عەفرین دەبێتە ڤیێتنامی تورکیا

بەشی تورکیا- سیاسەتوانی کۆنەکاری کورد دەڵێت ڕەنگە تورکیا بتوانێت بە هێزی سەربازی عەفرین داگیر بکات بەڵام بەرخۆدانی عەفرین دەبێتە هۆکاری ئەوەی بۆ تورکیا کۆنترۆڵ نەکرێت و ئەمەش ڕووخانی حکوومەتی تورکیای لێبێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەنگیر میر مەهمەت فورات سیاسەتوانی دیاری کورد و نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان لە گفتوگۆ لەگەڵ بنکەی هەواڵدەریی ئەحوال باس لەوە دەکات عەفرین دەتوانێت ببێتە ڤیێتنامی تورکیا.

فورات دەڵێت: حکوومەتی تورکیا ڕەنگە بتوانێت عەفرین داگیر بکات بەڵام دەبێتە ئەو شتەی بۆ ئەمریکا لە ڤیێتنامی باشوور پێش هات. بەرخۆدانی عەفرین بەردەوام دەبێت و هەر ئەمەش شکستی تورکیا و لەدەست چوونی کۆنترۆڵی دۆخەکە بۆ ئەو وڵاتەی بەدواوە دێت و ئەگەری ئەوەش هەیە ببێتە هۆکاری ڕووخانی حکوومەتی تورکیا.

فورات یەکێک بوو لە هاوپەیمانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک‌کۆمار و هەروەها یەکێکە لە دانەرانی پارتی داد و گەشە. یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن حیزبی ئیسلام خوازی سەلەفی پارتی داد و گەشە ڕێی بردە پارلەمان و پاشان لە ساڵی ٢٠٠٢ بوو بە نوێنەری پارتی داد و گەشە. لە ساڵی ٢٠٠٢ تاوەکوو ٢٠٠٨یش جێگری ئەو پارتە بوو. فورات باس لەوە دەکات دەسەڵات خوازیی ئەردۆغان بۆتە هۆکاری ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ لە پارتەکەی جیا ببێتەوە و لە ساڵی ٢٠١٥دا وەکوو نوێنەری هەدەپە دیسانەوە ڕێی پارلەمانی گرتە بەر.

ئەم سیاسەتوانە کوردە سەبارەت بە هۆی کشانەوەی لە جێگرایەتیی پارتی داد و گەشە دەڵێت: ئەردۆغان بە منی گوت کوردەکان نە وڵاتیان هەیە و نە زمان، هەر ئەو ڕۆژە پێم وت کوردەکان تۆیان گەیاندە ئێرە بەڵام هاوکاریی من و تۆ چیدی کۆتاییی پێهات. ئەم وڵاتە ٢٠ ملیۆن کوردی تێدایە و دەبێ بە زمانی کوردی قسە بکەن.

زیاتر وتیشی: ئەو پارتەی من دامنا چیدی وەک خۆی نەمابوو. ئەم پارتەی ئێستا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە هەموو فاکتەرەکانی دادخوازی و ئازادی خوازیی لەدەست داوە. ئێستا ئەم حیزبە هۆگری حکوومەتی دیکتاتۆرییە و ڕۆژ بۆ ڕۆژ دیکتاتۆرییەکەش بەرەو دۆخێکی سامناکتر دەبات. چاو لە بەرنامەکانی مەکەن. دەڵێن حیزبێکی لیبراڵ دیموکراتن بەڵام ئەو ئیدعایە لەگەڵ کردەوەکانی بەرانبەر بکەن. ڕێبەرەکەی چیدی وەکوو پارتێکی دیموکرات پێناسەی ناکات و کەوتۆتە شوێنی بایەخگەلێکی زاڵمانە و خراپکارانە و توندوتیژ.

پارتی داد و گەشە لە یەکەم ساڵەکانی دەسەڵاتیدا پشتی بە بایەخە ئیسلامییەکان بەست و کوردە موحافەزەکارەکانی ڕاکێشا و تەنانەت لەگەڵ پەکەکەش بە نهێنی دانیشت و لە ساڵی ٢٠١٣ گەیشتە ئاگربەس. بەڵام پاش وەی لە هەڵبژاردنەکانی جوونی ساڵی ٢٠١٥ زۆرینەی کورسییەکانی پارلەمانیان لەدەست نەما ڕکابەرییەکە دیسانەوە دەستی پێکرد و ئەم ججارەیان پارتی داد و گەشە دەستەوداوێنی نیگەرانییە ئەمنییەکان بوویەوە و توانیی لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی مانگی نۆڤێمبێردا زۆرینەی پارلەمان وەدەست بهێنێتەوە.

فورات لەو بڕوایەدایە بە ئاوڕ دانەوە لەوەی هەڵبژاردنی ناوچەیی، پارلەمانی و سەرۆکایەتیی کۆمار لەبەر دەمدایە و ئەردۆغان لە گشت‌پرسییەکەی خۆیدا دەنگێکی لاوازی وەدەست هێنا لەگەڵ پارتێکی ڕاستی توندڕەو یەکانگیر بوە و دەیهەوێت بە هێرشی سەربازی بۆ سەر کانتۆنی کوردنشتنی عەفرین نیگەرانیی ئەمنی و هەستی نەتەوایەتی بکاتە ئامێرێک بۆ بزواندنی دەنگدەرەکانی.

دەشڵێت: دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا هەر بە مەبەستی ئامادە کردنی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنەکان ئەنجام دراوە. ئەم شەڕە دەنگی پارتی داد و گەشە لە هەڵبژاردنەکاندا بەرز دەکاتەوە. حکوومەتی تورکیا عەفرین بە بەشێکی لاواز و پەراوێزخراوی سووریا دادەنێت کە بە ئاسانی داگیر دەکرێت بەڵام ئەو کارە هێندە ئاسانیش نییە.

فورات وا بیر دەکاتەوە عەفرین و دیکەی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا لەمێژە بوونەتە بەستێنی ناسیۆناڵیزمی کوردی و میوانداری هەزاران کوردی هەڵاتووی تورکیان کە لە ساڵەکانی ١٩٢٠ەوە ڕوویان لە سووریا کردوە و دەریشی‌دبڕێت: کوردەکانی عەفرین هەر لەمێژەوە بوونەتە سیاسی و زیاتر لە هەموو کوردێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوێستی نەتەوەخوازانەیان هەیە. لە ئێستادا عەفرین بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە سەرچاوەیێکە بۆ هەستی کوردایەتی.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 11378

Your Comment

You are replying to: .
captcha