ڕۆمانی "باخی باڵندە مەستەكان" چاپ دەكرێ‌

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- ڕۆمانی "باخی باڵندە مەستەكان" لە لایەن شاعیر و چیرۆكنووس هێمن بەرزنجی نووسراوە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هێمن بەرزنجی، شاعیر و چیرۆكنووس، یەكەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی "باخی باڵندە مەستەكان" چاپ و بڵاو كردەوە كە ماوەی پێنج ساڵ كاری لە سەر كردوووە.

هێمن بەرزنجی بە ئەدەب و كولتووری رووداوی ڕاگەیاند: "ئەم بەرهەمە وەک گێڕانەوەی چیرۆكی درێژ و لە فۆڕمی ڕۆماندا، یەكەمین ئەزموونی منە كە ماوەی پێنج ساڵ بە بەردەوام كارم تێدا كردوووە".

گوتیشی: "ئەگەرچی لەتەک ئەم ڕۆمانەدا دوو كۆمەڵە چیرۆک و كۆمەڵە شیعرێكم بەچاپ گەیاند، بەڵام بەردەوام كەرەستەم بۆ كۆ دەكردەوە".

هێمن بەرزنجی دەڵێت: "بۆ من نووسینی ڕۆمانەكە ئەوەندە قورس نەبوو، هێندەی تەكنیكەكەی بەلامەوە گرنگ بوو كە دەبوو تەكنیكێكی جیاواز هەڵبژێرم، چونكە بە بڕوای من گرنگیی ڕۆمان لە تەكنیكەكەیدایە".

بەرزنجی دەڵێت: بیرۆكەی ئەم ڕۆمانە بۆ سەرەتای ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە كە سەرەتا چیرۆكێكی كورت بوو، ئەویش لە كاتی گەڕانەوەی لە شاری تارانەوە و بە هۆی كەسێكەوە كە هاوسەفەری بوووە لە پاسێكدا و بۆ برایێكی ونبووی گەڕاوە، لەوێوە ئەم بیرۆكەیە پەلی كێشا بۆ چیرۆكی ڕۆمانێک.

ڕۆمانەكە جگە لەو هێڵە درامییەی كە گەڕانی هاوڕێیێكە بەدوای هاوڕێیەكدا بە ناوی (موراد) و بیست ساڵە ون بوووە تا سەرئەنجام لە باخی باڵندە مەستەكاندا دەیدۆزێتەوە، هاوكات چەندین كورتیلە چیرۆكی بە شێوەی دەقئاوێزانی تێدایە كە سەرجەمیان كراوەن و دابەشبوون بە سەر 21 بەشدا، خوێنەری زیرەک پێكەوە كۆیان دەكاتەوە و دەیانخاتەوە ناو فۆڕمی هێڵە درامییەكە.

هێمن بەرزنجی، ساڵی 1980 لە سلیمانی لەدایکبوووە، وەک چیرۆكنووس و شاعیرێک چەندین بەرهەمی چاپ و بڵاو كردۆنەتەوە، لەوانە: (رازەكانی غوربەت- شیعر)، (كوڕی مەریەمێكی تر- كۆمەڵە چیرۆک)، (خۆشەویستی- كۆمەڵە شیعر)، (جەستەفرۆشێكی دڵشكاو- كۆمەڵە چیرۆک)، (پەنای بەر با- كۆمەڵە چیرۆک)، (ئەلبوومێک لە خەیاڵ- كۆمەڵە شیعر) و چەندین بەرهەمی دیكە.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11352

Your Comment

You are replying to: .
captcha