یه‌كێتی‌ داوای كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كان به ‌ڕووی کوردستانی سووریا ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی فراکسیۆنی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ده‌ڵێت: "ده‌مانه‌وێت دانیشتنێكی په‌رله‌مان تایبه‌ت بكرێت به ‌بارودۆخی عه‌فرین و چه‌ند بڕیار و پێشنیازێكیش له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ربكرێت به‌ تایبه‌ت كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌كان به‌ ڕووی‌ کوردستانی سووریا".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ته‌لار له‌تیف ئه‌ندامی فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی له ‌په‌رله‌مانی كوردستان به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "سێشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ 30ی جانیڤێریی‌ 2018 په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ به‌ڵام تا ئێستا كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ نادیاره. تا ئێستا نازانین ئاخۆ له‌سه‌ر بارودۆخی عه‌فرین ده‌بێت یان ته‌واوكاری دانیشتنه‌كانی پێشوووه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به ‌هه‌مواری‌ یاساكانی هاتوچۆ و چاندنی ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی مرۆڤ".

ناوبراو وتیشی:"سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان داوامان كردوووه‌ دانیشتنێک تایبه‌ت بكرێت به ‌عه‌فرین و ده‌شمانه‌وێت چه‌ند بڕیارێكی تایبه‌ت له ‌په‌رله‌مان و له‌باره‌ی کوردستانی سووریاوه‌ ده‌ربچێت و چه‌ند پێشنیازێكیش ئاراسته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین بۆ چۆنێتیی مامه‌ڵه ‌كردن له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه به‌ تایبه‌ت كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌كان به‌ ڕووی‌ کوردستانی سووریادا".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی ئه‌وه‌شی‌ وت: "پێویسته‌ ده‌روازه‌كان به‌ ڕووی کوردستانی سووریا بكرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانرێت هاوكاریی بگه‌یێنرێته‌ كوردستانی سووریا".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10955

Your Comment

You are replying to: .
captcha