بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سێرگەی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە لێدوانێکدا وتی: بەشێک لە کوردەکانی سووریا ماوەیێک پێشتر خۆبەڕێوەبەرییان ڕاگەیاند. بەڵام ئەو کارە هیچ کاریگەرییێکی ئەرێنیی لەسەر چارەسەر بوونی قەیرانەکانی سووریا نەبووە. پشتیوانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی دژە داعشیش لە کورد و خۆبەڕێوەبەرییەکەی لەو ناوچانەدا دیسانەوە لەسەر چارەسەر بوونی قەیرانی سووریا کارتێکەریی ئەرێنیی نەبووە.
لە درێژەدا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا باس لەوە دەکات: دەبێ سەروەریی حکوومەتی مەرکەزیی سووریا ڕەچاو بکرێت و هاوکات ڕێگا بە دیالۆگ لەگەڵ هەموو گرووپەکان بە کوردیشەوە بدرێت. حکوومەت دەبێ لە هەموو وڵات بجووڵێتەوە و ئەمەش واتە گفتوگۆ لەگەڵ تێژڕای ئەتنیک و ئایینەکانی و بێگومان کوردیش هەر لەو ڕیزەدا دەبن.
سێرگەی لاڤرۆڤ دیسانەوە بانگهێشتی هەموو هێزەکانی ناو سووریای کردەوە لەگەڵ دیمەشقدا دەست بە دانوستاندن بکەن و وتیشی: دەبێ هەموو هێزە بیانییەکانی ئامادەی سووریا ڕێز لە سەروەریی خاکی سووریا بگرن کە بارەها لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە جەختی لەسەر کراوەتەوە و دیالۆگ لەگەڵ حکوومەتی سووریا دەست پێبکەن. قەیران تەنیا لە ڕێگای گفتوگۆ و دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێت.
سەرچاوە: سپووتنیک
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment