نێچیرڤان بارزانی: یه‌په‌گه‌ پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت / پێوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا گرینگە بەڵام ئێرانیش دراوسێی لەمێژینەمانە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەری ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەچەند پرسێکی ناوچەکە و کاریگەریی ڕووداوەکانی ئەم دواییە کرد، بەتایبەتی دۆخی کوردانی سووریا کە دەبێت “پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە” بپچڕێنن ئەگەر بیانەوێت پرسی کورد سەربکەوێت لە سووریا.

کوردپرێس:

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەری ئەلمۆنیتەری ئەمریکی باسی لەوە کرد کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا دەبێت کوردانی سووریا زیاتر لە حکوومەتی سووریا نزیک ببنەوە، هەروەها بەپێچەوانەشەوە، بگەنە رێککەوتن و بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕووسیا بگەنە ئەنجامیک کە کورد مافی دەستووریی بدرێتێ و دانی پێدابنرێت، بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەوە «من چەندین جار ئەوەم وتووە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە لە قەندیل بپچڕێنن».

«ڕووسەکان دەتوانن جیاوازییێک دروست بکەن، کاتێک من ماوەیێک پێش ئێستا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆ بوومەوە، بەتایبەت داواملێکرد هاوکاربێت بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێک لەنێوان کوردو حکومەتی سوریا، بڕوام وایە سەرۆک پوتین دەبێت لەمبارەوە هەوڵێکی زیاتر بدات”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە تێنەگەشتن لە «نیگەرانییەکانی تورکیا»و خۆ بەدوورنەگرتن لەئەجێندای پەکەکە پاڵنەری داگیرکارییەکەی تورکیا بوو بۆ نێو باکوری سوریا کە لەئەنجامدا بووەهۆی دەستبەسەرداگرتنی چەندین شارۆچکەی سنوری سوریا-تورکیا، لەوانە گرێ سپی و سەرێکانی، کە بەدەست هەسەدەوە بوون دوای ئازادکردنی ناوچەکە لەدەستی داعش.

«من هەمیشە وتوومە ئەوان هەموو شتێکیان کرد بۆ تووڕەکردنی تورکیا، ئاڵاکانی پەکەکە و هەروەها وێنەی گەورەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان لەسەر سنوورەکانی تورکیا دانا. ئەوان هەموو فەرمانەکانیان لە پەکەکە وەردەگرن. ئەوەی پێویستە ئەوان بیکەن ئەوەیە قەناعەت بەتورکیاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن کەئەوان بەشێک نین لەئەجێندای فراوانی پەکەکە، ئەگەر ئەمە سەلمێندرا، پێموایە دەرفەتێکی کەم هەیە تاوەکو دۆخەکە باشتر ببێت».

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نێچیرڤان بارزانی ستایشی رۆڵی کوردی سوریا دەکات لەتێکشکاندنی داعش و لەدەستدانی (١١) هەزار شەڕەڤان و دەڵێت: ئەو قوربانییە مەزنەی داویانە لەبەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژ بەداعش، بۆ ئازایەتی و خۆتەرخانکردنیان، ئەو قوربانییە زۆرەی ئەوان داویانە بەتەنیا بۆ بەرگریکردن لەخۆیان و لەسوریا نەبووە، بەڵکو بۆ بەرگریکردن بووە لەمرۆڤایەتی کەئێمە بەسوپاسکردنێکی گەورە قەرزاریانین.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بەگەشتنە ئاشتی و پرسی کورد لەتورکیا باس لەوەدەکات کەدەبێت تورکیا هەنگاو بنێت بەرەو پەکەکە و ئۆجەلان و هەردوولا کێشەکانیان ببەنە تورکیا نەک شەڕی خۆیان لەهەرێمی کوردستان و عێراق بکەن.

«ئێمە ناتوانین رێگەبدەین هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێکی هێرشکردن بۆ سەر هیچ یەکێک لەهاوسێکانمان. دواجار ئەم کێشەیە دەبێت لەتورکیا بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەربکرێ. هەرکاتێک من چاوم بەبەرپرسانی تورکیا کەوتبێت ئەوەم بیرهێناونەتەوە کەپێویستە ئەم کێشەیە لە رێگەی دایەلۆگەوە چارەسەربکرێت لەگەڵ ئۆجەلان، نەک لە رێگەی جەنگەوە. ئەمە لەبەرژەوەندیی هەردوولایە. پێویستە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازادبکرێت تاکو رۆڵی خۆی بگێڕێت».

لەدرێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لەئەدای مەسرور بارزانی دەکات وەک سەرۆکی حکومەتی نوێ و ستایشی دەکات، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە کەسەردەمی ئەو حکومەت لەقەیراندا بوو، بەڵام حکومەتی ئامۆزاکەی کاتێک پێکهێنرا کە کێشەکانی هێور بووبوونەوە.

«ئەگەر سەیری ئەدای حکوومەتەکانی رابردوو بکەی، ئێمە زۆرجار لەدۆخی بەڕێوەبردنی قەیراندا بووین، هەبوونی ناکۆکی بودجە لەگەڵ بەغدا، دواتر داعش. لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا دەسکەوتی باش بەدەست هاتوون، هاوکات هەڵەش ئەنجام دراوە. حکوومەتی نوێ بەهەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بە‌غدا و تێکشکاندنی داعش لەڕووی خاکییەوە راگەێندرا، بۆیە بەشێوەیێکی بەرفراوان دەستی کرد بەئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی و جێبەجێ­کردنی چاکسازییەکان و هەوڵ دەدات کاری باشتر بکات. پێم وایە سەرۆکوەزیران کارێکی زۆر باش دەکات، ئەو هاوسەنگییێکی زۆر باشی لە کابینەکەیدا هەیە، راستگۆیانە بڵێم، ئەو کارێکی زۆر باش دەکات».

لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی ئێستای عێراق و قووڵبوونەوەی گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا لەدوای شەهیدکرانی ژنەراڵ قاسم سولەیمانی لە ٣ی کانونی دووەم، نێچیرڤان بارزانی وتی: «ئەم رووداوە لافاوێک لەهەست و سۆزی لە عێراق و ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێنا. کاردانەوە سەرەتاییەکان و وەڵامدانەوەی هەموو لایەنەکانیش لەم هەست و سۆزەوە هەڵقوڵابوون. ئەمە کاردانەوەی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەگرێتەوە. لەژێر هەمان چوارچێوەدا، وەڵامی واشنتن بۆ هێشتنەوەی هێزەکانیان لە عێراق بەبێ گوێدانە ئەوەی پەرلەمان یان حکوومەت چی دەڵێن، ئەمە بەبۆچوونی من لەم چرکەساتە گەرمە سەرچاوەی گرتبوو. کاری لەپێشینە ئەوەیە هەست و سۆزەکان وەلابنرێن و هۆکارەکان دەربخرێن. ئێمە پێویستە جڵەوی دۆخەکە بکەین و بیهێنینە ژێر کۆنترۆڵ».

سەرۆکی هەرێم پێی وایە کە بەشداری­نەکردنی فراکسیۆنە کوردەکان لەدانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە ٥ی کانونی دووەم کارێکی باش بوو، چوونکە هێشتا مانەوەی ‌هێزەکانی ئەمریکا پێویستە لە عێراق.

سەبارەت بە تووڕەییی حکوومەتی عێراق لەسەر ‌هێرشەکەی ئەمریکا و شەهیدکرانی ژنەراڵ قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغداد، نێچیرڤان بارزانی باس لەوە دەکات کە سەرۆک وەزیران حەقی خۆیەتی گلەییی هەبێت لە ئەمریکا، چوونکە «بەبێ ئاگاداربوونی ئەو» هێرشەکە کراو «ئەمەش وای کردووە کە کاردانەوەیێکی نەرێنی لەبەغداوە بەدوای خۆیدا بهێنێت».

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش دا کەدەتوانن وەک نێوەندگیر لەنێوان ئەمریکا و ئێران کار بکەن و کێشەکان بە «دیالۆگ» چارەسەر بکەن و نایانەوێت کوردستان ببێتە مەیدانی جەنگ. بۆیە گوتی: «ئێمە لە کوردستان نامانەوێ عێراق ببێتە مەیدانی جەنگ و تێیدا ئێران و ئەمریکا ململانێکانیان یەکلایی بکەنەوە. پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئەمریکا زۆر گرنگە، بەڵام ئێرانیش هاوسێی لەمێژینەی ئێمەیە، لەوکاتەوەی عادل عەبدولمەهدی بووە بە سەرۆکوەزیران، هەوڵی داوە خۆی بەدوور بگرێ لەوەی لەململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تێوەبگلێندرێت.

سەرۆکی هەرێم باسی لەوەش کرد کە وەڵامدانەوەی ئێران لەئاراستەکردنی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق لەتۆڵەکردنەوەی تیرۆری سەردار سولەیمانی توانای ئێران دەردەخات و گوتیشی: «هاوێشتنی مووشەکەکان پەیامێکی زۆر روون بوو بۆ هەموو لایێک کە ئێران توانای هەیە بۆ هێرشکردنە سەر هەر بەشێکی عێراق.»

News Code 107268

Your Comment

You are replying to: .
captcha