عەلی قەرەداغی: تورکیا مافى خۆیەتى سنوورەکانى بپارێزێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتیى یەکێتیى جیهانیى زانایانى موسڵمان ڕایگەیاند، تورکیا مافى خۆیەتى سنوورەکانى بپارێزێت. ڕاشیگەیاند، بە هەموو توانایەکیانەوە دژى پرۆژەى "ئەمریکى – سەهیۆنى" دەوەستنەوە.

ئاژانسى هەواڵى ئەنادۆلى حکوومەتى تورکیا بڵاوی کردەوە، عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتیى یەکێتیى جیهانیى زانایانى موسڵمان لەبارەى هێرشەکانى تورکیا بۆسەر عەفرین بە ئاژانسەکەیانى ڕاگەیاندووە "پشتگیری دەکەین لە تورکیا بۆ پاراستنی سنوورەکان و گەلی خۆی لەڕێی شەرعیيەوە".

عەلى قەرەداغى ڕاشیگەیاندووە "بە هەموو توانایەکمەوە دژی پرۆژەی ئەمریکی - سەهیۆنی دەوەستمەوە کە خوازیارن تۆوی خراپەکاری و فیتنە لەنێوان مسوڵماناندا بچێنن".

ئەمینداری گشتیى یەکێتیى جیهانیى زانایانى موسڵمان وتوشێتى "داوا لە ھەموو لایەک دەکەم کە کێشەکان لەژێر ڕۆشنایی برایەتی دینی چارەسەربکەن. خۆی و یەکێتیى زانایانى ئیسلامى دژى تیرۆر و بێدینین جا لە هەر قەومێک بێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریاى سەربە تورکیا لە ڕۆژى ٢٠ى کانوونی دووەمی ٢٠١٨وە بە فڕۆکەى جەنگى، فڕۆکەى بێفڕۆکەوان، تانک، تۆپ و هاوەن هێرشەکانیان بۆسەر عەفرین دەست پێکردوووە.

هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (هەسەدە) ئەمڕۆ ئامارى شەڕى شەش ڕۆژى ڕابردووى عەفرینى بڵاوکردەوە و بەپێى ئەو ئامارە، لەو شەش ڕۆژەدا ٨٩٠ هێرشى ئاسمانى و زەمینى و تۆپخانەیى بۆسەر عەفرین ئەنجامدراوە و ١٣٦ شەڕ و پێکدادانیش ڕوویداوە، کە بەو هۆیەوە ١٢ تانک و زرێپۆشى تورکیا تەقێنراونەتەوە و ٣٠٨ سەرباز و چەکدارى تورکیا کوژراون، کە ٤ کەسیان بەرپرسى سەربازى بوون.

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە، لەو شەڕانەدا ٤٣ شەڕڤان و ٥٩ هاووڵاتى شەهیدبوون و ١٣٤ کەسى تریش برینداربوون.

لە دواى ئەوەى ڕۆژى ٥ى حوەزیرانى ٢٠١٧ وڵاتانى سعودیە، میسر، ئیمارات و بەحرەین پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند بە تۆمەتى ئەوەى قەتەر پشتگیریى تیرۆر و گروپەکانى قاعیدە، بەرەى نوسرە و داعش دەکات، ئەو وڵاتانە ناوى چەندین کەس و ڕێکخراویان خستە لیستێکەوە بە ناوى لیستى تیرۆر.

لە بەردەوامیى ئەو قەیرانەدا ڕۆژی ٢٣ى تشرینى دووەمی ٢٠١٧ دا ئەو چوار وڵاتە رێکخراوى یەكێتی زانایانی جیهانی ئیسلامیى، بە تۆمەتى پاڵپشتیی ئەو رێکخراوە لە تیرۆر و هەروەها بۆ پاراستنی گەلانی ناوچەکە لە هەڕەشەی تیرۆر، ڕێکخراوەکەیان خستە لیستى تیرۆرەکەیانەوە.

یەكێتی زانایانی جیهانی ئیسلامیی، لە ٢٠٠٤/٧/١١ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بە بەشداری ٣٠٠ زانای جیهانی ئیسلامیی لە بوارە جیاوازەکاندا، دامەزراوە و لە شاری دبلن-ی پایتەختی ئیرلەندا، وەک ڕێکخراوێکی فەرمیی جیهانیی تۆمارکراوە و عەلی قەرەداغی، کەسێتیى ئایینیى ناسراوى کورد و جیهان ئەمیندارێتیى دەکات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60101

News Code 10939

Your Comment

You are replying to: .
captcha