ڕەنگە ئەمریکا بیهەوێت ناوچەیێکی سەربەخۆی کوردی لە سووریا دابمەزرێنێت

بەشی جیهان- ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیی ڕەنگە ئامانجی ئەمریکا لە پێکهێنانی هێزێکی سنوورەوانیی کورد، دامەزرانی ناوچەیێکی سەربەخۆی کوردی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دۆخی سووریا جارێکی دیکە پاش ڕاگەیاندنی پێکهێنانی هێزێکی سنوورەوانیی کورد لە لایەن هاوپەیمانانەوە ئاڵۆزە و ئەو هەوڵەی ئەمریکا تورکیای بە توندی تووڕە کردووە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا نووسیی ڕەنگە ئامانجی ئەمریکا لە پێکهێنانی هێزێکی سنوورەوانیی کورد، دامەزرانی ناوچەیێکی سەربەخۆی کوردی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا بێت، هەرچەند کە بەرپرسانی کورد و ئەمریکی ڕایانگەیاندووە ئەو هێزە سی هەزار کەسییە شتێکی نوێ نییە و مەترسی بۆ سەر کەس دروست ناکات.

مستەفا بالی وتەبێژی هێزەکانی کورد و عەرەبی سووریا ناسراو بە هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا بە نیویۆرک تایمزی وتووە: پێکهێنانی هێزی سنوورەوانی تەنها جورێک ڕێکخستنی دووبارەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیکە و ئەو هێزانە وەکوو سنوور پارێز مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرێت و لە سنوورەکانی سووریا و عێراقدا بۆ ڕێگری کردن لە سەرهەڵدانی دووبارەی داعش جێگیر دەکرێن.

ئاندرۆ تبلر کارناسی پرسی سووریا لەو باوڕەدایە ئامانجی ئەمریکا لە پێکهێنانی ئەو هێزە سنوورپارێزە دامەزرانی ناوچەیێکی سەربەخۆ بۆ کوردەکان نییە.

بەڵام جاشوا لاندیس کارناسی پرسی سووریا لە زانستگای ئۆکلاهاما دەڵێت: گومانم نییە کە ئەمریکا دەیهەوێت وڵاتێکی سەربەخۆ لە باکووری ڕووباری فورات لە سووریا دابمەزرێنێت. ئەو ناوچەیە بەشێکی زۆر لە سەرچاوەی نەوت و گازی سووریا و هەروەها گرینگترین بەنداوی بەرهەم هێنانی کارەبا لە خۆی دەگرێتەوە. ئەو وڵاتە ئێستا زمانی کوردی لە قوتابخانەکانیدا فێر دەکرێت و ئەرتەشێکی سەربەخۆی هەیە.

ناوبراو لەو باوڕەدایە کە ئەگەر ئەمریکا پشتگیریی ئابووری لەو ناچەیە بکات و بیپارێزێت دەبێتە وڵاتێکی سەربەخۆی کورد.

نیویۆرک تایمز هەروەها دەشنووسێت کوردەکان حەسێب و کتێبیان بۆ هەموو شتێک کردووە و پێوەندییان لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا هەیە، لە پێوەندیشیان لەگەڵ ڕووسیا وەکوو کارتێکی گوشار بۆ سەر تورکیا کەڵک وەردەگرن.

مستەفا بالی دەڵێت ئامانج لە دروست کردنی ناوچەیێکی خوبەڕێوەبەر دابەش کردنی وڵاتی سووریا نییە بەڵکوو ئەو ناوچەیە دەبێت بەشێک لە سووریای دیموکراتیک و فیدراڵ، ئەو ناوچە لە سەر بنەمای شۆناسی کوردی دانامەزرێت بەڵکوو هەموو پێکهاتە و ئەتنیک و ئایینەکانی دیکە دەگرێتەوە.

عەبدولکەریم عومەر بەرپرسێکی کوردەکانی سووریا بە نیویۆرک تایمزی وتووە: سووریا لەمە بەدوا وڵاتێکی یەکگرتووی فیدراڵ وەکوو ئەمریکا و ڕووسیایە. ڕوانگەی ئێمە سەبارەت بە داهاتووی سووریا مەترسیی بۆ دروست ناکات.

ئەو بەرپرسە کوردەی سووریا جەختی کردەوە کوردەکان بۆ ساڵانی پێش 2011 لە سووریا ناگەڕێنەوە.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 10580

Your Comment

You are replying to: .
captcha