پارلەمانی هۆڵەندا کوشتاری ئەرمەنییەکانی وەکوو ژینۆساید قبووڵ کرد

بەشی تورکیا- پارلەمانی هۆڵەندا بە زۆرینەی دەنگ کوشتاری ئەرمەنییەکان لەلایەن تورکیای بە ژینۆساید ناسی و وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش وێڕای ئیدانە کردنی ئەو بڕیارە ڕای‌گەیاند هیچ بنەمایێکی یاساییی نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی ڕابردوو پارلەمانی هۆڵەندا ڕووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ کوشتاری ئەرمەنییەکان لە سەردەمی حکوومەتی عوسمانیی وەکوو ژینۆساید ناسی ئەوەش بە ١٤٢دەنگی ئەرێنی هەمبەر ٣ دەنگی نەرێنی.

حکوومەتی تورکیا هیچ کاتێک ئەو ئیدیعایەی قبووڵ نەکردووە و بەو جۆرە باس لە ڕووداوەکە دەکات کە گوایە ئەرمەنییەکان پشتیان بە ڕووسیا بەستووە و لە شەڕی نێوانیاندا هەردوو لایەن خەساریان بینیوە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کۆمەڵگای ئەرمەنییەکان لەو بڕوایەدان کوشتاری ساڵی ١٩١٥ پیلانێکی داڕێژراو بووە و تێیدا زیاتر لە یەک ملیۆن ئەرمەنی کوژراون.

حکوومەتی هۆڵەندا لەمبارەوە ڕای‌گەیاندووە بڕیارەکەی پارلەمان هیچ سنوورێکی بۆ دروست ناکات و تەنیا ئەو هەڵمەتانە بە ژینۆساید دەناسێت کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و بە حوکمی دادگای نێونەتەوەیی پشتڕاست کرابێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش بڕیارەکەی پارلەمانی هۆڵەندای ئیدانە کرد و ڕایگەیاند: ئەم بڕیارە هیچ بنەمایێکی یاساییی نییە و لە وڵاتێکدا دەردەچێت کە هەمبەر ژینۆساید و کۆمەڵکوژیی سێربرێنیتسا لە ناودڵی ئەورووپا بێدەنگە.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 11837

Your Comment

You are replying to: .
captcha