برووسک حه‌سه‌که وته‌بێژی YPG له لێدوانێک له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری ده‌ڤه‌ری شه‌ڕی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس وێڕای ئاماژه به به‌رخۆدانی عه‌فرین به‌رانبه‌ر سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سه‌ر به‌و وڵاته وتی: به‌رخۆدانی عه‌فرین درێژه‌ی به‌رخۆدانی کۆبانێیه و ئێمه‌ش خه‌ریکی ڕیشه‌کێش کردنی تیرۆر له ناوچه‌که‌داین.
هه‌روه‌ها وتیشی: له به‌ر چاوی هه‌موو جیهان تورکیا ئه‌وه‌ی گرووپی تیرۆریستی بێت جلی سوپای ئازادی سووریای کردۆته به‌ری و ته‌یاری کردوون و بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێمه ناردوونی. ئه‌مه زۆر جێگای ئه‌سه‌فه که ئێمه له به‌ره‌ی پێشووی دژه تیرۆردا بین و هه‌موو به‌رگریکارانی مافی مرۆڤ و ئه‌و هێزانه‌ی ئیدعای شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تیرۆریان هه‌یه کپ و کڕ بن و ته‌نها چاو له جه‌نایه‌ته‌کانی تورکیا بکه‌ن.
حه‌سه‌که جه‌ختی کرده‌وه بێ گومان ئێمه سه‌رکه‌وتوو ده‌بین و به هه‌موو جیهان نیشان ده‌ده‌ین که بێ پشتیوانی هیچ که‌س تیرۆریسته‌کان له ناو ده‌به‌ین و له عه‌فرین ده‌ریان ده‌که‌ین.
وته‌بێژی هێزه‌کانی یه‌په‌گه له عه‌فرین باس له‌وه‌ش ده‌کات که تورکیا شه‌ڕی دهستپێکردوووه به‌ڵام ئێمه کۆتاییی به شه‌ڕه‌که دێنین و ڕایگه‌یاند: زۆر گرینگ نییه که تورکیا به هه‌موو ئیمکانات و جیهازاتی پێشکه‌وتووی ئێستای جیهانه‌وه توانیویه‌تی بێته ناو خاکی ئێمه چوونکه ئێمه ناوچه‌که ده‌که‌ینه گۆڕستانی سوپای تورکیا و تیرۆریسته هاوپه‌یمانه‌کانیان.
برووسک حه‌سه‌که له وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی کوردپرێسدا که تا ئێستا تورکیا چه‌نده له خاکی عه‌فریندا پێشڕه‌ویی کردوووه وتی: پێشڕه‌وی تورکیا و گرووپه تیرۆریسته‌کانی سه‌ر به ئه‌و وڵاته له ناو خاکی عه‌فریندا هێنده نییه که ئێمه بترسێنێت دڵنیا بن به‌م زووانه له‌و دوو سێ گونده‌ش ڕاویان ده‌نین.
ئه‌م فه‌رمانده‌ییه‌ی یه‌په‌گه ئاماژه‌ش ده‌کاته شێواندنی ته‌رمی ژنه شه‌ڕڤانێک له لایه‌ن میلیشیاکانی سوپای ئازاده‌وه و ده‌ڵێت: ده‌بێ بۆ حاڵی ئێستای جیهان بگرین که گه‌یشتۆنه‌ته ئه‌و ئاسته که له که‌مته‌رخه‌می و خه‌مساردی هه‌مبه‌ر وه‌حشیگه‌رییه‌که‌ی ئه‌م گرووپه تیرۆریستییه بێ ده‌نگ و نقه ناکه‌ن، ئێمه تۆڵه‌ی بارین کۆبانێ ده‌سێنینه‌وه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment