سەرکردە کوردەکانی سووریا لە بەرانبەر هێرشی تورکیا هیوایان بە هێزی نوێی سەرسنوور هەیە

بەشی جیهان- بەرپرسێکی باڵای کوردی سووری دەڵێت هیوای زۆرە کە ئەو هێزە نوێیەی هاوپەیمانێتیی ئەمریکا پێکی دەهێنێت ناوچەی خۆبەڕێوەبەری باکووری سووریا لە بەرانبەر ئەنقەرە و دیمەشقەوە بپارێزێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس فەوزا یۆسف هاوسەرۆکی ناوچەی خۆبەرێوەبەری فیدراڵی دیموکراتیی باکووری سووریا لەو بارەیەوە بە ڕۆیتەرزی وتوووە: ئێستا 7 ساڵ بە سەر قەیرانی سووریا تێدەپەڕێت و بەو حاڵەشەوە هێشتا دوورنواڕێکی گەش بۆ چارە کردنی قەیرانەکە بەدی ناکرێت و مەترسیی سەر کورد و هاوپەیمانە عەرەبەکانی بەردەوام ماوەتەوە.

ناوبراو وتیشی: ئەگەرچی داعش شکستی هێناوە بەڵام وا دەردەکەوێت ناوچە ئازاد کراوەکان هەر وا بە ئاسانی سەقام ناگرن. تا ئەو کاتەی دەرەچەیێکی سیاسی بۆ قەیرانەکە نەدۆزرێتەوە پاراستنی ئەو ناوچانە زۆر زەروور دەبێت چوونکە هیچ گەرەنتییێک بۆ پارێزرانی ناوچەکە بەدەستەوە نییە.

یۆسف پێشوازیی لە هەنگاوەکەی ئەمریکا بۆ پێک­هێنانی هێزی سنوورەوانیی نوێ کرد کە بە ناوی هێزی ئاسایشی سنوورەوە بۆ پاراستنی سنووری هێزی کورد-عەرەبی سووریا لەگەڵ عێراق و تورکیا و دەوڵەتی سووریا دامەزراوە.

ناوبراو گوتیشی: ئەو هێزانە سوورین و ئەو وڵاتە لە بەرانبەر هەر هێرشێکی نەخوازراوی دەوڵەتانی دیکە دەپارێزن.

یۆسف جەختیشی کردەوە ئەمریکییەکان حەفتەی ڕابردوو سەردانی ناوچەکەیان کرد و دڵنیایان کردینەوە تا ئەو کاتەی دەرەچەیێکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا نەکرێتەوە ئەوان سووریا بەجێ ناهێڵن.

بە وتەی فەوزا یۆسف ئەمریکییەکان وتوویانە دەبێت هەموو حیزبە سوورییەکان بەشداری پڕۆسەی دیپلۆماتی بن. کوردەکانی سووریا بە هۆی دژایەتی کردنی تورکیا چەندین ساڵە لەو پڕۆسەیەدا بێ بەش کراون.

هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی باکووری سووریا سەبارەت بە پاڵپشتیی سەربازیی ئەمریکا لە کوردەکان وتی: ئەو یارمەتییە سەربازییانە ئاسایشی ناوچەی ژێر کونتڕۆڵی کوردەکان سەقامگیر دەکات و پێش بە گەڕانەوەی داعش دەگرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 10507

Your Comment

You are replying to: .
captcha