دێوەزمەی جەنگ، عفرین بەرەو کوێ دەبات/ سەڵاحەدین خەدیو

بەشی سووریا- ڕووسیا ئەو پێشنیارەی بە کوردەکان کرد کە ناوچەی عفرین ڕادەستی دەوڵەتی سووریا بکەن و لە بەرانبەردا پارێزارو بن لە هێرشی تورکیا. کوردەکان بە جیددەوە ئەو پێشنیازەیان ڕەت کردەوە.

کوردپرێس- ڕووسیا خەیانەتی کرد و ئەمریکاش بێدەنگ سەیری ڕووداوەکان دەکات. لەم هەل و مەرجەدا کورد دەبێت چ بکات؟ یەکینەکانی پاراستنی گەل هەروەها کە چاوەڕوان دەکرا بەرخۆدان دەکەن و هێمای شۆناسی سەربەخۆی کوردیان لە قەیرانی سووریا پیشان دا.

هاوتەریب لەگەڵ شەڕی عفرین پڕۆسەیێکی سیاسییش لە ئارادایە کە گرینگایەتییەکەی کەمتر نییە لە ئەو ڕووداوانەی لە بەرەی شەڕدا ڕوو دەدەن. لە هەمان سەرەتاوە کە ڕووسیا بەهۆی تووڕە کردنی تورکیاوە لۆمەی ئەمریکای کرد هەموو چاودێرە سیاسییەکان چاویان لە دەمی ئەمریکا بوو بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ شەڕی نێوان دوو هاوپەیمانی خۆی دەکات.

ئەو دەستەواژانەی بەرپرسە ئەمریکییەکان ڕۆژانی ڕابردوو بەکاریان هێنا و ئەو مشت و مڕەی لە نێوان ئەوان و تورکەکان لە سەر ناوەڕۆکی پێوەندییە تەلەفونییەکەی سەرکردەکانیان ڕووی دا دەلالەتە لە سەر دژوار بوونی هەڵوێست نواندن لە بەرانبەر ئەو بابەتە.

وێ دەچێت ئەمریکا ئێستا ڕووبەڕووی ئەمری واقیع بۆتەوە و داوای لە تورکیا نەکرد کە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتوون ڕابگرێت بەڵکوو داوای کرد لە باری کات و شوێنەوە ئەو هەڵمەتە بەرتەسک بکاتەوە. ژمارەیێک لە هاوپەیمانە ناتۆییەکانی تورکیا وەکوو بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا تەنانەت بەوەشەوە نەوەستاون و دەستیان ناوەتە سەر "داڵغە و مافی مەشرووع"ی تورکیا.

بەڵام ئەوەی بە توندی کوردی نیگەران کردوووە ئەوانە نییە بەڵکوو پێشنیار کردنی پێک هێنانی ناوچەی ئەمن بوو لە سووریا لەلایەن تورکیاوە.

وێ دەچێت هەر وەکوو کاردانەوە بەرانبەر بەم بابەتە بوو کە بەرپرسانی کانتۆنی عفرین داوایان لە دەوڵەتی سووریا کرد بۆ پاراستنی سنوورەکانی باکووری ئەو وڵاتە لە بەرانبەر دەستدرێژیی بیانییەوە کار بکات. ئاسایییە ئەو پێشنیارەش مانای ئەوە نابێت کە کورد ئامادەیە کانتۆنی عفرین ڕادەستی دەوڵەتی سووریا بکات.

ئەوان بەنیازن لە ڕێگای نیگەرانیی دیمەشقەوە بە پێشڕەویی هاوپەیمانانی تورکیا لە باکووری پارێزگای حەلەب بەهرە لە پاڵپشتی و یارمەتیی لۆجستی بەرن و بە ئامانجی ترساندنی ئەمریکاش ئەو پەیامە بگەیەنن کە ئەگەر زیاتر لە پێش لە تورکیا نزیک بێتەوە ئەمانیش بەرەو دەوڵەتی سووریا دەکشێن.

کوردی سووریا لە هەمان سەرەتای قەیرانەوە مانۆڕیان لە سەر کەلێنەکان دەدا و بەهرەیان لە ڕاجیاوازیی دەورگێڕە ورد و دروشتەکانی گۆڕەپانەکە برد و دەرفەتی باشیان دەست خست. وا دەردەکەوێت ئەم جارەش بەنیازن دیسانەوە لەو تاکتیکە بەهرە بگرن.

ئایا ئەم کاتە ئێستا بۆ بەهرە بردن دەشێت؟ قەیرانی سووریا دەورگێڕی زۆری تێدایە. هەر لە دەسەڵاتی دەرەوەی ناوچەکە وەکوو ڕووسیا و ئەمریکا تا دەسەڵاتی ناوچەکە وەکوو ئێران و سعوودیە و تورکیا و هەندێک دەورگێڕی ورد و دروشتی نێوخۆی سووریا.

بڕیاری ئەمریکا بۆ دامەزراندنی هێزی پاسەوانی سنوور بە بەشداریی کورد لە ڕاستیدا بەو مەبەستە دەرکرا کە ئەو بۆشایییەی دەسەڵات کە پاش لەناوچوونی داعش دروست بووبوو بە هاوپەیمانانی ئێران و ڕووسیا پڕ نەکرێتەوە. هەر لێرەوە بوو کە کۆشکی کەرملین بە مەبەستی ڕێگری کردن لە دەسەڵاتی ئەمریکا ئیزنی چانکایای دا هێرش بکاتە سەر عفرین. ئەو دەستپێشخەرییە بێ عەیب نییە و بەم زوووانە کێشەکانی دەردەکەوێت.

ئێران و ڕووسیا و تورکیا کە لەم دوو ساڵەی دواییدا لێک نزیک بوونەتەوە هیچ متمانەیان بە یەکتری نییە و دوورنواڕی جیاوازیان لە داهاتووی سووریا هەیە.

ئێستا ئەمریکا پێشنیازی کردوووە هێڵێک بە قووڵاییی 30 کیلۆمەتر بە ئامادەبوونی تورکیا پێک بهێنرێت. ئەمە لە ڕاستیدا هەمان پڕۆژەی مۆسکۆیە کە جێگای سووریا و تورکیای تێدا گۆڕدراوە. ئایا سووریا و هاوپەیمانەکانی ئەو ئاڵوگۆڕە قبووڵ دەکەن؟ ئەوەش لە کاتێکدا کە پاش پێشڤەچوونی ئەرتەشی تورکیا خەریکە پڕۆسەی دانووستانی ئەستانە فەشەل دەهێنێت.

ئەو پڕۆژەیە ئەگەر جێبەجێ بکرێت هەمان ناوچەی ئارامە کە تورکیا لە سەرەتای قەیرانەکەوە داوای دەکرد بەڵام مۆسکۆ بە بڕشتەوە دژی وەستا و ئەمریکا و دیکەی ئەندامانی ناتۆ پاڵپشتییان نەکرد و جێبەجێ کرنی لەم دۆخەی ئێستا تەنها مانای ئەوە دەبێت کە باکووری سووریا ڕادەستی تورکیا دەکرێت. ئەوەش گۆڕانێکە کە هاوکێشەی سیاسی و سەربازیی ئێستا بەو ئاسانییە ڕێگەی ناداتێ.

بەم وەسفەوە دەتوانین ئاوای بۆ بچین کە ئێستا ئەو گریمانەیەی ئەگەری زۆرترە ئەوەیە کورد و دەوڵەتی سووریا زیاتر لە پێش لێک نزیک دەبنەوە. وەکوو ئەو پێوەندییەی ساڵانی 2011 تا 2014 هەیانبوو. بەکردارییش بەردەوام بوونی بەرخۆدانی کۆڵنەدەرانەی یەپەگە پێوەرێکی هەرەگرینگە کە دەورێکی تایبەت لە داهاتووی ڕووداوەکاندا دەگێڕێت.

تێبینی: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند هیچ پێشنیارێکی یەکلایی بە تورکیا نەکراوە و ئێستا بەردەوامین لە تاوتوێ کردن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60101

News Code 10941

Your Comment

You are replying to: .
captcha