بهپێی ههواڵی کوردپرێس، سلێمان عەرەب، ئەندامی نوێنەرایەتیی پەیەدە لە هەرێمی كوردستان بە خەندان-ی ڕاگەیاند: "هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا دوای ئەوە دێت كە پلان و سیاسەتەكانی لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ نەبوو، ئێستا لە ڕێگەیێكی دیكەوە هێرشی بۆ سەر كورد دەستپێكردوووە و دەیەوێت داگیركاری ئەنجام بدات".
ئاماژەی بەوەش كرد: "تا ئێستا چەند جارێک تۆپبارانی چەند ناوچەیێكی عەفرین كراوە لە لایەن هێزەكانی توركیا و هێز لە ناوچە سنوورییەكانی عەفرین كۆ كراوەتەوە، بەڵام خەڵكی عەفرین بڕیارییان داوە ماڵەكانیان چۆڵ نەكەن و لە بەرامبەر هەر هێرشێكی داگیركاری ڕووبەڕووی سوپای توركیا ببنەوە و هاوشێوەی كۆبانێ بەرخۆدان بكەن".
پێشتر ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی و سەركۆماری توركیا هەڕەشەی ئەوەی كردبوو لەوانەیە شەوێک لەناكاو بچنە عەفرین.
سلێمان عەرەب باسی لەوەش كرد: "لە ماوەی ڕابردوودا كوردانی ڕۆژئاوا ویستیان سیتسمێكی فیدڕاڵی بۆ باكووری سووریا دابمەزرێنن، ئەوەش لە پاش ئەو سەركەوتنە مەعنەوی و سیاسییەی كورد بەدەستی هێنا لە ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئێستا توركیا دەیەوێت بە جێبەجێ كردنی سیاسەتەكانی خۆی لە ناوچەكە سەركەوتنی گەورەی هێزە سەربازییە كوردییەكان و گەلی ڕۆژئاوا لە ناو ببات".
ئەو ئەندامەی نوێنەرایەتیی پەیەدە لە هەرێمی كوردستان دەشڵێت: هێزە كوردییەكان لە سووریا بڕیاریان داوە لە دژی سیستهمی تیرۆریستی و دەستدرێژی بۆ سەر عەفرین بوەستنەوە و كار بۆ پاراستنی دانیشتووانی عەفرین و خەڵكی مەدەنی ناوچەكە بكەن.
سلێمان عەرەب ڕوونیشی كردەوە: "ئەو ئۆپەراسیۆنەی توركیا لە دژی دیموكراسی و پڕۆژەی چارەسەرییە بۆ دۆخی كورد لە سووریا و توركیا دەیەوێت بۆ جێبەجێ كردنی پلان و بەرنامەكانی هێرش بۆ سەر خەڵكی عەفرین و دانیشتووانی كورد لە ناوچەكە بكات و پێویستە کورد له ههموو جیهان پاڵپشتی لە گەلی عەفرین بكەن و نەهێڵن داگیركاری لەو ناوچانەدا ڕوو بدات".
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment