبڕی: ئەم کارە پیلانێکە لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەوەی ئیرادەی کوردی سووریا بشکێنێت بەڵام هیچ ناپێکێت.
هاوسەرۆکی تەڤدەم سەبارەت بە لێدوانی کاربەدەستانی تورکیا لەبارەی ئەگەری ڕادەست کردنەوەی موسلم بە تورکیا بەپێی ڕێککەوتنامەی گۆڕینەوەی تاوانباران لە نێوان ئەو دوو وڵاتە ڕایگەیاند: کۆماری چێک بەهۆی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە ناتوانێت موسلم ڕادەستی تورکیا بکاتەوە چوونکە موسلم هاووڵاتیی سووریایە و تورکیا تەنیا بۆی هەیە هاووڵاتیانی خۆی داوا بکات.
ئاڵدار خەلیل وتیشی: پەیەدە و تەڤدەم هەوڵ دەدەن ساڵح موسلم ئازاد بکرێت و ئەگەری ئەوەش هەیە بەم زوانە ئازاد ببێت.
شیاوی ئاماژەیە ساڵح موسلم دوو شەو پێش ئێستا لە هۆتێلێکی شاری پراگی پێتەختی وڵاتی چێک لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە قۆڵبەست کرا و کاربەدەستانی تورکیا ڕایانگەیاندووە هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ تاوەکوو کۆماری چێک موسلم ڕادەستی ئەو وڵاتە بکاتەوە ئەوەش بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ گۆڕینەوەی تاوانباران نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
Your Comment