پارێزگاری کرماشان دیسان به‌ڵێنی دابین کردنی خانوو به‌ لێقۆماوان ده‌دات

به‌شی ئێران/ کوردی- پارێزگاری کرماشان له‌ لێدوانێکدا گوتوویه‌تی به‌ گوێره‌ی پلانی دانراو له‌ ناوچه‌ی بوومه‌له‌رزه‌لێدراوی کرماشان یه‌که‌ی مه‌سکه‌ن مێهر به‌و کرێچییانه‌ ده‌درێت که‌ وه‌کوو لێقۆماوی بوومه‌له‌رزه‌ ناسراون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هووشه‌نگ بازوه‌ند له‌ دانیشتنێکی ئیداره‌ی پارێزگاریی کرماشاندا له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: ئه‌و کرێچییانه‌ له‌ گونده‌کانن بڕی 30 میلیۆن تمه‌ن و ئه‌وانه‌ش له‌ شارن بڕی 40 میلیۆن تمه‌ن قه‌رزی بانکی وه‌رده‌گرن.

ناوبراو زیادی کرد: به‌ گوێره‌ی پلانێکی پێشکه‌ش‌کراو له‌لایه‌ن که‌رتی خانووبه‌ره‌وه‌ ده‌بێت له‌ ماوه‌ی یه‌ک حه‌فته‌دا 600 هه‌یکه‌لی خانوو چێ بکرێت و به‌ وردیش به‌دواداچوون بۆ ئه‌و به‌ڵێنه‌ ده‌که‌ین.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: تا ئێستا 3541 بنه‌ڕه‌تی یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون له‌ گونده‌کان ئاماده‌ کراوه‌ و له‌مه‌وبه‌دواش هه‌موو حه‌فته‌یێک 1500 خانوو به‌و ئاماره‌ زیاد ده‌بێت.

بازوه‌ند گوتیشی: 1000 میلیارد تمه‌ن ئاسانکاری و قه‌رزی بانکی بۆ یارمه‌تیدانی یه‌که‌ پیشه‌یی و خزمه‌تگوزاری و گه‌شتیارییه‌کان ته‌رخان کراوه‌ و به‌دواداچوونیشی بۆ ده‌که‌ین.

شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ بوومه‌له‌رزه‌یێکی 7.3 ڕیخته‌ری شه‌وی 21ی گه‌ڵاڕێزان ناوچه‌ی کرماشانی هه‌ژاند و پاش ئاماری دژبه‌یه‌کی زۆر له‌ ئاکامدا به‌ گوێره‌ی ئاماری فه‌رمیی ڕاگه‌یێندراو 620 هاووڵاتی له‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌دا گیانی خۆیان له‌ده‌ست دا و 12 هه‌زار و 386 برینداریشی لێکه‌وته‌وه‌. بوومه‌له‌رزه‌که‌ خه‌ساری به‌ 10 شار و 1930 گوندی پارێزگای کرماشان گه‌یاندوووه‌ و به‌ گوێره‌ی ئه‌و خه‌مڵاندنه‌ی ئه‌نجام دراوه‌ نزیک به‌ 90 هه‌زار یه‌که‌ی نیشته‌جێ بوونی شار و گوندی ناوچه‌که‌ خه‌ساری سووک و قورسیان لێکه‌وتوووه‌.

ڕه‌وتی ئاسانکاری کردن و یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ خه‌ڵکی لێقۆماوی بوومه‌له‌رزه‌که‌ی کرماشان ڕه‌خنه‌ی زۆری له‌سه‌ره‌ و تا ئێستا نوێنه‌رانی ناوچه‌که‌ چه‌ندین جار به‌رانبه‌ر به‌ خه‌مساردیی ده‌وڵه‌ت له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ شێوازی جیا جیا ناڕه‌زایییان ده‌ربڕیوه‌ ئه‌مه‌ش چه‌ندین جاره‌ به‌رپرسان وه‌عده‌ و وه‌عید و به‌ڵێنی جۆربه‌جۆر ده‌ده‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت به‌ وته‌ی نوێنه‌ره‌کان داموده‌زگای جێبه‌جێکار و به‌ تایبه‌ت بانکه‌کان مل به‌ ئاسانکاری کردن بۆ پێدانی قه‌رز و یارمه‌تی ناده‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11126

Your Comment

You are replying to: .
captcha