بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند سوپای دیموکراتیکی سووریا جووڵەی بە هێزەکانی کردووە بۆ تەڤڵ بوون بە شەڕی عەفرینەوە.
ئادیان رنکین گالووی لە وەڵامی هەواڵدەریی حوڕیەت لەو بارەیەوە وتی: ئێمە ئاگامان لەوە هەیە کە هێزەکانی سوپای دیموکراتیکی سووریا لە کاردانەوەیێکدا هەمبە تەنگەژەکانی ئەم دواییە ژمارەیێک لە هێزەکانی جووڵاندووە؛ بەڵام ئەو پرسە پێوەندیی بە هاوپەیمانانەوە نییە.
تورکیا و گرووپە سوورییەکانی سەربە تورکیا ڕۆژی 20 جانیڤێری هێرشی سەربازییان کردووەتە سەر کانتۆنی کوردنشینی عەفرین. ئەمریکا و هاوپەیمانان هەمبەر ئەو هێرشەی تورکیا بێدەنگییان ڕاگرتووە و ڕایانگەیاندووە عەفرین لە چوارچێوی ئۆپەراسیۆنی ئەواندا نییە.
هەواڵدەرییەکانی سەر بە حکوومەتی تورکیا، ئیدیعایان کردبوو کە یەکێک لە بەرپرسانی پێنتاگون ڕایگەیاندووە کە ئەگەر هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بە مەبەستی تەڤڵ بوون بە شەڕی عەفرینەوە منبج و دەیرەزوور بەجێ بێڵن ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیدی پشتگیرییان لێناکات.
ئەوەش لە حاڵێکدا کە وتەبێژی پێنتاگون تەنها ڕایگەیاندووە ئەو جووڵە کردنە لە سەر خواستی ئەمریکا نەبووە.
گالووی هەروەها زیادی دەکات: ئەو هێزە کوردانەی لە عەفرین لەگەڵ تورکیا شەڕ دەکەن پێوەندییان بە هاوپەیمانانەوە نییە. هاوکاریی ئێمە لەگەڵ سوپای دیموکراتیکی سووریا سنووردارە بە شەڕی داعشەوە.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment