بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: لەماوەیێکی کەمدا، سوپای تورکیا پرسی عەفرین و منبج چارەسەر دەکات. ئامادەکارییەکانمان تەواو بوون، ھەر ئانوساتێک دەشێت دەست پێبکات. دواتر دەچنە شوێنەکانیتریش.
ئەردۆغان لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەیێک لە شارۆچکەی سینجانی سەر بە ئەنقەرە وتارێکی پێشکەش کرد.
ناوبراو کاردانەوەی دژی ھەوڵی ئەمریکا لەمەڕ دامەزراندنی سوپایێک لە سووریا نیشاندا و گوتی: بەشێک لە سووریا لەسەر سنوور ھەڕەشەمان لێ دەکەن. دەیانەوێ تورکیا گۆشەگیر بکەن. پەیەدە و یەپەگە و داعش و ھەر چییێک بێ ھەڵدەکوتینە سەرتان.
ئەردۆغان راشیگەیاند "وڵاتێک کە ئێمە بە ھاوپەیمان ناوی دەبەین، سەرەڕای گشت ھۆشداری و ناڕەزایەتییەکانمان پێداگرە لەسەر پێکھێنانی سوپایێکی رێکخراوی تیرۆریستی بە درێژای سنوورەکانی ئێمە. دامەزراندنی پێکھاتەیێکی تیرۆریستی بە درێژای سنوورەکانی تورکیا، بەدەر لە وڵاتی تورکیا ھیچ ئامانجێکی دیکەی نییە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە ئەمریکا کرد کە هەڵوێستی خۆی ئاشکرا بکات. گوتیشی: "خۆشحاڵ دەبین کە ئەمریکا واز لە یاری کردن بە وشەکان بھێنێ و نیازی خۆی بە ئاشکرا روون بکاتەوە. چوونکە بۆ ئێمە ئەو وتەیەی لە دەم دەردەچێت زۆر گرنگە. ئەگەر بەرپرسی وڵاتێک بڵێ کە پێکەوە بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە ئەوا ئەمە دەبێتە وتەیێکی گرنگ و پەیوەست دەبین پێی. ئەمریکا بڕیاریداوە بە درێژایی سنووری وڵاتەکەمان سوپایێکی تیرۆر دابمەزرێنێت. ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئەوەیە، ئەو سوپایە بخنکێنین بەرلەوەی لە دایکبێت.
ئەردۆغان گوتیشی: "ئەمریکا سوپایێکی ٣٠ ھەزار کەسی لە رێکخراوێکی تیرۆریستی پێکھێناوە و چوار ھەزار و ٨٠٠ بارھەڵگر چەکی بۆ رەوان کردوون. چی دەنێرێت با بنێرێت. ئەو سوپا ٣٠ ھەزارییەی کە دایدەمەزرێنی نوێنەرایەتی تۆ لەو شوێنە ناکات و تۆش ریسوا دەبیت لە بەرامبەر ھاوپەیمانی ستراتیجیت.
ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا گوتیشی: "ھەروەکوو چۆن لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات یارییەکەمان تێکدا، یارییەکانی دیکەش تێک دەدەین.
سەرچاوە: ئانادۆڵۆ
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment