به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، موسه‌ننا ئه‌مین سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به SNNی ڕاگه‌یاند: "تا ئێستا زۆربه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر نه‌كراون، به‌تایبه‌ت ئه‌و كێشانه‌ی تایبه‌تن به بودجه، ئه‌مه گه‌وره‌ترین كێشه‌یه و هیچ ڕێكه‌وتنێكی ڕوون نییه له‌سه‌ری".
وتیشی:"جگه له بودجه و پرسی كه‌ركووک و ئه‌و ناوچانه‌ی ماده‌ی 140 كه كێشه‌كان وه‌ک خۆیان و بگره ئاڵۆزتریش بوون، پرسی نه‌وت و هه‌نارده كردنی و هه‌روه‌ها پرسی فڕۆكه‌خانه‌كان و گومرگه‌كانیشی هاتۆته‌سه‌ر".
زانیارییێكی گرنگیشی سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا ئاشكرا كرد و وتی: "تا ئێستا حكوومه‌تی عێراق سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌كان له لایه‌ن هێزێكی سوپای عێراقه‌وه بێت، بۆ ئه‌وه‌ش تا ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندی نیشان نه‌داوه".
وته‌بێژی حكوومه‌تی عێراقیش ئاشكرای كردوووه، هه‌ولێر و به‌غدا گه‌یشتۆنه‌ته كۆتایی هاتنی كێشه‌كانیان و له ئاینده‌یێكی نزیكدا هیچ كێشه‌یێک نامێنێت، به‌تایبه‌ت له‌دوای سێ دیداری ڕاسته‌وخۆی عه‌بادی و بارزانی له به‌غدا و داڤۆس و میونخ.
له‌و ڕووه‌شه‌وه موسه‌ننا ئه‌مین جه‌خت ده‌كاته‌وه: "من وای‌نابینم هه‌ر دوو لا گه‌یشتبنه چاره‌سه‌رێكی ڕاستی، به‌ڵكوو كۆی كێشه‌كان هه‌ڵپه‌سێراون وه‌ک خۆی، هیچ ڕێکكه‌وتنێكیش نییه شایه‌نی باس كردن بێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نها ئه‌وه‌یه شه‌ڕ له نێوان هه‌ر دوو لادا هه‌بوو له سه‌ره‌تای مانگی 10و 11ی ساڵی ڕابردوو، ته‌نها ئه‌وه نه‌ماوه".
ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه، "هه‌رێم هیچ چاره‌یێكی دیكه‌ی نییه جگه له دان پێدانان به ئه‌مری واقع و دۆزینه‌وه‌ی هه‌ق و مافه‌كانی له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق، هه‌ر وه‌ک ده‌بێت حكوومه‌تی هه‌رێم كێشه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌وه‌ش باشترین شته كه حكوومه‌تی هه‌رێم داهاته‌كانی ڕاده‌ستی حكوومه‌تی عێراق بكات و ئه‌ركه داراییه‌كانی بخاته ئه‌ستۆی به‌غدا".
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment