کوردپرێس: لە دیمانەیێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنیی فرانس24، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چەندین گرووپ بەرپرسیاریەتی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرشەکەی هەولێر ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەوان هەرگیز لەسەر بنەمای ئەو ڕاگەیاندراوانە بڕیار نادەن، بەڵکوو لێکۆڵینەوەکان دەیسەلمێنن کێ ئەنجامدەری هێرشەکەیە و لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێن.
ناوبراو وتیشی پشتیوانی لە هەر هەولێک دەکەین کە ئامانجی ڕێگری کردن بێت لە تێکدانی سەقامگیریی عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان. هیواخوازیش بوو کە حکوومەتی عێراق بتوانێت یاسا بەسەر هەمووان جێبەجێ بکات، ئەوەش لە وەڵامی پرسیارێکدا بوو لە بارەی میلیشا و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە بەردەوامی هەڕەشەی داعش کرد لە ناوچەکە، دووپاتی کردەوە کە داعش خۆی ڕێکخستووەتەوە بە سوود وەرگرتن لەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە دابڕێندراوەکان دروست بووە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق.
مەسروور بارزانی ڕاشیگەیاند کە چەندین پێشنیاریان داوەتە حکوومەتی فیدراڵی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، لەوانەش بڵاوەپێکردنی هێزێکی هاوبەشی شەرعی و یاسایی لە ناوچەکە. لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا کە داعش توانیویەتی چەکداری زیاتر بهێنێتە ڕیزەکانی، چەند هێرشێکیشی لە دژی سوپای عێراق و خەلکی سڤیل ئەنجام داوە.
بارزانی ڕاشیگەیاند کە داعش هێشتا کێشەیێکی سەرەکییە، داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد چاودێری وردی بارودۆخەکە بکەن لەبارەی کردەوەکانی داعش.
سەرۆکی حکوومەت ڕوونی کردەوە کە کێشەی پەکەکە کێشەیێکی ناوخۆیی تورکیایە و چەندین ساڵە هەیە و کێشەکە هێنراوەتە ناوچەکەی ئێمە. پێمانوایە هیچکات شەڕ ئەم کێشەیە چارەسەر ناکات. بەداخەوە پەکەکە سوودی لە نیازپاکیی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و بیانووی داوەتە دەست تورکیا بۆ ئەوەی بۆردوومانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم زیاتر وتی: پەکەکە چەندین گوند و ناوچەی چیای هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە و بەهۆی پەکەکەوە نەماتوانیوە 800 گوندمان ئاوەدان بکەینەوە. هیوادارین دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت و پەکەکە تێبگات بوونی ئەوان لەو ناوچەیە خزمەتی هیچ لایێک ناکات.
بارزانی جەختی کردەوە: بەدڵنیاییەوە پاڵپشتی لە ناسەقامگیری هیچ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێشمان ناکەین و هیوادارین چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزریتەوە و ئەو کێشەیە لەکۆڵ ناوچەکەمان بێتەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانەکەی پاپای فاتیکانی بۆ هەرێمی کوردستان بە مێژووی لە قەڵەم داو گوتی، ئەو سەردانە تەنیا ڕێزگرتن نییە لە کریستییانەکان، بەڵکوو بە ڕێزگرتن و ستایش کردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستانی دەزانین.
مەسروور بارزانی هیواخواز بوو کە سەردانی قەداسەتی پاپا فرەنسیس، ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتربوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی کوردستان میوانداری کراون.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment