یووسف محه‌ممه‌د داوا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دەکات پاڵپشتی له‌ عه‌فرین بکەن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی ده‌ست‌له‌کارکێشاوه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ په‌یامێکدا خوازیاری پاڵپشتیی کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی و ئازادیخوازانی جیهان له‌ عه‌فرین بوو بۆ ڕاگرتنی هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ و جه‌ختی کرده‌وه‌: شه‌ڕی تورکیا له‌گه‌ڵ کورده‌کان مه‌حکوومه‌ به‌ شکست.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یووسف محه‌ممه‌د سه‌رۆکی ده‌ست‌له‌کارکێشاوه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا بانگه‌وازێكی به‌په‌له‌ بۆ سه‌رجه‌م ئازادیخوازانی جیهان له‌سه‌ر هێرشه‌کانی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر شاری عه‌فرین بڵاو کرده‌وه‌.

د. یووسف محه‌ممه‌د له‌و بڵاوکراوه‌دا ڕای‌گه‌یاندوووه‌: "ئه‌مڕۆ جارێكی‌تر گه‌لی سه‌ربه‌رزمان له‌ سووریا كه‌وتووه‌ته‌وه‌ به‌رده‌م ده‌ستدڕێژیكارییێكی دوژمنكارانه‌ی‌تر به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌ لایه‌ن سوپای توركیا و هاوكارانی."

یووسف محه‌ممه‌د ئاماژه‌ی به‌وه ‌داوه‌ "جیهان قه‌رزاری فیداكاری و قوربانیدانی ژن و پیاوه‌ قاره‌مانه‌كانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و سوپای سووریای دیموكراته‌ له‌ به‌رامبه‌ر دڕنده‌ترین گرووپی تیرۆریستیی جیهان واتا داعش، هه‌ر له‌ عه‌فرین و كۆبانێوه‌ تا ڕه‌قه‌‌ و ده‌یره‌زوور و شه‌نگال".

سه‌رۆکی ده‌ست‌له‌کارکێشراوه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌وه‌شی وتوووه‌: "ئه‌مڕۆ ئه‌ركی هه‌موومانه‌ به‌رگری له‌ گه‌لی سیڤیل و ئاشتیخواز و دژه‌تیرۆری عه‌فرین بكه‌ین و فشار بكه‌ین بۆ وه‌ستاندنی په‌لاماری نابه‌رامبه‌ری سوپای توركیا بۆ سه‌ریان".

هاوکات ناوبراو وتووشیه‌تی: "ئه‌ركی ئه‌خلاقی و مرۆییی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژ به‌ تیرۆره‌ كه‌ پارێزگاری له‌ یه‌كێک له‌ هاوپه‌یمانه هه‌ره‌‌كاریگه‌ره‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆر بكات له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".

یووسف محه‌ممه‌د له‌ کۆتاییی ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا داوای له‌ ده‌وڵه‌تی توركیا کردووه‌ له‌ بڕی شه‌ڕ بیر له‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان بكاته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌مان له‌ سووریا چوونكه‌ شه‌ڕ دژ به‌ گه‌له‌كه‌مان مه‌حكوومه‌ به‌ شكست.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10750

Your Comment

You are replying to: .
captcha