عەلی باپیر: ئه‌و که‌سه‌ى بڕیاربه‌ده‌ستى یه‌که‌مه‌ له ‌هه‌رێم بچێته‌ به‌غدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان داوا ده‌کات، ئه‌و که‌سه‌ى بڕیاربه‌ده‌ستى یه‌که‌مه‌ له ‌هه‌رێمی کوردستان بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى کێشه‌کان بچێته‌ به‌غدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌کۆنگره‌یێکى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ شارى هه‌ولێر، عه‌لى باپیر سه‌رۆکى کۆمه‌ڵى دادگه‌ریی کوردستان ئاماژه‌ به‌گۆڕینى ناوى حزبه‌که‌ى کرد و وتى: "له‌ئیسلامدا ناونیشان جێگه‌ى سه‌رنج ‌و عیبره‌ت نییه‌، به‌ڵکوو ناوه‌ڕۆک گرنگه‌، به‌و پاشگری ئیسلامیه‌ى لامان بردووه ‌و دادپه‌روه‌ریمان جێکردۆته‌وه‌ قسه‌ى خوامان جێبه‌جێ کردوه‌".

ناوبراو ئه‌وه‌شى ڕوون کرده‌وه‌، "به‌وه‌ى کردمان ده‌مانه‌وێت ترسى خه‌ڵکى بڕه‌وێنینه‌وه‌، چوونکه‌ ناونیشانى ئیسلامى لاى هه‌ندێک وا تێگه‌یشتوون واته‌ توندڕه‌وى، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ندێک لایه‌نى ئیسلامى له ‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم هه‌ندێک کاریان کردووه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما و شه‌ریعه‌تى ئیسلامیدا ناگونجێ ‌و پرسیارى لاى خه‌ڵک دروست کردووه‌".

له‌باره‌ى ناوى حزبه‌که‌شى وتى: "ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێ دادپه‌روه‌رى بچه‌سپێ بابێن ‌و ده‌ستگیرۆییمان بکه‌ن، ئه‌وانه‌ى نوێژمان له‌گه‌ڵ ناکه‌ن به ‌جه‌ماعه‌ت، بابێن‌ و پێکه‌وه‌ دژى سته‌مکارى‌ و گه‌نده‌ڵى کار بکه‌ین ‌و دژى قۆرخکارى پێکه‌وه‌ کاربکه‌ین ‌و دادپه‌روه‌رى بچه‌سپێنین".

سه‌باره‌ت به ‌سزادراوانى بادینان عه‌لى باپیر وتى: "سه‌پاندنى سزاى شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر هه‌رکه‌سێکدا ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌رانه‌ بێت ‌و ئه‌وکه‌سه‌ى تۆمه‌تبار کراوه‌ تاوانه‌که‌ى به‌سه‌ردا ساغ بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ بێگومان که‌س گله‌یی نییه‌، به‌ڵام به‌پێى زانیاری من چه‌ندین ئه‌ندامى ئێمه‌ به‌ناحه‌ق گیراون ‌و دواتر ئازادکراون ‌و زۆربه‌ى دادگایی کردنه‌کان قسه‌یان له‌سه‌ره‌".

له‌باره‌ى پرسیارێکى دیکه‌ى ئاخۆ بۆچى هه‌ولێر و به‌غدا ناگه‌نه‌ ئه‌نجام، سه‌رۆکى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى ته‌ئکیدی کرده‌وه‌، که‌سى یه‌که‌م نانێرن‌ و ناچێته‌ به‌غدا هۆکارى سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌.

نمونه‌ى ئه‌وه‌شى هێنایه‌وه‌، "کاتێک من له ‌په‌رله‌مانى عێراق بووم، چه‌ندین جار له‌وێیوه‌ په‌یوه‌ندیم به‌مام جه‌لال ‌و کاک مه‌سعوود و کاک نه‌وشیروانه‌وه‌ ده‌کرد و پێمڕاده‌گه‌یاندن نوێنه‌ره‌کانتان ناتوانن ئه‌و پرسه‌ یه‌کلا بکه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ گفتوگۆ کێ بڕیارى به‌ده‌سته‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ بچێت بۆ گفتوگۆکان نه‌ک ئه‌وکه‌سه‌ى ده‌چێته‌ به‌غدا و هه‌موو جارێ ته‌له‌فۆن بکاته‌وه‌ بۆ که‌سى یه‌که‌مى بڕیار به‌ده‌ست ئاخۆ چى بکات‌ و چى نه‌کات".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1176

Your Comment

You are replying to: .
captcha