بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چوارەمین خولی ڕکابەریی نژیارڤانیی کێشەوبەرەی ڕیتێرنا ٢٠١٨ بۆ چێکردنی خانووی گچکە لەلایەن کۆمپانیای RYTERNAوە و بە بەشدار بوونی ١٤٧٢ نژیارڤان بەڕێوەچوو.
٥٧٥ نژیارڤان وەکوو تاک و ئەوانی دیکەش بە شێوەی گرووپ بەشدریی ئەم ڕکابەرییەیان کردووە.
عەبدولڕەحمان کەدخوداساڵحی لە بۆکان بە گەڵاڵەی "Wave house" لە ڕکابەرییەکدا ئامادە بووە و توانیویەتی پلەی یەکەم مسۆگەر بکات.
ئەندازیار ساڵحی دەرچووی ماستەری نژیارڤانی لە زانستگای ئازادی مەهابادە و لەمبارەوە لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێس دەڵێت: گەڵاڵەکەی من دەتوانێت بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێداوەکان زۆر بەکەڵک بێت چوونکە تەنیا بە وزەی کارەبا بۆ ئەوە دەبێت بنەماڵەیێکی دوو کەسی تا دوو حەفتە تێیدا بژین و دیکەی پێداویستییەکانی ژیانیان هەر لە ماڵەکەدا دابین کراوە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: هاندەری من بۆ دیزاینی ئەم خانووە ٢٥ مەترییە بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای وڵات و ناخۆشییەکانی بۆ هاوزمانەکانم بووە.
لەم خانووەدا هەوڵ دراوە ئەوەی سرووشت دەیخاتە بەردەست مرۆڤ زۆرترین کەڵکی لێوەربگیرێت و پاش بەکارهێنان تا ڕادەیێک کە دەکرێت بگەڕێتەوە ناو خولێکی گەڕۆک و پێداویستییەکانی مرۆڤ دابین بکات.
هەروەها شێوەی ماڵەەکەش هەر لە هێڵ و هەناوی سرووشتەوە سەرچاوە دەگرێت.
چوارەمین خولی ڕکابەریی ڕیتێرنا بۆ چێکردنی خانووی گچکە بە ئامانجی دیزاینی ماڵێکی ٢٥ مەتری بۆ ژیانی دوو کەس بەڕێوەچوو. یەکێک لە مەرجەکانی ئەم خانووە ئەوەیە بەبێ هیچ سەرچاوەیێکی دەرەوەی ماڵەکە بێجگە لە کارەبا، دەبێ ئیمکاناتی ژیانی ئەو دوو کەسە تا دوو حەفتە دابین کرابێت.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment