بەپێی هەواڵی کوردپرێس لەم ماوەیەدا بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپا و حەشدی شەعبیی لە پارێزگای کەرکووک بردە دەرەوە و شوێنەکەی بە پۆلیسی فیدراڵی عێراق پڕ کردەوە. ئازاد جەباری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگاریی کەرکووک لە دیمانەیێکی کوردپرێسدا ئەو بڕیارە لەم دۆخەی ئێستای کەرکووک بە بێ­بایەخ دەزانێت و پێی وایە بڕیارەکە لەم دۆخەدا کە کورد وەپەراوێز خراوە هیچ کاریگەریی لە دۆخی کەرکووکدا نابێت.
ناوبراو سەبارەت بە چوونەدەرەوەی سوپای عێراق و دیکەی هێزەکان لە کەرکووک و جێگیر بوونی پۆلیسی فیدراڵ وتی: بۆچوونی من ئەوەیە کە هەموویان یەک بابەتن، ئەگی نا هیچ تەئسیرێکی نییە لە سەر ڕوشی ئەمنیی ئێستای شارەکە. لەسەر کۆمەڵێک شت کە ڕووی داوە دوای 16ی ئاکتەوبر هەموو شتەکان وەکوو خۆیتی.
سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگاریی کەرکووک گوتیشی: ئەگەر گۆڕان بکرێت دەبێت نوێنەری پێشمەرگە و نوێنەری هێزەکانی هاوپەیمانان، نوێنەری عێراق لە ناوەندی بڕیاردانا بەشدار بن لە کەرکووکدا، ئەمە دروستەکەیە. بەڵام ئەوان هیچ دەورێکیان نەهێشتوەتەوە بۆ کورد، تەنها ئەوانن کە بڕیار دەدەن و کۆمەڵێک ڕاسپاردە ئەکەن ئەگینا هەر هێزێک بێت هەر ئەو دەورە ئەگێڕێت.
جەباری ئاشکراشی کرد: ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە وەزعی کەرکووک هەر وا خراپ دەبێت.
ناوبراو دووپاتی کردەوە: تا ئاسایش نەگەڕێتەوە بۆ ئەو شارە، شتی خراپتر ڕوو دەدات، ئێستا هێشتا زوووە. بەڵام لە سەر ئەو پرسە ئێمە تەمەنا ئەکەین نوێنەری پێشمەرگە لە ژووری ئۆپەراسیۆن و لە سەر هەموو بڕیارەکان هەبێت. دەبێت بە هاوبەش بڕیار دەرکەن. ئەگەر پێشمەرگەش نەڕواتەوە و نوێنەریان هەبێت ئەوە باشە تەئسیری هەیە لە کۆمەڵێک شتدا.
ناوبراو سەبارەت بە پشکی کورد لە حوکمڕانیدا وتی: ئێمە نیگەرانیمان ئەوەیە کورد لە حوکمڕانیدا هاوبەش نییە، هەموو حوکمڕانی بە دەست کابرایێکی کۆنە بەعسییەوەیە «پارێزگار» کە بە داخەوە ئیشەکان ئەو ئەیکات.
جەباری زیادی کرد: ئێمە لە گەڵ شیعە لە یەک سەنگەر بووینە ئێستاکە بەداخەوە پشتیان لە ئێمە هەڵکرد و بەو شێوەیە لەگەڵ ئێمە مامەڵە دەکەن. ئەنجومەنی کەرکووکیان ئیفلیج کردوووە و هیچ دەورێکی نییە موحافیزیش نایەڵێت کەس هیچ بێت. ڕەسمی سیاسەتەکە لە بەغداوە ئەنجام دەدرێت، موشکیل ئەوەیە لەو شارە ئێستا کورد هیچی بەدەست نییە. ئێمە ئەمانەوێت وەزع هێور بکرێتەوە، ئەوان دەیانهەوێت تورکمان و عەرەبیش بە قەد کورد حیساب بکەن تورکمان بە قەد گەڕێکێکی کورد نابێت. بە ڕاستی ئەمە موشکیلە دروست دەکات.
شیاوی ئاماژەیە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵ دەدەن یاسایێک دەربکرێت کە دەسەڵاتەکانی پارێزگای کەرکووک لە ژێر دەستی ئەنجومەنی پارێزگادا نەبێت، ئازاد جەباری لەو بارەیەوە جەختی کردەوە: بەو یاسا لە ژێر دەسەڵاتی پەرلەمان قەد ڕازی نابین. دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی موحافزدا بێت دەبێت موحافز زۆرینە کە کوردن دایبنێت.
دیمانە: حەسەن ساڵحی
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment