پەیامی سەرەخۆشیی بەرپرسانی هەرێم و نێردە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆچی داویی پارێزگاری هەولێر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەولێر لە چەند پەیامی جیاجیادا پرسە و سەرخۆشیی خۆیان بۆ کۆچی دوایی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەربڕی.

کوردپرێس دەقی پەیامەکان بڵاو دەکاتەوە:

دەقی پەیامی هاوخەمیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بەخەم و پەژارەیەکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر (د. فرسەت سۆفی)مان پێگەیشت. کاک د.فرسەت کەسێکی نیششتمانپەروەر و دڵسۆز و لێهاتوو بوو. هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە خزمەتکردنی نیشتمان و خەڵکیدا بە سەربرد و لە هەموو پۆست و بەرپرسیارەتییەکانیدا، لە قۆناغی پەرلەمانتاریی و دواتریش، داکۆکیکارێکی دیاری پرۆسەی چاکسازیی بوو. بەتایبەتی وەک پارێزگاری هەولێر، ئەرکەکانی بە دڵسۆزی و لە خۆبردوویی بەجێ دەگەیاند و خۆم لە نزیکەوە، ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامەیی ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتی ، بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم و زیانێکی گەورەشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەم بۆنە خەمناکەوە، ماتەمینی خۆمان ڕادەگەیەنین و پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی و خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای هەولێر دەکەم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و ئارامیش بە هەموولایەکمان ببەخشێت.

یاد و هەڵوێستەکانی کاک د.فرسەت سۆفی هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.

دەقی پەیامی قوباد تاڵەبانی :

بە‌ڕێزان كە‌سوكار و بنە‌ماڵە‌ی كۆچكردوو كاك فرسە‌ت سۆفی

زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ خزمەتکارێکی جوان و دڵسۆزی کوردستان و بە تایبەت هەولێرمان لێ رۆیشت.

فرسەت سۆفی نەک تەنها کەسێکی کارا و دڵسۆز و خەمخۆر بوو، بەڵکو هاوڕێشم بوو. کەسێک بوو کە بەردەوام بە بێ دەنگی پێکەوە ئاگر و ناکۆکی سیاسیمان ئەکوژاندەوە. هەمیشە پەرۆشی یەکڕیزیی سیاسیی کوردستان بوو. دەستی هەبوو لە هەموو رێککەوتن و هەنگاوەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردوو لەپێناو ئارامیی و تەبایی نێوان یەکێتی و پارتی. کەسێک بوو نەدەترسا راستیەکان بە سەرووی خۆی بڵێ، نەشدەترسا هەڵوێستی جوامێرانە بنوێنێت.

راستە کاک فرسەت سەرکردایەتی پارتی بوو، پارێزگاری هەولێر بوو، بەڵام تەنها هی هەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوو، کاک فرسەت، هی هەمووان بوو و لە دەست هەمووان رۆیشت.

رۆحی شاد بێت.

دەقی پەیامی هاوخەمیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

بەبۆنەی كۆچی دواییی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێره‌وه‌، لە دڵەوە خەمگینی و ماتەمینیی خۆمان ڕادەگەیه‌نین و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری و هەموو خەڵكی پارێزگای هەولێر و کوردستان دەكەم.

د. فرسەت سۆفی هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە ڕۆڵێكی گرنگی لە ڕیزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا گێڕا، دواییش وەك كادیرێكی پێشكەوتوو لە بواری كاری جەماوەریدا ڕۆڵی هەبوو، هەروەها وەك پەرلەمانتارێكی چالاك و یاساناسێكی لێهاتوو ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پەرلەمانی كوردستاندا هه‌بوو. كارزانی، دەستپاكی، نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەری.

دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر، زۆر بە دڵسۆزییەوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە دەچوو، زۆر پڕۆژەی هەبوون بۆ پێشخستنی زیاتری شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر. بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات.

خوای مه‌زن گیانی به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات و دڵنەوایی بە هەموو لایەك ببەخشێت. كار و دڵسۆزیی د. فرسەت سۆفی، هەمیشە لە یادی ئێمەدا دەمێنێتەوە.

پەیامی سەرەخۆشیی مەسعوود بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

هەواڵی كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر زۆر خەمبار و دڵتەنگی كردم. خوالێخۆشبوو د. فرسەت سۆفی نموونەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاكی و، كادیرێكی نیشتیمانپەروەر و چالاك بوو كە لە ماوەیەكی كەمدا توانی خۆی بسەلمێنێ و جێگەی خۆی لەناو دڵی جەماوەردا بكاتەوە. لەدەست دانی گەنجێكی دڵسۆزی وەك د. فرسەت خەسارەتێكی گەورەیە، كوڕێكی خۆم لەدەست دا.

سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو د. فرسەت و هەموو هاوكارانی لە حكوومەت و پارێزگا و تەواوی خەڵكی شاری هەولێر دەكەم و لە خودای گەورە داواكارم جێگەی بەهەشت بێت و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

په‌یامی هاوخه‌میى ڕێواز فایه‌ق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان:

زۆر بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێرو ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر فرسەت سۆفی-مان پێگەیشت.

دکتۆر فرسەت کەسێکی جیاوازو تایبەت بوو، هاوڕێیەکی بەئەمەک و جێگەی متمانەبوو، پەرۆشی یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی بوو، هەرکات ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان و بەتایبەت یەکێتی و پارتی دەگەیشتە ئاستێک کە لەچارەسەر بێئومێد ئەبووین، ئەو ئازایانە کاری بۆ گرێدانەوەى ئەکرد، بۆیە شایەدی بۆ دەدەم لەماوەی (٥) ساڵی کارکردنمان پێکەوە هەرگیزو لەهیچ بارودۆخێکدا هۆکاری تێکدان و ترازان نەبوو.
د.فرسەت وەک پارێزگار بەختی ئەوەی نەبوو پلان و بەرنامەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام هەر لەسەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە شەوو ڕۆژی خستە سەریەک لەپێناو خزمەتکردن و خۆشەویستی و پاراستنی هەولێرییەکان، دواجاریش هەر بەهۆی دڵسۆزی کارکردن و بەریەککەوتنی بەردەوامی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان بەقورسی دووچاری ئەم پەتا نەگریسە بوو، زۆر بەداخەوە کەمەرگ ڕێگەی پێنەدا پڕۆژە نیشتمانییەکانی بگەیەنێتە ئامانج، کۆچی دوایی د.فرسەت سۆفی خەسارەتێکی ئێجگار گەورەیە، داخ و کەسەرێکی گەورەی خستە دڵمانەوە، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەو کەسوکاری و هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەکەین، داواکارین لەخوای گەورە سەبرو ئارامی بەخانەوادەو ئازیزانی ببەخشێ و خوالێخۆشبوو بەبەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات.

دەقی پەیامەکەی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان:

وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەو كاتەی د. فرسەت سۆفی مامۆستای زانكۆ، پەرلەمانتار و پارێزگاری هەولێر بووە، خزمەتی زۆری كردووە و جێپەنجەی دیار بووە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە پەیامێكدا كە ئاراستەی بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی كردووە، ئاماژەی بەوە داوە: ”بەداخ و پەژارەیەکى زۆرەوە بۆ کۆچی دوایى برا و هاوڕێى ئازیزم کاک د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، مخابن بۆ لەدەستدانی کەسایەتییەک کە هەوێنى تەبایی و برایەتى و کارى باش و دڵسۆز بوو“.

ئەوەشی راگەیاندووە: ”له ناخمەوە نيگەرانم بۆ لەدەستدانى برا و هاوڕێ و دراوسێیەکى زۆر باش، هاوبەشى خەمتانم“.

بێگەرد تاڵەبانی جەختی لەوە كردۆتەوە، ”د. فرسەت سۆفی کاتێک مامۆستاى زانکۆ، پەرلەمانتار و پارێزگاری هەولێر بوو، خزمەتی زۆری کردووە و جێپەنجەی دیار بووە“.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ١١ی ٢٠٢٠، دوای تێپەڕبوونی سی ڕۆژ بەسەر تووشبوونی بە پەتای كۆرۆنا، د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.

دەقی پەیامەکەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا:

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە تویتێکدا دەڵێ "هەموومان لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، سەرەخۆشی دەکەین بەهۆی کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، هاوخەمی خێزانەکەی، هاوڕێکانی و خەڵکی کوردستانی عێراقین بەو بۆنەوەیەوە''.

دەقی پەیامەکەی کونسوڵخانەی بەریتانیا:

هەروەها کونسوڵخانەی بەریتانیا لە دوو تویتدا بە زمانی کوردی و ئینگلیزی نووسیویەتی "زۆر بەداخەوەین بە بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی د. فەرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر. سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادەکەی و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەردەبڕین".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 108

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha