بەپێی هەواڵی کوردپرێس، راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، رۆژی چوارشەممە 24-1-2018 لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرپەرشتیی سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی یەكەكانی 70، بەئامادەبوونی فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەت و ژمارەیێک لە گەورە ئەفسەرانی دیوانی وەزارەت و فەرماندە و جێگرانی لیواكانی 1 و 2ی پیادە، كۆبوونەوەیێكی فراوان لەبارەی چۆنێتی یەكگرتنەوەی هەردوو لیوا و فەوجەكان بەڕێوەچووە.
لەو کۆبوونەوەیەدا تەواوی بڕیارە پێویستەكان بۆ یەكخستنەوەی لیوا و فەوجەكان دراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لە پێویستیی یەک فەرمانی و یەک بڕیاری لە ناو ریزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان کراوە. لە ڕووی ئۆپەراسیۆنیشەوە تەواوی ئەو فەرمان و بڕیارانەی دەدرێن لە لایەن لیواكانەوە رێكاری پێویستی بۆ دەستنیشان كرا و بڕیاردرا لەمەودوا هەر لیوایێک لە سنووری هەر میحوەرێكدا جێگیربكرێت. پێویستە فەرمانە سەربازییەكان تەنها لە فەرماندەی میحوەر و وەزارەتی پێشمەرگە وەربگرێت، ئەوەش ئەو كێشە و گیروگرفتانەی كە پێشتر رووبەڕووی بەشێک لە هێزەكان ببووەوە، چارەسەردەکات.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ناوچەی ئۆپەراسیۆنی لیواكانی 1و2ی پیادە دیاری كراون، بڕیاردراوە بە دروستكردنی لیژنەیەكی باڵا بۆ بەدواداچوون و دەستنیشان كردنی كەموكوڕی لیواكان و چۆنێتیی چارەسەركردنی گیروگرفتەكانیان لە قۆناخی یەكگرتنەوەیاندا.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە ماوە و كاتی پێویست بۆ یەكگرتنەوەی لیواكان دیاری كراوە.
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment