ئه‌مریکا له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیاوه‌ بێده‌نگه‌

به‌شی جیهان- وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تورکیا بۆ هێرش‌کردنه‌ سه‌ر کورده‌کانی سووریا گوتی: من هیچم پێ نییه‌ بیڵێم.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا پاش ئه‌وه‌ی هێزێکی نوێ له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ له‌ کورد و عه‌ره‌بی سووریا پێکهات هه‌ڕه‌شه‌ی کردوووه‌ که‌ هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورده‌کان و به‌ تایبه‌ت کانتۆنی عه‌فرین.

شه‌وی ڕابردوو هیزه‌ر ناورت وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیاوه‌ پرسیاری لێکرا که‌ ناوبراو له‌ وه‌ڵامدا وتی: من له‌وباره‌یه‌وه‌ هیچم پێ نییه‌ بیڵێم.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌و هێزه‌ نوێیه‌ی به‌ ناوی هێزی ئاسایشی سنوور له‌ سووریا دامه‌زراوه‌ گوتی: ئه‌مریکا بۆ شکست پێهێنانی داعش له‌ سووریا ماوه‌ته‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ر چه‌شنه‌ چالاکییێکی هاوبه‌شی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ سوپای دیموکراتیکی سووریا پێوه‌ندیی به‌ نێوخۆی ئه‌و وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌ر کارێک که‌ ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش له‌گه‌ڵ کورد و عه‌ره‌ب ده‌یکات په‌یوه‌سته‌ به‌ شکست پێهێنانی داعش و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان.

هیزه‌ر ناورت سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری هێرش کردنی تورکیا بۆ سه‌ر هێزی ئاسایشی سنوور له‌ سووریا وتی: من باسی گریمانه‌ی له‌و چه‌شنه‌ ناکه‌م.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ ڕاپۆرته‌که‌ی گرووپی فریدۆم هاوس که‌ وتبووی تورکیا چیتر وڵاتێکی ئازاد نییه‌، ڕای‌گه‌یاند: ئێمه‌ ئاگاداری ئه‌و ڕاپۆرته‌ هه‌ین و سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێک هه‌نگاوی تورکیا نیگه‌رانین. ئێمه‌ نیگه‌رانین له‌ ڕه‌فتاری به‌رپرسانی تورکیا سه‌باره‌ت به‌ سه‌رکوت کردنی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ئه‌وه‌ش چاودێری ده‌که‌ین.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10562

Your Comment

You are replying to: .
captcha