کوردپرێس- عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق، ڕایگەیاندوە: "ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دەستیان پێ كردوووە، هەنگاوێكی زۆر باشە كە گفتوگۆ دەكرێت و شاندی بەغدا هاتوون بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەگەر ئەمە خێری بۆ هاووڵاتییان هەبێت كارێكی زۆر باشە و ئەنجامی باشیشی دەبێت، چوونكە بۆ چارەكردنی كێشەكان تەنها ڕێگا گفتوگۆیە."
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی وتوشیەتی: "ئەمجارەیان با خەڵكی ھەرێمی كوردستان دڵنیابن، گفتوگۆكان ئەنجامی دەبێت، چونكە لە هەڵبژاردنەكان نزیك دەبینەوە و لایەنەكانیش بۆ ئەوەی لە كورد نزیك ببنەوە داواكارییەكانیان قبووڵ دەكەن و لەگەڵیان دەگەنە ڕێككەوتن، بۆیە هەموو لایەنەكان لە عێراق پێویستیان بە كورد هەیە، چونكە كورد پێكهاتەیێكی سەرەكیی عێراقە و ڕۆڵێكی گرنگیشی هەیە لە یەكلایی كردنەوەی پرسەكان."
ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆك كۆماری عێراق ڕاشیگەیاند: "ئێستا هەر هەنگاوێك بەو ئاراستەیە بنرێت بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان باشتر بكرێت كارێكی زۆر باشە، هەربۆیە هیوادارین هەردوو لا بگەنە ڕێككەوتن و كێشەكانیش لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارە بكەن."
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment