ڕێگه‌ مه‌ده‌ن عه‌فرین وه‌ک کۆبانێی لێ بێت

به‌شی جیهان- 15 چالاک و مامۆستای زانکۆ له‌ به‌یاننامه‌یێکدا داوای پێداگریی وڵاتانی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ نه‌ده‌ن تورکیا ده‌ست به‌ سه‌ر عه‌فریندا بگرێت. ناوی نۆڤام چامسکی زمانناسی به‌ناوبانگیش له‌و لیسته‌دا ده‌بینرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ به‌یاننامه‌که‌دا نووسراوه‌: ئێمه‌ وه‌کوو ئه‌ندامانی ئاکادیمی و چالاکانی زانکۆ ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ واژۆ ده‌که‌ین و داوا له‌ سه‌رکرده‌کانی ڕووسیا، ئێران و ئه‌مریکا ده‌که‌ین ڕێگه‌ نه‌ده‌ن تورکیا سنووره‌کانی سووریا ببه‌زێنێت و ئیزنی خه‌ڵکی عه‌فرین بدرێت له‌ سووریا به‌ ئاسایش و ئاشته‌وایی ژیانیان به‌ سه‌ر به‌رن.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا زیاد کراوه‌: عه‌فرین که‌ زۆرینه‌ی حه‌شیمه‌ته‌که‌ی کوردن یه‌ک له‌ سه‌قامگیرترین و هێمن‌ترین شاره‌کانی سووریایه‌ که‌ که‌مترین ئاستی یارمه‌تیی نێوده‌وڵه‌تیشی پێ گه‌یشتوووه‌ و له‌ ماوه‌ی 5 ساڵی ڕابردوودا ئاواره‌یێکی زۆری سووری ڕوویان تێ کردوووه‌ و حه‌شیمه‌تی شاره‌که‌ دوو قات بۆته‌وه‌ و گه‌شتۆته‌ 400 هه‌زار که‌س.

ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی کردوووه‌ که‌ هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر یه‌په‌گه‌ که‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریکایه‌. تورکیا ئه‌و هێزانه‌ به‌ تیرۆریست ده‌زانێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ ئه‌نجومه‌نی ئیداریی دیموکراتیی خۆجێیییان له‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان دامه‌زراندوووه‌. ئه‌و هێزه‌ ته‌نها ده‌یهه‌وێت وه‌کوو هێزێکی به‌رگریکار بۆ کوردی سووریا و دیکه‌ی پێکهاته‌کانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ تایبه‌ت له‌ عه‌فرین ده‌ور ببینێت.

واژۆکارانی به‌یاننامه‌که‌ گوتوویانه‌ تورکیا هێزی سه‌ربازیی زۆری له‌ سنووری ئه‌و وڵاته‌ جێگیر کردوووه‌ و ئه‌ردۆغان به‌ڵێنی داوه‌ هه‌ڵکوتێته‌ سه‌ر ئه‌و کانتۆنه‌ کوردنشینه‌ و گیانی هه‌زاران خه‌ڵکی سڤیل و ئاواره‌ بکاته‌ قوربانی و به‌و شێوازه‌ دوژمنایه‌تیی خۆی به‌رانبه‌ر به‌ کورد په‌یڕه‌و ده‌کات.

له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا نووسراویشه‌: تورکیا نایهه‌وێت به‌ بێ ئیزنی دوو وڵاتی ڕووسیا و سووریا و بێده‌نگیی ئه‌مریکا هێرش بکاته‌ سه‌ر عه‌فرین. ئه‌مریکا و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌رکی ئه‌خلاقیی خۆی پشت له‌ کورد نه‌کات بۆیه‌ داوا له‌ ئه‌مریکا و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌که‌ین سه‌قامگیری و ئاسایشی عه‌فرین گه‌ره‌نتی بکه‌ن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن تورکیا له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی سووریا هێرش بکاته‌ سه‌ر عه‌فرین.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی Region

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10669

Your Comment

You are replying to: .
captcha