هەولێر داوا لە ئەمریکا دەکات بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم یارمەتیی حکوومەتی هەرێم بدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- قوباد تاڵەبانی لە دیداری هاریکاریی وەزیری بەرگریی ئەمریکا داوای لە ئەمریکا کرد پاڵپشتییێكی زیاتری ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بكات له‌ چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌دا به‌ شێوه‌یێكی مۆدێرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی هه‌ینی 23ی فێبریڤێریی 2018 به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بە وەکالەت به‌ ئاماده‌بوونی كه‌ریم شه‌نگالی وه‌زیری ناوخۆ و كاروباری پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌كاله‌ت، پێشوازیی له‌ به‌ڕێز رۆبێرت كارم هاریكاریی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا و شاندێكی سه‌ربازی و دیپلۆماسیی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا دانوستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ر دوو لا و پاڵپشتیی ئه‌مه‌ریكا بۆ ده‌ست پێكردنی دیالۆگێكی جددی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق به ‌تایبه‌تی ده‌رباره‌ی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و دابین كردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

شاندی ئه‌مه‌ریكی خۆشحاڵیی خۆیان به‌و گفتوگۆیانه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ به‌رده‌وامیی گفتوگۆكان نیشان دا. دووپاتیشان كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هاوكاری كردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ و له‌ ڕێكخستنه‌وە و مه‌شق و ڕاهێنان به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و تۆكمه‌كردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌ دۆستایه‌تییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و واشنتۆن، بەردەوام دەبن. به‌ پێویستیشیان زانی هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵی خۆی له‌ ئێستا و داهاتووی عێراقدا هه‌بێت و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانیشی چاره‌سه‌ر بكات.

لای خۆیه‌وه‌ قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوكارییه‌ به‌ره‌وامه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕووه‌كانی مرۆیی و سه‌ربازییه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و هیوای خواست پاڵپشتییێكی زیاتری ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌دا به‌ شێوه‌یێكی مۆدێرن بكات و هاوكاری و پشتگیرییه‌كانیان بۆ دیالۆگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وام بێت تاكوو به‌ زووترین كات چاره‌سه‌ر بۆ ته‌واوی كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و دابین كردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ فراوان كردنی گفتوگۆ و دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ربڕی و له‌م باره‌یه‌وه‌ هاوكاری و پشتگیرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای به‌پێویست زانی.

تاوتوێ كردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و قۆناغی دوای داعش، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11855

Your Comment

You are replying to: .
captcha