ئێران دژ بە ئامادە بوونی هێزی دەرەکی لە سووریا بەبێ مۆڵەتی ئەو وڵاتەیە

بەشی ئێران- هەردوو سەرۆک‌کۆماری ئێران و ڕووسیا هەوڵ بۆ جێگیر بوونی ئارامی لە ناوچەکە و بەتایبەت لە سووریا به پێویست دەزانن و جەخت دەکەنەوە: تەنیا گەلی سووریان کە دەبێ بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتور حەسەن ڕۆحانی سەرۆک‌کۆماری ئێران ڕۆژی سێشەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤیلادیمیر پووتین سەرۆک‌کۆماری فیدراسیۆنی ڕووسیا گفتوگۆی کرد و تێیدا وێڕای ئاماژە بەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە ئامادە بوونی هەموو هێزێکی بیانی لە سووریا بەبێ هەماهەنگی و مۆڵەتی حکوومەتی ئەو وڵاتەیە زیاتر وتیشی: بەردەوام بوونی تەنگژە لە سووریا لە بەرژەوەندیی هیچکەسدا نییە و هیوادارین هەموو وڵاتانی ناوچەکە ڕێز لە سەروەریی خاکی سووریا بگرن.

هەروەها ئاماژەی بە هاوکارییەکانی سێ قۆڵیی تاران، ئەنقەرە و مۆسکۆ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقام بە سووریا کرد و جەختی لەوە کردەوە بەردەوام بوونی ئەو هاوکارییە پێویستە.

دکتور ڕۆحانی پێوەندییەکانی تاران و مۆسکۆی ڕوو لە گەشە وەسف کرد و باسی لە جێبەجێ کردنی خێرای ڕێککەوتنەکان کرد و دەری‌بڕی: جێبەجێ کردنی خێرای ڕێککەوتنەکان و ئاسان کردنەوە و بڵاوە پێکردنی هاوکاریی بانکی دەبێتە هۆی بازدانێکی گرینگ لە پێوەندییەکانی دوولایەن.

پاشان باسی لە بەرجامیش کرد و ڕای‌گەیاند: تا ئەو ساتەی لایەنەکەی دیکە پابەندی بەرجام بێت ئێرانیش پابەندی دەبێت و بەڵێنەکانی دەباتە سەر. بەڵام لەم ڕێبازەدا پێویستە لە هەوڵی خراپکارانەی هەندێک لە وڵاتان ڕێگری بکرێت.

دکتور ڕۆحانی ئاماژەی بە دۆخی ئەسەفباری خەڵکی یەمەن و بەردەوام بوونی بوردومانی ئەو خەڵکە و بڵاو بوونەوەی نەخۆشیی کرد و لەسەر هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیانی یەمەن جەختی کردەوە و وتی تۆمەتبار کردنی ئێران بە ناردنی مووشەک بۆ ئەو وڵاتە فشە و پاگەندەی بێبنەمایە و تەنیا هەوڵێکی دەوڵەتی ترامپە بۆ لاواز کردنەوەی بەرجام.

سەرۆک‌کۆماری ڕووسیاش لەم وتووێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە مۆسکۆ پێداگرە لەسەر ئەوەی پێوەندییەکانی نێوان دوو لایەن چڕ بکرێتەوە و وتی: کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ڕووسیا بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا بە تەواوی کەوتوونەتە تەقالا و ئەمەش بە خێراییێکی باشەوە بەردەوام دەبێت و دانیشتنی ئایندەی ئابووریی نێوان دوو وڵات لە مۆسکۆ دەتوانێ هەنگاوێکی گرینگ بێت بۆ گەش کردنەوەی هاوکارییەکان.

ڤیلادیمیر پووتین هەروەها ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و ٥+١ی بە زۆر گرینگ وەسف کرد و جەختی کردەوە: ڕووسیا بڕوای وایە هەموو هەوڵێک بۆ لاواز کردنی ئەو ڕێککەوتنە وەدیهێنانی مەترسییە بۆ ناوچەکە و ئەمەمان بە ڕوونی لەگەڵ هاوتاکانمان باس کردووە.

پاشان باسی لە مژاری سووریا کرد و دەری‌بڕی: ڕووسیاش وەکوو ئێران بڕوای وایە کە تەنیا گەلی سووریا دەبێ بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن و مۆسکۆ دژ بە هەموو بڕیارێکی دەرەکی بۆ سووریا و خەڵکەکەیە و لەسەر ئەو هەڵوێستەش پێداگری دەکات.

سەرکۆماری فیدراسیۆنی ڕووسیا سەرکەوتنەکانی دانیشتنی سووچیی بە دەستکەوتی هاوبەشی ئێران، ڕووسیا و تورکیا زانی و وتیشی: هەوڵی هەندێک وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە بۆ تەیار کردنی تیرۆریستان و دابەش کردنی سووریا جێگای نیگەرانییە و بڕوامان وایە ئامادە بوونی هەر جۆرە هێزێکی سەربازی لەناو خاکی وڵاتێکی دیکە دەبێ بە مۆڵەتی ئەو وڵاتە بێت یان خۆ مۆڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەگەڵ بێت و بەدەر لەمە دەستێوەردانی ئاشکرایە لە کاروباری وڵاتێکی سەربەخۆ.

پووتین هەروەها دۆخی گەلی یەمەنی نالەبار و جێگای نیگەرانی وەسف کرد و لەسەر هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی ئاشتیخوازانە و گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ ئەو وڵاتە جەختی کردەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60105

News Code 11340

Your Comment

You are replying to: .
captcha