کوردپرێس: نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازىی لە ماتیو توولەر، باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنى و سیاسییەکانى عێراق و هێرشەکانى سەر هەولێر، دواتر بەلەد و بەغدا تاوتوێ کران و جەخت لە گرنگی و پێویستیى هەماهەنگیى نێوان لایەنه پەیوەندیدارەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بەردەوامیى هاریکارى و پشتگیریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى کرایەوە.
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، باڵیۆزى ئەمریکا پابەندیى وڵاتەکەى بە بەردەوامیى دیالۆگى ستراتیژیى ئەمەریکى ـ عێراقى دووپات کردووەتەوە و نێچیرڤان بارزانییش دیالۆگى ستراتیژیی وەکو چوارچێوەیەکى گرنگ بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان لە قەڵەم دا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، خوازیارى پەیوەندییەکى تەندروست و کاران لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵیى عێراق و ئامادەن کێشەکان لەسەر بنەماى دەستوور چارەسەر بکەن.
دۆخى هەرێمى کوردستان و گرنگیى یەکڕیزیى لایەنەکان، دوایین پێشهاتەکانى بڵاو بوونەى ڤایرسى کۆرۆنا و هەوڵەکان بۆ دابین کردنى ڤاکسین، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق و هاریکاریى نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەوبارەیەوە، رێککەوتنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵ بۆ ئاسایی کردنەوەى دۆخى شەنگال، دۆخى دەشتى نەینەوا و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، لە کۆبوونەوەکەدا خرانەونەتە بەر باس.
Your Comment