به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، وڵاتی که‌نادا سێ مانگ پێش ئێستا ڕایگه‌یاند یارمه‌تیی سه‌ربازی بۆ هه‌رێمی کوردستانی ههڵپهساردوووه و وته‌بێژێکی وه‌زاره‌تی به‌رگریی که‌ناداش له‌مباره‌وه به ماڵپه‌ڕی وایسی وتوووه: جارێک که‌نادا هیچ به‌رنامه‌یێکی بۆ درێژه‌دان به یارمه‌تیی هه‌رێمی کوردستان نییه.
وادیاره ئه‌و بڕه یارمه‌تییه‌ش که ده‌گوترا ١٠ ملیۆن دۆلاره و بریتییه له چه‌ک و جیهازاتی سه‌ربازی قه‌ت نه‌گاته هه‌رێمی کوردستان. که‌نادا نزیک به ٢ ساڵ پێشتر به‌ڵێنێکی وه‌های به کورده‌کان دا و نیاز بارزانی جێگری نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له ئه‌مریکا له‌مباره‌وه به ماڵپه‌ڕی وایس ده‌ڵێت حکوومه‌تی هه‌رێم ئاگای له ناردنی ئه‌و یارمه‌تییه نییه.
له لایێکی دیکه‌شه‌وه ئه‌م حه‌فته‌یه وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆ به ئاماده بوونی وه‌زیری به‌رگریی کهناداشهوه له برووکسێل کۆ بوونه‌وه و له‌وێدا باس له به‌رده‌وام بوونی یارمه‌تیی سه‌ربازی بۆ عێراق کرا به‌ڵام باسێک له هه‌رێمی کوردستان له ئارادا نه‌بوو.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی که‌نادا به وایس ده‌ڵێت: هۆکاری دابه‌زینی یارمه‌تییه سه‌ربازییه‌کانی که‌نادا بۆ هه‌رێمی کوردستان نه‌مانی داعشه.
ناوبراو ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کات هۆکارێکی دیکه‌شی ئه‌وه‌یه که‌نادا وای بۆ ده‌چێت یارمه‌تییه‌کانی بۆ هه‌رێم کاریگه‌رییان بووبێت له‌سه‌ر ناکۆکییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا سه‌باره‌ت به پرسی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment