توركیا مه‌ترسییێكی گه‌وره‌ بۆ عێراق دروست ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌هۆی گرتنه‌وه‌ی ئاوی ڕووباری دیجله‌ له ‌لایه‌ن توركیا-وه‌، مه‌ترسییێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق دروست ده‌بێت، حكوومه‌تی به‌غداش وه‌زیری سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان ڕه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌ردانه‌وه‌ی به‌شه‌ ئاوی عێراق.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، خۆشه‌وی خه‌لیل، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: به‌ هۆی گرتنه‌وه‌ی ئاوی ڕووباری دیجله‌ له ‌لایه‌ن توركیاوه‌، مه‌ترسییێكی زۆر له‌سه‌ر ڕووبار و ده‌ریاچه‌كانی خوارووی عێراق دروست بوووه‌، جگه‌ له ‌هۆكاری كه‌می ڕێژه‌ی باران بارین، دروست كردنی ژماره‌یێک به‌نداویش له‌سه‌ر زێی دیجله‌ له ‌توركیا، هۆكاری سه‌ره‌كین.

وتیشی: " دروست كردنی ئه‌و به‌نداوانه‌ كه‌ له‌ مانگی 6ی ئه‌مساڵ كۆتاییان دێت، مه‌ترسییێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر سامانی ئاو له‌ عێراق دروست ده‌كات و زیانیش به‌ به‌رهه‌می كشتوكاڵی ده‌گه‌یێنێت".

به ‌وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری بۆ به‌رگرتن له‌و مه‌ترسییه‌، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ دانیشتنێكدا، وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاوی ڕاسپارد سه‌ردانی توركیا بكات بۆ گفتوگۆ كردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ ‌و رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێدانی به‌شی عێراق له‌ ئاوی ڕووباری دیجله‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11864

Your Comment

You are replying to: .
captcha