کوردپرێس- هونەر کاک ئەحمەد، بەڕێوەبەڕی راگەیاندنی گەشت و گوزاری چۆمان بە رووداوی راگەیاند "فێستیڤاڵەکە کاژێر دووی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە 3-2-2018 بەڕێوەدەچێت و حەوت یاریزانی نێودەوڵەتیش لە ئەمەریکا و ئەوروپا هاتوون، نیازیانە لە بەرزاییەکانی هاوینەهەواری پرژە یارییە سەرکێشییەکانی سکی لەنێو بەفر ئەنجام بدەن، کە ئێستا زیاتر لە مەترێک بەفر لە پرژە باریووە".
بەڕێوەبەڕی راگەیاندنی گەشت و گوزاری چۆمان گوتی "تیمی سکی پێنجوێن و چۆمانیش بەشداری فێستیڤاڵەکەن و دەیانەوێت ئەو یارییە سەرکێشییە لە ناوخۆشدا هەبێت و لە ساڵانی داهاتوو بتوانن سوود لە توانای یاریزانانی ناوەخۆ وەربگرن".
هاوکات ئەحمەد قادر، قایمقامی چۆمان بە رووداوی راگەیاند "بۆ سێیەمین فێستیڤاڵی بەفر لە چۆمان تەواوی ئامادەکاریەکان کراون و میوانی زۆر بانگهێشتی چالاکییەکە کراوە، یاریزانان و رێکخەرانی فێستیڤاڵیش خەڵات دەکرێن".
پرژە بە دووری 150 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، ساڵانە لەسەر ئاستی عێراق و باشووری کوردستان زۆرترین بەفری لێدەبارێت و هەر چوار وەرزی ساڵ بەفری لێ دەمێنێت، لەو وەرزەدا پلەکانی گەرمی تا 20 پلەی ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن و لە تەمووزیشدا بەرزترین پلەی گەرمی هاوینە هەوارەکە تەنها 12پلەی سیلیزیە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment