سه‌رجه‌م هێزه‌کانی YPG و YPJ به‌رگری له‌ عه‌فرین ده‌که‌ن/ بێده‌نگیی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانان قبووڵ ناكرێت

به‌شی سووریا- وته‌بێژی YPJ ڕه‌خنه‌ له‌ بێده‌نگیی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌گرێت و هۆشداری ده‌دات که‌ هێزه‌کانی YPG و YPJ له‌ ناوچه‌ جۆراوجۆره‌کانی سووریا بۆ به‌رگری له‌ عه‌فرین جووڵه‌ ده‌که‌ن و ئه‌و بابه‌ته‌ کاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی داعش له‌ ده‌یره‌زووردا ده‌نێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نه‌سرین عه‌بدوڵڵا وته‌بێژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژنان (یه‌په‌ژه‌) ڕای‌گه‌یاند: کورد له‌ هه‌ر کوێی سووریا که‌ بێت هه‌موو هێز و توانای بۆ به‌رگری له‌ کانتۆنی کوردنشینی عه‌فرین ده‌خاته‌ گه‌ڕ به‌و بۆنه‌وه‌ له‌باره‌ی کاریگه‌ریی هێرشی سه‌ربازیی تورکیا و گرووپه‌ چه‌کداره‌ توندئاژۆکانی سووریا بۆ سه‌ر عه‌فرین له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش هۆشداری دا.

نه‌سرین عه‌بدوڵڵا که‌ بۆ به‌شداری له‌ هه‌ندێک دیدار له‌ ژێنێڤدایه‌ له‌و باره‌وه‌ جه‌ختی کرده‌وه‌: "هه‌موان بزانن که‌ ئێمه‌ وه‌کوو YPJ، YPG و سوپای دیموکراتیکی سووریا بۆ به‌رگری له‌ خه‌ڵکه‌که‌مان ئاماده‌ین. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ هێرش کراوه‌ته‌ سه‌ر عه‌فرین هه‌مو هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆمان بۆ به‌رگری له‌ عه‌فرین ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ و به‌ دڵنیایییه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر شه‌ڕی داعش له‌ ده‌یره‌زووردا ده‌نێت."

نه‌سرین عه‌بدوڵڵا وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناتۆ به‌ پشتیوانی له‌ تورکیا تۆمه‌تبار ده‌کات و ده‌ڵێت: " به‌ دڵنیایییه‌وه‌ بێده‌نگیی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناتۆ به‌ واتای قبووڵ كردنه‌. له‌وانه‌یه‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له ‌پێشدا به‌ڵێنی پاراستنی عه‌فرینیان نه‌دابێ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر عه‌فرین ئه‌ندامێكی ناتۆیه‌ هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین ئه‌وه‌ی كه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر عه‌فرین ته‌نیا توركیا نییه‌ به‌ڵكوو ناتۆیه."

ناوبراو زیادیشی کرد: "ڕاسته‌ بۆ شه‌ڕ دژی تیرۆر هاوكاری له ‌نێوان ئێمه‌ و ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه‌ به‌ڵام چاوپۆشی له‌ بێده‌نگیی ئه‌وان له‌سه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ناكرێت. ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌ سووریا شه‌ڕی تیرۆر ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وێت بۆ كێشه‌كانی سووریا چاره‌سه‌رێک بدۆزینه‌وه‌ كه‌واته‌ پێویسته‌ پێداویستییه‌كانیش جێبه‌جێ بكه‌ن".

نه‌سرین عه‌بدوڵڵا ڕاشی‌ده‌گه‌یێنێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر هێرشه‌كانی توركیا چاوی خۆیان بگرن سبه‌ی له‌سه‌ر هێرشی داعشیش بێده‌نگ ده‌بن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هێرشی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌سه‌ر عه‌فرین له‌ هه‌مان كاتدا هێرشی ئه‌لقاعیده ‌و داعش و نووسره‌ و ئه‌حرارو‌لشامیشه. ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانان له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین بێده‌نگ بن به‌و مانایه‌یه‌ که‌ بنه‌مای خۆیانیان له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تیرۆریزم ناوه‌ته‌ ژێر پێ."

شایانی باسه‌؛ شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان له‌ كانتۆنی عه‌فرین پێی ناوه‌ته‌ ڕۆژی 18‌مه‌وه‌، شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) به‌رگریی سه‌خت له‌ به‌رامبه‌ر له‌شكركێشییه‌كانی سوپای توركیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی نزیک له‌ توركیا ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌: فورات نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11361

Your Comment

You are replying to: .
captcha