بەپێی هەواڵی کوردپرێس هێڤی مستەفا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی عەفرین لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ حکوومەتی سووریا لە دانوستاندندان و هێشتا بە ڕێکەوتنێک نەگەیشتوون، بۆ هاتنی هێزەکانی حکوومەت بۆ عەفرین.
ناوبراو وتیشی لە ڕۆژی یەکەمی هێرشەکانی تورکیا، وتوویانە عەفرین پارچەیێکی سووریایە، بەرنامەیان بۆ دابەش کردنی سووریا نیـیە.
هێڤی مستەفا ڕاشیگەیاند، پاراستنی سنوورەکانی سووریا ئەرکی حکوومەتی ناوەندیـیە، ئیدارەی عەفرین نابێتە کۆسپ لەبەردەم هێزەکانی سووریا، ئەگەر بێتو هەوڵی پاراستنی سنوورەکان بدەن.
پێشتر و لە سەرەتای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، ئیدارەی کانتۆنی عەفرین بە شێوەیێکی فەرمی داوای لە حکوومەت کرد سنوورەکانی بپارێزێت، بەڵام تائێستا سووریا هەنگاوێکی لەو شێوەیەی نەناوە.
بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان، ڕووسیا و سووریا مەرجی ئەوەیان هەیە، کورد لە عەفرین چەک دابنێت، ئەوکات هێزەکانیان دەبەنە عەفرین.
Your Comment