هۆی هێرشه‌که‌ی تورکیا بۆ عه‌فرین خه‌یانه‌تی ئه‌مریکا له‌ کورده‌

به‌شی جیهان- پڕۆفیسۆر نۆوا فێلدمه‌ن ده‌ڵێت: ده‌بێت ئه‌مریکا ناتۆیێکی بێ‌ تورکیا وێنا بکات. گرینگترین هۆکاره‌که‌شی ئه‌و هێرشه‌ی تورکیا بۆ کورده‌کانه‌ که‌ له‌ ته‌فر و تونا کردنی داعشدا هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا بوون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پڕۆفیسۆر نۆوا فێلدمه‌ن له‌ یادداشتێکی ماڵپه‌ڕی بلۆمبێرگدا نووسیویه‌تی: ڕاسته‌ تورکیا له‌ باری ژێئۆپۆلێتیکییه‌وه‌ هاوپه‌یمانێکی گرینگی ناتۆیه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد و هه‌روه‌ها شه‌ڕی ئه‌فغانستان و شه‌ڕی دژ به‌ داعش به‌هۆی به‌کارهێنانی بنکه‌ی ئاسمانیی ئه‌نجرلیکه‌وه‌؛ به‌ڵام ئه‌ردۆغان وا بیر ده‌کاته‌وه‌ به‌ بێ هیچ لێکه‌وته‌یێک ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریکا تووشی مه‌ترسی بکات. گرینگترین پاڵپشتی سیاسیی ئه‌ردۆغانیش پێگه‌ی ژێئۆپۆلێتیک و جوگرافیاییی وڵاته‌که‌یه‌تی.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌ هاوکاریی هێزی کوردی سووریا له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا ده‌کات بۆ ده‌رکردنی داعش له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و ده‌نووسێت: ئه‌مریکا به‌ بێ هاوکاریی کورده‌کانی سووریا ناسراو به‌ YPG نه‌یده‌توانی داعش له‌ سووریا له‌ ناو به‌رێت هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانیش به‌ بێ مه‌شق و ڕاهێنان و ڕاوێژی سه‌ربازیی ئه‌مریکا نه‌یانده‌توانی به‌ ته‌نها ئه‌و ئیشه‌ ڕاپه‌ڕێنن.

پڕۆفیسۆر فێلدمه‌ن سه‌باره‌ت به‌ داوای کورده‌کانی سووریا ده‌ڵێت: ئه‌وان ته‌نها یه‌ک داوایان هه‌یه‌ جێگایێکیان ده‌وێت به‌ ئارامی تێدا بژین. کورده‌کانی سووریا وه‌کوو کوردی عێراق خولیای سه‌ربه‌خۆ بوونیان نییه‌ و هیچ هه‌ڕه‌شه‌یێک لای کوردی سووریاوه‌ بۆ تورکیا بوونی نییه‌.

ناوبراو بڕوای وایه‌ تورکیا ده‌زانێت ئه‌مریکا باجی سیاسیی هێرشه‌که‌ی ئه‌و وڵاته‌ بۆ عه‌فرین ده‌دات چوونکه‌ له‌ داهاتوودا پشت کردنی ئه‌مریکا له‌ کوردی سووریا له‌ مێشکه‌کاندا ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ بیر ناکرێت و چیتر که‌س متمانه‌ به‌ ئه‌مریکا ناکات.

ئه‌و توێژه‌ره‌ی بواری مافی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانکۆی هاروارد بڕواشی وایه‌ ئه‌مریکا له‌ پێوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ کوردی عێراق و سووریا ڕه‌فتارێکی دژبه‌یه‌ک ده‌نوێنێت چوونکه‌ ساڵی 1991 سه‌ره‌ڕای ڕاپه‌ڕینی کوردی عێراق بۆ سه‌ربه‌خۆییی یه‌کجاری سه‌ره‌ڕای دژایه‌تییه‌کانی تورکیا پاڵپشتیی کوردی کرد و ناوچه‌ی دژه‌فڕینی ڕاگه‌یاند و به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ کوردی سووریا که‌ جه‌ختیان کردۆته‌وه‌ نایانهه‌وێت کار بۆ سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ن له‌ پاڵپشتیی ئه‌مریکا بێبه‌ش ده‌کرێن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10858

Your Comment

You are replying to: .
captcha