کوردپرێس- هەمیشە پێم وابوووە خوێنەری ڕۆمان – هەر خوێنەر و هەر رۆمانێک – كاتێ دەگاتە دوایین لاپەڕە و كتێبەكە دادەخات، هەستێكی گشتی، هەستێكی زاڵ، زەین و دڵی سەرگەرم دەكات بە خۆیەوە. منیش كاتێ دوایین لاپەڕەی "دواهەمین هەناری دنیا"م تەواو كرد، وا تێگەیشتم بەگشتی هەست كردن بە ئاوارەیی و لە ناوچوون زاڵە بە سەر فەزاكەدا و شەپۆل دەدات لە ناوچوونی مرۆڤی جیهانی سێیەم لە دۆخی هەنووكەی دنیادا. تەنانەت دەشتوانرێت گشتگیر بكرێت و دۆخی ژمارەیێكی زۆری مرۆڤەكان لە دنیای ئێستادا و لەو پەنجەرەوە كە بەختیار عەلی لە رۆمانەكەیدا تەنیا بە ڕووی سوچێكیدا كردوویەتییەوە تا سەیر بكرێت. دیمەنێكی جوان نییە. هەرچی هەیە ئاوارەیی و لە ناوچوونە، لە ناوچوونی مرۆڤ. ڕەها بوون لە كەشێكدا كە زەوییەكەی ژێر پێیان هەر ساتەی بە ناوێک یا رەنگێكەوە دەكەوێتە لەرزین.
تەنانەت ڕاوی (گێڕەرەوە)ی سەرەكیی رۆمانەكە، هەر ئەو كەسەی كە بڕیارە ئێمە بەرێت بۆ دیداری دنیای رۆمانەكە لە كاتی گێڕانەوەدا پێی لە سەر زەوییێكی ڕەق و جێگیر نییە، كەشتییێكی ترساو لە تۆفان و شەپۆلی زەریا، ئەمە هێمایێكە بۆ دنیای دەوروبەرمان، هاوسەفەری كەسانێک كە بە دوای پەنایێكدا دەگەڕێن و بە هیوای پەیدا كردنی جێگایێكن ئاسایش و دڵنیاییی تێدا بێت، خۆیان خستۆتە مەترسییەوە و بە دوای "سەریاس"ی خۆیاندا دەگەڕێن، وەک گێڕەرەوەی ڕۆمانەكە. گێڕەرەوە بەڵام تەنیا گێڕەرەوە نییە. خۆی كەسێتییێكی سەرەكی ناو ڕۆمانەكەیە و پێش هاتنە ناو ڕۆمانەكە بیست و یەک ساڵ لە تەمەنی خۆی لە بیابان لە ناو لم و دوور لە مرۆڤ لە دیلێتیدا بردۆتە سەر: لە ناوچوونی تەمەنی مرۆڤ.
بەڵام تا ئەم لە ناوچوونە ببێتە هەست و ببێتە باوەڕی مرۆڤ، دەبێ ئەو خەونەی كە چەندین ساڵ تەنیایی و دیلێتیت بۆ كێشاوە، بووبێتە تەعبیرێكی ئاوەژوو.
هەر بەو شێوەیێکی كە بە سەر گێڕەرەوەی ڕۆمانەكە، موزەفەری سوبحدم هاتوووە. ئەمە چارەنووسی تەواوی كەسێتییەكانی ڕۆمانەكەیە. هەریەک لەوان لە بوونی ئەوی تردا بە دوای خەونی خۆیدا دەگەڕێت و ئەو ئەوی ترە، خۆی لە ناوچوویێكی دیكەیە. سنەوبەر یەعقووبی، ڕابردووەكانی خۆی و ئامانجی ڕابردووی خۆی لە بوونی موزەفەری سوبحدەمدا دەبینێ و دەیەوێ بیپارێزێ لە پیسییهكانی دنیای دەوروبەر تا باوەڕ بكات بەشێک لە خەونەكانی ڕزگار كردوووە تا دڵی بەوە خۆش بكات كە كەسێک خەونی هەیە و هێشتا پیس نەبوووە، بەڵام موزەفەر بە دوای كوڕەكەی خۆیدا دەگەڕێ و مانەوە و بوون و هێشتنەوەی بە مانای ژیانی خۆی دەزانێ. گەڕانێ كە تا زیاتر درێژەی دەبێت لە ناوچوونی ژیانی كەساسەكان زیاتر ئاشكرا دەكات. كراوەیی بیرۆكەی ڕۆمانەكە، هاوڕایە لەگەڵ گەڕانەكانی موزەفەری سوبحدەم. سەریاسی كوڕی ئەو لە یەک كەسەوە بۆتە سێ سەریاس. سێ سەریاسمان هەیە، كامیان كوڕی ئەوە؟ چ جیاوازییێكی هەیە؟ هەرسێكیان لە دۆخێكدا كە خۆیان هەڵیان نەبژاردوووە و كەمترین ڕۆڵیان نەبوووە لە دروست كردنیدا، گرفتار بوون و بوونیان دۆڕاندوووە. سەریاسی یەكەم، ئەم داماوە بەرەڵا كراو و بێكەس و هەژارە، تەنیا بە یارمەتی تایبەتمەندییە تاكەكەسییەكانی خۆشەویستییێكی لە ناو دەسگێڕ و كۆڵبەرەكانی ناو بازاڕدا بەدەست هێناوە، چ فەسڵێكی درەوشاوەیە ئەو جێگایەی كە بەختیار عەلی ژیان و تێكۆشان و خۆشەویستی و پەیوەندیی ئەم گرووپە كرێكارە وێنا دەكات، فەسڵێكی بەهێز و وێناگەلێكی زیندوو لە شەڕ كردن بۆ ژیان و مافی ژیان، مرۆڤگەلێک بە گەوهەرێكی ترەوە، گەرچی لە دۆخێكی ناخۆش و ئەستەمدا دەژین، بەڵام بایەخ دادەنێن بۆ ژیان و ژیانیان خۆش دەوێت و تێدەكۆشن بۆی.
دامەزراوەی كرێكاران و كۆڵبەرەكانی بازاڕ بەیارمەتی تێكۆشانەكانی دوو سێ كەس و لە سەرووی هەموویانەوە سەریاسی یەكەم دروست بوووە، بەڵام دنیای دەوروبەری ئەو، ئەو دۆخەی كە هەیە و پاسەوانەكانی، تەحەمولی ئەم جموجوڵ و هاوڕاییەیان نییە. پاشان بە شێوازی هەمیشەییان خەنجەر دەخەنە سەر ڕەگی ژیانی كەسێک كە هەر خۆیان ڕەگەكانی بوونیان بچووک و باریک كردۆتەوە.
سەریاسی یەكەم دەكوژرێ، لە ناوچوونی لاوێكک بە كۆمەڵێک خەونی زۆرەوە و دڵێكی پڕ لە خۆشەویستی. ئایا دنیای هەنووكە جێگایێكی نییە بۆ ئەم جۆرە خولق و خوویانە؟
سەریاسی دووەم دەزگایێكی شەڕكەرە. سەرەتا لەناو گرووپگەلێكی چەكداری جۆراوجۆردا شەڕ دەكات تا نانێ بەدەست بهێنێ و لە برسان نەمرێ. بەڵام هەنگاو بە هەنگاو تایبەتمەندیی شەڕ، دەبێتە تایبەتمەندیی تاكەكەسی ئەو، بەرەو لایێک دەڕوات كە كوشتن دەبێتە فەلسەفەی ژیانی. نا، "بەرەو لایێک دەڕوات" ڕاست نییە، بەڵكوو "بەرەو لایێكی دەبەن" ڕاستە. سەریاسی دووەم لە ناخەوە لە ناو دەچێ. ئیدی خەڵک دەكوژێ تا ئاوازی ژیان لە ناخیدا نەبیستێ، تا وەكوو ژیان لە ناو ناخیدا سەر هەڵ نەدات، بەڵام ئەم بەرجەستە بوونی لە ناوچوونە لەناخدا دواجار لە چواردیواری بەندیخانەدا دەبێتە دیلی كەسانێک كە فێری شەڕ كردنیان كردوووە، بوونێكی لە ناوچووی تر.
بەڵام سەریاسی سێیەم ئارەزوویێكی زۆری هەیە بۆ ژیان. لەگەڵ ئەوەی كە ئەوەی وەک جەستە بۆی ماوەتەوە، تێدەكۆشێ تا بژی، مرۆڤێ، منداڵێكی بەپشكۆ بوو لە ناو ئاگری بۆمبادا. مندااڵێكی دیكەی قوربانیی شەڕ. بوونێكی لەناوچووی تر. وەسف كردنی سەریاسی سێیەم لە لایەن بەختیار عەلییەوە زۆر جوان و سەرنجڕاكێشە، بە بێ ئەوەی قەڵەمەكەی تووشی ئیحساساتگەرایی یان سانتی مانتالیسم ببێت. وێنای ئەو منداڵە بەپشكۆ بوووە كە لە كاتی گێڕانەوەدا لاوێكە هاوتەمەنی دوو سەریاسەكەی تر، بە ڕادەیێكی بزوێنەر دەیخاتە بەردەم خوێنەر، وەک بڵێی دەیەوێت زللەیێک بدات لە ویژدانی خوێنەر. بۆ نا؟
لە دنیایێكدا كە كوشتنی مرۆڤەكان بۆتە هەواڵێكی ئاسایی، لە دنیایێكدا كە گۆڕی بەكۆمەڵ هەیە، لە دنیایێكدا كە هەر كاڵایێكی نەناسراو دەكرێ بۆمبایێک بێت، لە دنیایێكدا كە شەڕ هەڵگیرسێنەرە هەمەڕەنگەكان و تیرۆریستە جۆراوجۆرەكانی تێدایە، لە دنیایێكدا كە مرۆڤەكان لە تاو برسێتی و نەبوونی ئاوی خواردنەوە و دەرمان دەمرن، لە دنیایێكدا وردبوونی هەرچی زیاتر و زیاتری مافی مرۆیی لە ژێر دەستگای قورسی كەمینەیێكی بەرژەوەندیخوازدا، لە دنیای ویژدانە سڕبووەكاندا بەهۆی بینین و بیستنی بەردەوامی هەواڵی سەرسوڕهێنەر.
بەڵێ لەم دنیایەدا خۆشحاڵ دەبی كاتێ دەبینی ئەوەی كە بوونی لەدەست چوووە تۆ نیت، منداڵی تۆ نییە، پاشان بێیتەوە سەر خۆت و شەرم لەو هەستەت بكەیت. بەڵێ، ئەگەر بێیتەوە سەر خۆت. بەختیار عەلی بە سەریاسی بە پشكۆ بووەوە دەیەوێ خوێنەری خۆی بێنێتەوە سەر خۆی و دنیای دەوروبەری نیشان بدات.
لە دنیایێكی وەهادا زۆر سەیریش نییە ئەگەر خوشكە سپییەكان نەیانەوێ منداڵیان ببێت و نەوە بخەنەوە، نەیانەوێ لەگەڵ پیاوێ – یا چەند پیاوێ – پەیوەندییان هەبێت. بەڵام لەو ڕووەوە كە تێدەكۆشن لە كاری بەڕێوەبردنی دنیادا رۆڵێكیان نەبێ و جلوبەرگە سپیەكانیان هێمایێكە بۆ تێكۆشان و دوور بوون لە پیسیی دنیا، دواجار دەگەنە جلوبەرگی ڕەش و خەونی ئەوەی كە هەمیشە و هەموو كاتێ گۆرانی بڵێن، دەگۆڕێ و دەبێتە بێدەنگی. ئەوانیش بەبێ ئەوەی بژین تەمەن دەبەنە سەر: دوو بوونی لەناو چووی تر.
مرۆڤەكانی ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دنیا" هەر وەک پێشتر ئاماژەم بۆ كرد، هەریەكە خەونێكیان هەیە و بەشێک لە بوونی خۆیان تێكەڵی ئەم خەونەیە. لەم ناوەدا "محەممەدی دڵشووشە" لایەنی جوانی كەسێتی و ژیانی گەورەتر و سەرەكیترە. لە دنیای ئەم رۆمانەدا، لەو زەمینەیەی كەسێتییهكانی تێدا خولقاوە، ئایا مرۆڤێک دەتوانێ شەفاف و شووشەیی بێت؟ محەممەدی دڵشووشە دەیەوێ وابێت – رووبەڕووبوونەوەیێک لەگەڵ باوكی خاوەن دەسەڵاتیدا- ئەو وێنانەی كە نووسەر لە خووڕە و شت و شێوازی ژیانی ئەو نیشانی داوە لە چوارچێوەی ریالیزمی جادووییدا ڕیوایەت كراوە.
محەمەدی دڵشووشە، لە دنیایێكی پڕ بەرددا ماڵێک و بوونێكی شووشەیی هەیە. ماڵێک كە لە تێڕوانینێكی دەروون شیكارانەوە، هێمای بوونی ئەوە. خەونی شەفاف بوونی لە دۆخێكدا كە مرۆڤەكان بە جۆرێک پەروەردە دەكات خودی واقیعی خۆیان لە ناو ئەو كون و كەلەبەرانەی ناخیاندا بشارنەوە كە دەست نایانگاتێ، بە هیچ كوێ ناگات. محەممەدی دڵشووشە بە دڵە شووشەییەكەیەوە لە ماڵە شووشەییەكەیدا تێكدەشكێ.
ژیانێكی لە ناوچووی تر. ئایا لەو دنیایەی كە بەختیار عەلی نیشانی داوە و بۆ ئەو مرۆڤانەی كە ئاوارەن و بەدوای خەونەكانیاندا ڕا دەكەن، دەڕۆن و ناگەڕێنەوە، ڕێگایێكی چوونە دەرەوە، هیوایێک نییە؟
دار هەنارێک هەیە بە سەر لووتكەیێكی بەرزەوە ئەگەر لە ژێریدا بخەوی، دەتوانیت بگەیتە خەونەكانت. دوایین دار هەناری دنیایە. دوایین پەنا لە دنیادا، ئەم حەشارگە و هیوایە نووسەر بۆ كەسێتییەكانی ڕۆمانەكەی دروستی كردوووە تا دنیای رۆمانەكەی بە یەکجاری بەتاڵ نەبێ لە هیوا و یەكپارچە ڕەش نەبێت. دەتوانین لەم بارەیەوە ئاماژە بە كۆتاییی رۆمانەكەش بكەین. ئەو جێگایەی كە دەبینین گێڕەرەوەی رۆمانەكە، موزەفەری سوبحدەم هێشتا دەستی لە پەیداكردنی سەریاسی سوبحدەم هەڵ نەگرتوووە و هێشتا لەگەڵ هەموو ئەو مەترسیانەدا پەیداكردنی سەریاس خەونی ئەوە.
ئەمە واتە هیوادار بوون، ئەگەرچی ئێمە نابینین ئەو بگات بە سەریاس، بەڵام گوێمان لە دەنگێتی كە دەڵێ: "لە كوێی.. تۆ لە كوێی؟" گەیشتنی ئەو بە سەریاس هیچ بایەخێكی نییە، گرنگ زیندوو بوونی هیوا و ئەگەر و ئیمكانی دۆزینەوەیە. بگەڕێینەوە بۆ لای دار هەنار، جێگای حەوانەوەی كەسێتییەكانی ڕۆمانەكە.
هەنار هێمای زاوزێ و ژیان و زۆربوون و یەكگرتنە. بەڵام لێرەدا شتێكە لە سەرووی هەموو ئەمانەوە. لە ئەفسانەكانی خەڵكی ڕەشۆكیدا كاتێ كە پاڵەوانی چیرۆكەكە هیچ ئیمكان و هیوایێكی نامێنێ بۆ گەیشتن بە ویست و مەبەستەكانی، لە ژێر درەختێكی سەر ڕێگادا ڕادەكشێ، خەوتوو، یا لە خەون و بێداری دایە و دوو باڵدار بە سەر لقی درەختەكەوە دەنیشنەوە.
دەست دەكەن بە قسە كردن پێكەوە و لە گفتوگۆدا، ڕێگاچارەی كاری پاڵەوانەكە و ئەو كارانەی پێ دەڵێن كە دەبێ بیانكات، پرسەكە لێرە دایە كە باڵندەكان هەرگیز بە شێوەیێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پاڵەوانەكەدا نادوێن، ئەویش دەبێ بە حاڵەتی ڕاكشاوی لە ژێر درەختەكەدا بمێنێتەوە تا وەكوو قسە كردنی نێوان باڵندەكان تەواو بێت. ڕاڤەی دەروون شیكارانە لە بارەی ڕاكشانی پاڵەوانی ڕۆمان لە ژێر درەختەكەدا دەڵێ پاڵەوانی ڕۆمان لە حاڵەتی ڕاكشاو و خەون و بێداریی خۆیدا، لە هۆشیاری دووركەوتۆتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ناهوشیاری. لێرە دایە كە ڕێگاچارەی كاری خۆی دەدۆزێتەوە.
باڵندەكان لەم ڕاڤەیەدا زمانی ناهۆشیاری كەسێتییەكەن. نامەوێ لەم ڕاڤەیە و ئەم جۆرە تێڕوانینەدا لە لێكدانەوەی دار هەنار كەڵک وەرگرم. تەنیا ئاماژە دەكەم بە هاوشێوەبوونێک و بەس.
"دواهەمین هەنار" لە ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دنیا"دا، هەناری دەروونی و زاوزێ كردنی دەروونییە، گەڕانەوە بۆ ناو ناخ و دەروونی خود بۆ خۆپاراستن لە پیسیی دونیا، ئەمە ئەو حەشارگەیەیە كە بەختیار عەلی نیشانی كەسێتییەكانی ڕۆمانەكەی دەدات. "دارهەنار" دەركەوتنی بەشێک لە ڕوانینی عیرفانییە كە هۆشیارانە یان ناهۆشیارانە – نووسەر لەم ڕۆمانەدا بۆ مرۆڤ و پرسەكانی مرۆڤ هەیەتی.
ئەگەر بە باشی لەم مەسەلەیە تێگەیشتبم، دەبێ بڵێم خاڵێكی لاواز كە "دواهەمین هەناری دنیا"ی لە بە لووتكە گەیشتنی زیاتر و زۆرتر كە دەیتوانی بگات، ڕاگرتوووە، لێكدانەوەی ئەم پرسەیە و كاریگەری لە سەر پێكهاتە و ناوەڕۆكی ڕۆمانەكە كە دیارە كاری ئەم یاداشتە نییە. بەڵام بۆ تێگەیشتن لێی، وەرن كەمێک نزیک ببینەوە لە نووسەری "دواهەمین هەناری دنیا" وەک بینەرێک. مرۆڤەكانی ڕۆمانەكەی ئەو لە هەر تێكۆشانێكی خۆیاندا ڕووبەڕووی تێكشكان دەبنەوە، لە ڕوانگەی موزەفەری سوبحدەمەوە كە گێڕەرەوەی سەرەكیی ڕۆمانەكە و كەسێتی سەرەكیشە تا سەریاسەكان و یەعقووبی سنەوبەر و خوشكە سپییەكان و محەممەدی دڵشووشە و .. هتد، هەر هەموویان تێدەكۆشن و زۆر بە قورسی تێكدەشكێن – تێكشكان لە دەرەوە، ئەگەر بە باشی لێی تێنەگەیت، سەرەتای چوونەوە ناو ناخ و دەروونە. یەكێكە لە چەشنەكانی تێگەیشتن و بەرگرییە لە تێكشكانە قورسە كۆمەڵایەتی و كەسییەكان. كەممان بینیوە یان بیستووە كە دوابەدوای تێكشكانی بزووتنەوەكان و نەمانی ئامانجەكان، وەستان و سستی هاتوووە؟ كەسێتییەكانی دواهەمین هەناری دنیا ڕەنگدانەوەیێكی تێكشكانی كۆمەڵایەتیی تاكەكەسین.
تێكۆشان بە تێكشكان كۆتاییی دێت: هەوڵ و تێكۆشانی موزەفەری سوبحدەم بۆ پەیدا كردن و دۆزینەوەی سەریاس، تێكۆشانی سەریاسی دووەم بۆ پاراستن و پارێزگاری كردن لە پەیوەندیی ڕێكخستنی نێوان كۆڵبەرەكان، هەوڵ و تێكۆشانی سەریاسی سێیەم بۆ ئەوەی نەبێتە داشێكی شەڕ و كەس نەكوژێت، تێكۆشانی محەممەدی دڵشووشە بۆ گەیشتن بە خۆشەویستەكەی، تێكۆشانی خوشكە سپییەكان.. تێكشكان ئاكامی هەموو ئەم تێكۆشانانەیە. ئەگەر بە وردی سەیری گۆڕان و گەڕانەوەی كاتی رووداوەكانی ڕۆمانەكە بكەین، پەی بەوە دەبەین كە زۆربەیان لە "ئێوارە"دا ڕوو دەدەن. خوازەیێكی تر لەو كەشە زاڵەی كە بە سەر كەسێتییەكانی ڕۆمانەكەوەیە. ئایا ئەمە تراژیدیای مرۆڤە لە سەدەی بیست و یەكەمدا؟ دیارە ئەگەر كاری دنیا لە سەر ئەم بازنەیە بڕوات، لەناوچوونەكان و نەمانەكان هێشتا درێژەیان دەبێ.
بەڵام لەپەنای ئەم دۆخە ترسناكەدا، هیواگەلێک هەیە كە نەک تەنیا لە ناوەوەی مرۆڤە بەڵكوو لە دەرەوەی ئەوە. لە پەنای دەنگی ترسهێنەر و گوێ كەڕكەری بۆمباكاندا و هەژاری و بێ مافی و شەڕ، دەنگێكی دیكە هەیە. دەبێ گوێیەكانمان و چاوەكانمان تیژتر بكەین. تا بیبینین و بیبیستین. ئەمە دەنگی سەریاسی یەكەم، محەممەدی دڵشووشە و خوشكە سپییەكانە كە دیسان وەستاون تا وەكو ئەوەی كە لە دەرەوەیە بیگۆڕن.
ئەمە دەنگی هەموو ئەو مرۆڤانەیە كە لەگەڵ هەموو ئەو تێكشكانانە و بێ ئاكامییانەدا دیسان هەڵدەستنەوە لە جێگادا، لە بەر ئەوەی بڕوایان وایە مرۆڤ دەبێ لە دنیایێكی جوان و لە پەیوەندیگەلی مرۆییدا بژین و بڕوایان وایە كە دەكرێ وا بێت و دەبێت وابێت.
وەرگێڕانی: مەریوان هەڵەبجەیی
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment