ئێران هەوڵ دەدات یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاش سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا و ئێران ئەنجام درا و لە کۆتاییی دانیشتنەکەدا بەیاننامەی ئەو ئەنجومەنە دەرکرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە بەشێکی گرینگی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا تیشک خراوەتە سەر سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران و ئەو دیدارە بە ئیجابی وەسف کراوە و نێچیرڤان بارزانی لەو بارەیەوە وتی: ئێران هەوڵ دەدات یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

هەروەهاش له‌م باریه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكان به‌ڕووی هه‌رێمی كوردستاندا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی كرد و سەردانەکەی خۆیی بۆ ئێران به‌ هه‌نگاوی زۆر به‌رهه‌مدار بۆ هه‌رێمی كوردستان زانی.

بارزانی دواتر به‌ وردی باسی له‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان سه‌ركۆمار حه‌سه‌ن ڕۆحانی، عه‌لی شه‌مخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و عه‌لی لاریجانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد و به‌ سه‌ردانێكی زۆر سه‌ركه‌وتوو و به‌رهه‌مدای وه‌سف كرد.

بارزانی ڕایگه‌یاند ئێران هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و پاراستنی ئاسایشی یه‌كتریدا فراوانتر بكات، وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدات و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چاره‌سه‌ركرنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌پێی ده‌ستوور و دابین كردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

ناوبراو جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ ‌گه‌ر ده‌ستوور وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرابوایه‌ ئه‌وا هیچ كام له‌و كێشانه‌ی ئێستا له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ن، نه‌ده‌هاتنه‌ ئاراوه‌.

هەر لەو دانیشتنەدا باس له‌ سه‌ردانی شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا كرا و له‌و باره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پوخته‌یێكی ده‌رباره‌ی سه‌ردانی به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ پێشكه‌ش كرد.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و سه‌ردانه‌ی به‌ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی و سه‌ره‌تایێكی باش بۆ توانه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌كی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ده‌ست پێكرنی دانوستان و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌قه‌ڵه‌م دا، ئه‌وه‌ش بیرهێنرایه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه‌ دیالۆگ و لێكگه‌یشتنی به‌ گونجاوترین ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان زانیوه‌ و ئێستاش ئه‌نجومه‌ن له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ گفتوگۆی هاوسه‌نگ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا به‌ شێوه‌یێك مافه‌كانی گه‌لی كوردستانی تێدا ده‌سته‌به‌ر بكرێت، باشترین ڕێگایه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60101

News Code 10795

Your Comment

You are replying to: .
captcha