هەولێر یارمەتیی بە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا نەگەیاندووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای‌ كۆتایی هاتنی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم جەختی کردەوە هەولێر هیچ یارمەتییێکی بە ENKS نەگەیاندووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی ئەوڕۆ 27ی بەفرانبار پاش كۆتایی هاتنی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری هەواڵنێرانی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دایەوە.

بارزانی ڕایگەیاند پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا ڕووبە باشتر بوون و ئاسایی بوونە.

نابراو یارمەتی گەیاندنی هەولێری بە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا و یارمەتیی 2 ملیۆن دۆلاری بۆ یەکێتیی ڕەت کردەوە.

ناوبراو زیادی کرد:

حكوومه‌تی‌ هه‌رێمیش به‌گوێره‌ی‌ داهاتی‌ ناوخۆیی مووچه‌ی‌ مانگانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ڕاناگیرێت.

سه‌باره‌ت به‌كردنه‌وه‌ی‌ حساب بانكی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، بارزانی‌ ڕه‌تی كرده‌وه‌ و وتی‌: تا ئێستا حكوومه‌تی‌ هه‌رێم پاره‌ی‌ نه‌خستۆته‌ سه‌ر هیچ حساب بانكیێكی‌ هه‌رێم و جگه ‌له‌وه‌ش حكوومه‌تی‌ هه‌رێم حساب بانكی تایبه‌تی‌ نییه‌ كه‌ پاره‌ی‌ خرابێته‌ سه‌ر، ئاگاداری ڕه‌وانه‌ كردنی‌ پاره‌ش نین بۆسه‌ر هیچ حساب بانكیێكی‌ هه‌رێم، چوونكه‌ وه‌كوو وتم حسابمان له ‌عێراق نییه‌.

سه‌رۆكی‌ حكوومه‌ت‌ ڕه‌خنه‌ی‌ توندی‌ له ‌یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ گرت و پێیوابوو، كشانه‌وه‌ی‌ یه‌كگرتوو له‌ حكوومه‌ت بڕیارێكی‌ دروست نه‌بووه‌ له‌م كاته‌دا و خزمه‌تیش به‌ هاوڵاتییان و هه‌رێمی‌ كوردستان و لایه‌نه ‌سیاسییه‌كانیش ناكات.

بارزانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ده‌ست له ‌كار كێشانه‌وه‌ی‌ وه‌زیره‌كانی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كرد و وتی‌: له‌گه‌ڵ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكوومه‌ت ده‌ستخۆشیمان له ‌وه‌زیره‌كانی‌ یه‌كگرتوو كردووه‌، پێویسته‌ له ‌پۆسته‌كانیان به‌رده‌وامبن تا ئه‌وكاته‌ی‌ ڕێكاره‌ ئیداریی و یاساییه‌كانیان به ‌كۆتادێت و شوێنه‌كانیان پڕ ده‌كرێته‌وه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر كاره‌كانیان به‌رده‌وامبن.

له‌ باره‌ی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمیشه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم ئاماژه‌ی‌ به‌وه ‌دا: ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ 45 ڕۆژه‌ نامه‌م ئاراسته‌ی‌ په‌رله‌مان كردووه ‌و داوامان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ واده‌یێک بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم دیاری بكرێت، ئێستاش چاوه‌ڕوانی‌ وه‌ڵامی‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌ین.

سه‌رۆكی‌ حكوومه‌ت ئاشكراشی كرد، ئه‌و داواكارییانه‌ی‌ به‌غدا هه‌یبوه‌ سه‌باره‌ت به ‌فڕۆكه‌خانه‌كان، سه‌رجه‌میان جێبه‌جێ كراون، چاوه‌ڕوانی‌ دوایین بریاری حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌كرێت بۆ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی‌ گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له ‌فڕۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌.

له ‌باره‌ی‌ بانگهێشت كردنی‌ نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا له‌لایه‌ن سه‌لیم جبووری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران, بارزانی‌ ئاشكرای كرد بانگهێشتنامه‌م به‌ده‌ست گه‌یشتوه‌، به‌ڵام پێده‌چێت له‌و واده‌یه‌دا به‌شداری كۆنگره‌ی‌ داڤۆس بكه‌ین و نه‌توانین بچین بۆ به‌غدا.

سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق و دیاری كردنی‌ پشكی‌ كورد، نێچیرڤان بارزانی‌ ئاشكرای كرد، "داوامان كردووه‌ پشكی‌ كورد به‌گوێره‌ی‌ شایسته‌ی‌ خۆی دیاری بكرێت، جگه‌له‌وه‌ش سندووقی‌ دراوی نێوده‌وڵه‌تی‌ چه‌ند مه‌رجێكی‌ له‌سه‌ر به‌غدا داناوه‌ بۆ ناردنی‌ مووچه ‌و بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌.

بارزانی‌ ئه‌وه‌شی‌ ڕاگه‌یاند، بونی‌ ئه‌و تیمانه‌ی‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا سه‌رقاڵی‌ كۆبونه‌وه‌ و دانووستانن، جێگه‌ی‌ ئومێد و دڵخۆشیه ‌و هیوای‌ زیاتریشمان هه‌یه‌ بۆ كۆتایی هێنان بە‌ سه‌رجه‌م كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 10581

Your Comment

You are replying to: .
captcha