له‌ کوردستان کارخانه‌ و پیشه‌ دانسقه‌یه‌/ ده‌رچوووانی زانکۆ و په‌یمانگاکان کۆڵبه‌ری ده‌که‌ن

به‌شی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا- نوێنه‌ری خه‌ڵکی بۆکان له‌ په‌ڕله‌مانی ئێران ده‌ڵێت: کوردستان له‌ کارخانه‌ و که‌رتی پیشه‌ بێبه‌شه‌ و ده‌رچوووه‌ کورده‌کانی زانکۆ و په‌یمانگاکان ڕوو ده‌که‌نه‌ کۆڵبه‌ری.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، قه‌سیم عوسمانی له‌ دانیشتنی فه‌رمیی په‌ڕله‌مان ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 1ی ڕێبه‌ندان تیشکی خسته‌ سه‌ر وته‌کانی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕش و گوتی: به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ناکارامه‌ بوون و قه‌یرانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌وه‌ هه‌ندێک برینی ناسۆر سه‌ریان هه‌ڵداوه‌. ئێستا پێویسته‌ هه‌موو ده‌فرایه‌تییێک له‌ قه‌باره‌ی پلانێکی گشتگیردا به‌ کار بهێندرێت و به‌ شێوازێکی گونجاو و کاریگه‌ر جێبه‌جێ بکرێت تاوه‌کوو ئامانج و ڕێبازی داهاتووی وڵات گه‌ره‌نتی بکرێت. له‌و پێناوه‌شدا دیاره‌ ڕوانینێکی نیشتمانی و سه‌رووحیزبی پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجه‌کان ده‌سته‌به‌ر ببن.

ئه‌و نوێنه‌ره‌ی په‌ڕله‌مان تیشکی خسته‌ سه‌ر کێشه‌ و قه‌یرانی ئابووریی خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتی و گوتی: پێویسته‌ حه‌قیقه‌ت ده‌ربخرێت بۆ ئه‌وه‌ی زامه‌کان ده‌رمان بکرێن. یه‌ک له‌و برینه‌ کۆنانه‌ش قه‌یرانی ئابووریی کوردستانه‌ که‌ ئیراده‌یێکی جیدی بۆ چاره‌سه‌ر کردنی له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ نابینرێت و پڕۆسه‌ی ئابووری و ئاوه‌دانکاری له‌ کوردستان به‌ گشتی ڕه‌وتێکی نێگه‌تیڤ و به‌ره‌و پاشی هه‌یه‌.

عوسمانی جه‌ختی کرده‌وه‌: له‌به‌ر هه‌ژاری و بێکاری زۆرینه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی ده‌رچووی زانکۆ و په‌یمانگاکانن په‌نا ده‌بن بۆ کۆڵبه‌ری کردن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و تێچوووه‌ی بۆ به‌شی سنوورپارێز و سه‌ربازیی ڕێڕه‌وه‌ کۆڵبه‌رییه‌کان ته‌رخان کراوه‌ بۆ به‌شی ڕه‌خساندنی هه‌لی کار بگوازرێته‌وه‌ بێگومان ئه‌و کۆڵبه‌رانه‌ی گیانی خۆیان له‌ده‌ست داوه‌ ئێستا پاسه‌وانێکی باش و هه‌رزان بوون بۆ ئێران و پرسیاره‌که‌ ئه‌مه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی کار بۆ گه‌نجه‌ خوێنه‌واره‌کان نییه‌ خه‌تای کێیه‌؟ دیاره‌ به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌رپرسانی جێبه‌جێکاری وڵات له‌و باره‌یه‌وه‌ که‌م توانا بوون و لێکه‌وته‌که‌شی بۆ گه‌نجانه‌ و داوێنی ئه‌و چینه‌ی گرتوووه‌ که‌ زۆرینه‌یان تووشی کێشه‌ی ده‌روونی و بێ‌هیوایی بوون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10711

Your Comment

You are replying to: .
captcha