بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیپان حەمۆ فەرماندەی YPG کاردانەوەی هەمبەر هەڕەشەکانی تورکیا پیشان دا و وتی: یەکینەکانی پاراستنی گەل بەرگری لە دەسکەوتەکانی خۆی و دیکەی ئەتنیکەکانی سووریا دەکات و هەر هێرشێک بکرێتە سەر عەفرین، کوردستانی سووریا یا هەر ناوچەیێکی دیکە لە سووریا، وەڵامی توندی پێدەدەینەوە.
پاش ئەوەی کە ئەردۆغان و بەرپرسانی باڵای تورکیا کاردانەوەیان هەمبەر پێکهێنانی هێزێکی نوێ لە باکووری سووریا پیشاندا و هۆشداری هێرش کردنیان بۆ سەر عەفرین دا فەرماندەی YPG وتی: ئێمە وەکوو هێزەکانی پاراستنی گەل وەڵامی هەر کەسێک دەدەینەوە کە بیەوێت هێرش بکاتە سەر عەفرین، ئێستا ئەو کەسە ئەردۆغان بێت یا کەسێکی دیکە.
حەمۆ زیادی کرد: ئەوە مافێکی شەرعییە، ئەرکی ئێمەیە بەرگریی لێبکەین. هەروەها کە لە پێشیشدا شکستمان بە ئەردۆغان هێناوە، ئێستاش وا دەکەینەوە و دەیکەینە دەسکەوتێک بۆ کوردی سووریا.
سیپان حەمۆ سەبارەت بە ڕۆڵی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسیا لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین وتی: ئەگەر ئەو دوو وڵاتە هەڵویستێکی جیدی هەمبەر ئەردۆغان لە خۆیان پیشان نەدەن، دیارە کە بڕیارەکەیان داوەسە دەستی ئەردۆغان.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: هەمبەر هەڕەشەکانی ئەردۆغان تا ئێستا هەڵویستێکی جیدیمان لەو وڵاتانە نەدیوە، ئەگەر ئەمریکا و ڕووسیا خۆیان لێ گێل نەکەن، ئەردۆغان ناتوانێت ئەو کارە بکات. ئەگەر هێرش بکرێت پیشاندەری ئەوەیە کە ئەوان پشتگیرییان لە ئەردۆغان کردووە. ئەو هێزانە دەتواننن بۆ خۆیان بەرنامە بڕێژن بەڵام قبووڵ ناکەین لە سەر خوێنی کورد و خەڵکی باکووری سووریا لەگەڵ تورکیا مامەڵە بکەن.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment