هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین: فڕۆكەكانی توركیا بەردەوامن لە بۆردومان كردن

به‌شی سووریا- هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین ڕای‌دەگەیێنێت، هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ سەر سنوورەكانی كانتۆنی عەفرین بەردەوامە، بەڵام "هێرشەكان لە سەر خەڵكی سڤیل ڕاوەستاون".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هێڤی مستەفا، هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین بە خەندان-ی ڕاگەیاند: "هیچ هەماهەنگییێک نەكراوە لە سەر ڕاوەستانی هێرشی ئاسمانی و ڕاگرتنی داگیركارییەكانی توركیا لە كانتۆنی عەفرین، فڕۆكەكانی توركیا بەردەوامن لە بۆردومانی سەر سنووری عەفرین و شەڕ و پێكدادانی قورس بەڕێوە دەچێت".

هێڤی مستەفا لە بارەی وەستانی هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای توركیا لە سەر كانتۆنی عەفرین لە سەر داوای ڕووسیا وتی: "ڕووسیا ئەگەر ئینسانیەت بناسێت پێویستە هەڵوێستی هەبێت لە سەر ئەو هێرشانەی سەر عەفرین، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێز لە خەبات و قوربانی كورد بگرێت".

لە بارەی چوونی هێز بۆ كانتۆنی عەفرین هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین ئاماژەی بەوە كرد "لە زۆرێک لە ناوچە و كانتۆنەكانی كۆبانێ و باشووری سوریا خەڵکێكی زۆر هاتوون بۆ پشتیوانی لە عەفرین و لە شەنگال، چەند كەسێكیش لە باشووری كوردستان چوونەتە كانتۆنەكە".

17 رۆژە لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەكانی نزیک لە توركیا بۆ سەر عەفرین بەردەوامە و شەڕڤانان بەرگری سەخت لە كانتۆنەكە دەكەن.

بە هۆی بۆردومانی سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەكانەوە زیاتر لە 65 هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون و زیاتر لە 150 كەسی دیكەش بریندار بوون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11291

Your Comment

You are replying to: .
captcha