ڕکابه‌ریی مالیکی و عه‌بادی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات سوود به‌ کورد ناگه‌یێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سروه‌ عه‌بدولواحید له‌ لێدوانێکدا ده‌ڵێت: کاتێک کۆده‌نگی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا نییه‌ پێویست ناکات له‌ به‌غدا خۆمان به‌ یه‌کڕیز پیشان بده‌ین. هۆی سه‌ردانه‌که‌ی ئێمه‌ و حیزبه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێمیش بۆ به‌غدا گفتوگۆ کردن سه‌باره‌ت به‌ بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی کوردستان بوو.

کوردپرێس- بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سیاسه‌ت و په‌یڕه‌وی جیاوازی له‌ سیسته‌می حیزبیی هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌. ئه‌و حیزبه‌ یادگاری خوالێخۆشبوو نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ که‌ سه‌رکرده‌یێکی پێشووی یه‌کێتی بوووه‌. گۆران له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ گه‌نج کردن و پێکهێنانی ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی ده‌جووڵێته‌وه‌ و پاش داخرانی په‌رله‌مان و ناکۆکیی جیدی له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ته‌عامولی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی هه‌رێمی کوردستان پاش ڕووداوه‌کانی ڕیفراندۆمی 25ی ئه‌یلوول گه‌یشته‌ قۆناغێکی نوێیه‌وه‌ و ئه‌م جاره‌یان سه‌ربه‌خۆ و به‌ شێوازێکی جیاواز به‌ هاوڕێتیی دیکه‌ی لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان ڕێبازی گفتوگۆ کردن له‌گه‌ڵ به‌غدایان گرته‌ به‌ر.

گوایا ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ کاتێک نه‌یتوانی له‌ ڕه‌خساندنی که‌شی ناڕه‌زاییدا سه‌رکه‌وتوو بێت و لایه‌نگره‌کانی له‌ سه‌ر شه‌قامدا دژ به‌ حکوومه‌تی هه‌رێم سامان پێبدات ئه‌م جاره‌یان "سیاسه‌تی هاوکێشه‌ی ڕاسته‌وخۆی" گرته ‌به‌ر و بۆ په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌ته‌کانی ڕووی کرده‌ به‌غدا. هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ش و به‌ بیانووی دانیشتنه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی له‌گه‌ڵ به‌غدا دیمانه‌یێکمان له‌گه‌ڵ سروه‌ عه‌بدولواحید سه‌رۆکی فراکسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆران له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجام داوه‌. ناوبراو بڕوای وایه‌ به‌ نه‌تیجه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی و مالیکی هه‌ر دووکیان حزبی ده‌عوه‌ن. هیچ جیاوازییێکی نییه‌ بۆ کورد ئه‌وه‌ی که‌ خۆی هه‌ڵئه‌خڵه‌تێنێت بڵێ مالیکی باشتره‌ یان حه‌یده‌ر عه‌بادی باشتره‌ هه‌ر دووکیان نه‌هج و په‌یڕه‌و و پروگرامی حزبی ده‌عوه‌ جێبه‌جێ ئه‌که‌ن. بۆیه‌ کورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێت خۆی به‌ عه‌بادی و مالیکیدا هه‌ڵپه‌سێرێت ئه‌وا هیچ سوودێک ناکات. عه‌بدولواحید سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی حزبی له‌ هه‌رێمی کوردستان و نه‌بوونی به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی له‌ سیاسه‌ته‌کانی هه‌رێم ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم حزبایه‌تی ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بن. بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک مافیا مامه‌ڵه‌ بکه‌ن به‌ڵام له‌ راستیدا سیاسه‌ت ناکه‌ن و نه‌شیانتوانیوه‌ سیاسه‌ت بکه‌ن.‌

ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌وه‌:

* کوردپرێس: گۆڕان بۆچی پێی وایه‌ کشانه‌وه‌ی له‌ ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌م کاته‌وه‌ که‌ کاتێکی هه‌ستیاره‌ له‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان تێده‌په‌ڕێت، شتێکی گونجاوه‌؟

- سروه‌ عه‌بدولواحید: ئێمه‌ هه‌ندێک کێشه‌مان له‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌. حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که‌ پێش هه‌ڵبژاردن به‌ خه‌ڵکی دابوو دواتر له‌ کاتی ڕێککه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م حکوومه‌ته‌ هیچی جێبه‌جێ نه‌کردوووه‌. چاوه‌ڕێمان کرد که‌ کێشه‌ی مووچه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت که‌ مه‌له‌فی نه‌وت به‌ ته‌واوه‌تی چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هیچی نه‌کرا. ئێمه‌ پێیمان باش نییه‌ له‌ حکوومه‌تێکدا بین که‌ ئه‌م هه‌موو گه‌نده‌ڵی و مه‌ینه‌ته‌ی به‌ سه‌ر خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌.

* کوردپرێس: ئه‌حزابی ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی به‌غدایان کرد، ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ به‌غدا گه‌مارویێکی یه‌کجا له‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان خستوووه‌. دوای ئه‌وه‌شه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ده‌وڵه‌تێک له‌ سێبه‌ری ده‌وڵه‌تی دیکه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی کوردستان دروست ده‌بێت چۆن ئه‌و سه‌ردانه‌ی که‌ کراوه‌ دیاره‌ هه‌ندێ گفتوگۆ له‌ ناوی کراوه‌. ئایا ئه‌مه‌ بۆ خودی هه‌رێمی کوردستان خراپ نییه‌ له‌م قۆناغه‌وه‌ که‌ ئه‌م دووبه‌ره‌کایه‌تییه‌ له‌ ناویدا ته‌شه‌نه‌ بسێنێت؟

- سروه‌ عه‌بدولواحید: ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌ی دووبه‌ره‌کایه‌تی نییه‌ ئه‌گه‌ر باسی یه‌کڕیزیی ماڵی کورد بکه‌ین، یه‌کڕیزیی ماڵی کورد له‌ کوردستانه‌وه‌ ده‌ست‌پێده‌کات له‌ به‌غدا ده‌ست‌پێناکات. ئێمه‌ له‌ کوردستان هه‌تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ یه‌کڕیزیی ڕاسته‌قینه‌ دروست بکه‌ین. به‌داخه‌وه‌ هۆکاره‌که‌شی دیسان پارتی دیموکراتی کوردستانه‌. بۆ نموونه‌ دوو ساڵ درگای په‌رله‌مانی داخست بێ ئه‌وه‌ بیر له‌وه‌ بکاته‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌کڕیزیی کوردیش هه‌بێ له‌ به‌غدا. کاتێک که‌ یه‌کڕیزی نه‌بوو له‌ هه‌رێمی کوردستان هیچ پێویست ناکات به‌ شێوه‌یێکی درو له‌ به‌غدا خۆ به‌ یه‌کڕیز پیشان بده‌ی. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ کردوومانه‌ له‌گه‌ڵ دوو لایه‌نی دیکه‌دا به‌تایبه‌تی کۆمه‌ڵ، بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بتوانین که‌مێک له‌ نه‌هامه‌تی خه‌ڵک که‌م بکه‌ینه‌وه‌ به‌ڕاستی هه‌رێمی کوردستان به‌ قۆناغێکی زۆر زۆر هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت. باری ئابووریی خه‌ڵک زۆر زۆر خراپه‌. حکوومه‌تیش زۆر زۆر بێ منه‌ته‌ له‌ خه‌ڵک بۆیه‌ وه‌ک به‌رپرسیاریتیێک له‌ سه‌ر شانمان هه‌وڵمان دا لێکتێگه‌یشتنێک له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی ببێت بۆ ئه‌وه‌ی که‌ هیچ نه‌بێت لانی که‌م مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدرێت.

* کوردپرێس: به‌پێچه‌وانه‌ی یاسای هه‌رێمی کوردستان نییه‌؟

- سروه‌ عه‌بدولواحید: نا به‌ هێچ شێوه‌یێک به‌ پێچه‌وانه‌ نییه‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ حزبین و بوونمان هه‌یه‌ هه‌ر کاتێک بمانه‌وێ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێکدا بکه‌ین، په‌یوه‌ندی ده‌که‌ین. په‌یوه‌ندییه‌کانمان دژی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی کوردستان و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان نییه‌. په‌یوه‌ندییه‌کان بۆ خزمه‌ت کردنی هه‌رێمی کوردستان و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانه‌.

* کوردپرێس: پێتان وایه‌ که‌ به‌غدا وڵامدانه‌وه‌یێکی هه‌بێت له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و داخوازییانه‌وه‌ له‌ کاتێکدا که‌ 14 ساڵ تێده‌په‌ڕێت و به‌غدا هه‌ندێک جار گرفتی بۆ هه‌رێمی کوردستان پێکهێناوه‌؟

- سروه‌ عه‌بدولواحید: به‌ڕاستی گه‌شتووینه‌ته‌ ئه‌وه‌ی که‌ بێ متمانه‌یێک دروست بوووه‌ له‌ به‌غدا به‌ڵام ئه‌بێ هه‌وڵه‌کانی ئێمه‌ تا ئێستا ناو عێراق ده‌ژین نابێت بێ ئومێدیش بین، یانێ بێ متمانه‌یێک هه‌یه‌ په‌س ناوێت بێ ئومێد بین له‌وه‌ی که‌ حکوومه‌تی به‌غدا بتوانێت کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر بکات ئێمه‌ به‌ نه‌تیجه‌ له‌ ناو چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌ژین بۆیه‌ گرینگه‌ تفاهوماتمان هه‌بێ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ئیتیحادی. من بۆ خۆم پێم وایه‌ حکوومه‌تی ئیتیحادی چه‌ند به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌ستووری پێشێل کردوووه‌، سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی و پارتیش ئه‌وه‌نده‌ به‌رپرسیارن. ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه‌ ده‌ستووریان پێشێل کردوووه‌، بۆیه‌ ناکرێ یه‌ک تاوانبار بکه‌ین و ناتوانین به‌ ته‌نها بڵێن حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان یان به‌ ته‌نها بڵین به‌غدا هه‌ر دووکیان پێکه‌وه‌ پێشێلکاری ده‌ستووریان کردوووه‌.

* کوردپرێس: له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو هه‌واڵێک سه‌باره‌ت به‌ کردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هاووڵاتییانی کورد له‌ ناوچه‌گه‌لێکی پارێزگای که‌رکووک و سه‌لاحه‌دین بڵاو بوویه‌وه‌، ئێوه‌ له‌و سه‌ردانه‌دا پێوشوێنگری ئه‌و بابه‌ته‌ بووبوون؟

- سروه‌ عه‌بدولواحید: به‌غدا له‌م قۆناغه‌دا به‌داخه‌وه‌ وه‌ک سه‌رکه‌وتوو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان ده‌کات وا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان ناکات که‌ به‌شێک بێت له‌ عێراق. سیاسه‌تێکی تریش په‌یڕه‌و ده‌کرێت. دیسان ته‌عریب کردنی ناوچه‌ کوردستانییه‌کان که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی له‌ که‌رکووک و هه‌ندێ لادێ که‌رکووک، سه‌لاحه‌دین و دوزخورماتوو که‌ ئه‌مانه‌ هه‌ندێک لادێ به‌ به‌رنامه‌ و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی ئاگاداری ئه‌مه‌ن له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ئیتیحادی که‌ به‌ به‌رنامه‌ ته‌عریب ده‌کرێنه‌وه‌ و جارێکی دیکه‌ هاورده‌ی عه‌ره‌بی بۆ ده‌هێندرێ و خه‌ڵکه‌ کورده‌که‌ له‌وێ ده‌رده‌کرێ. ئه‌م سیاسه‌تانه‌ و په‌یڕه‌وکردنی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق ناکات. بۆیه‌ داواکارین و زۆر جاریش قسه‌مان له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی کردوووه‌ به‌تایبه‌ت له‌م سه‌ردانه‌شدا باسی ئه‌م مه‌سه‌له‌ی ته‌عریبه‌مان کرد که‌ سه‌دام حسێن به‌ هه‌موو دیکتاتۆرییێتی خۆی نه‌یتوانی هه‌وی ئه‌م ناوچانه‌ بسڕێته‌وه‌ و هیچ لایه‌نی دیکه‌ش ناتوانێت هه‌وی هیچ ناوچه‌یێک بسڕێته‌وه‌ که‌ هه‌وه‌که‌ی کوردی بێت، شیعی بێت، سوننه‌ بێت بۆیه‌ ئه‌و ناوچانه‌ ناوچه‌ی کوردستانین و ئه‌بێ حکوومه‌تی ئیتیحادی ته‌داخول بکات بۆیه‌ ئه‌م حه‌مله‌یه‌ یان خۆد ئه‌مانه‌ نه‌هێڵێت.

* کوردپرێس: هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مساڵ باڵانسی هێز له‌وانه‌یه‌ باڵانسی هێز له‌ عێراق بگۆڕێت به‌رانبه‌ره‌ که‌ دوو باڵه‌ له‌ ناو شیعه‌کان که‌وتوووه‌ یه‌کی باڵی مالیکی و یه‌کی باڵی عه‌بادییه‌. پێتان وایه‌ که‌ کورد چۆن ده‌توانێت ده‌رفه‌ت له‌و دووبه‌ره‌کایه‌تییه‌ی ناوانی ماڵی شیعه‌ بۆ خۆی به‌ده‌ست بێنێت و ده‌رفه‌تێک بۆ خۆی بڕه‌خسێنێت؟

- سروه‌ عه‌بدولواحید: له‌ نه‌تیجه‌دا شیعه‌ن یانێ عه‌بادیش و مالیکی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی شیعه‌ ده‌پارێزن و کورد ئه‌گه‌ر پێی وابێت ده‌توانێت له‌سه‌ر ئه‌مه‌ یاری بکات مالیکی و عه‌بادی تا چه‌ند ئه‌توانێت خۆی سوودمه‌ند بێت ناتوانێت له‌ به‌ر ئه‌وه‌ به‌ نه‌تیجه‌ کورد خۆی زه‌ره‌رمه‌ند ئه‌بێت. من پێم وایه‌ کورد ئه‌بێ جارێ ختابێکی هه‌بێ که‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا ده‌کات ئایا ئه‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ عێراقدا بمێنێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی که‌ ڕیفراندۆم فه‌شه‌لی هێنا و شکستی خوارد پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌یێک به‌ هه‌موو سیاسه‌تی کورددا بکرێت له‌ به‌غدا تا ئێستا سیاسه‌تێکی هه‌ڵه‌ په‌یڕه‌و کراوه‌ و تا ئێستا نه‌توانراوه‌ کورد مافه‌کانی خۆی به‌ ته‌واوه‌تی به‌ده‌ست بهێنێت بۆ نموونه‌ ئێمه‌ له‌ 2003 که‌ چووینه‌ که‌ چووینه‌ته‌ به‌غدا کێشه‌ی زه‌وینمان هه‌بوووه‌ هه‌تا ئێستا ئه‌م کێشه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌. بۆیه‌ من پێم وایه‌ به‌ نه‌تیجه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی و مالیکی هه‌ر دووکیان حزبی ده‌عوه‌ن. هیچ جیاوازییێکی نییه‌ بۆ کورد ئه‌وه‌ی که‌ خۆی هه‌ڵئه‌خڵه‌تێنێت بڵێ مالیکی باشتره‌ یان حه‌یده‌ر عه‌بادی باشتره‌ هه‌ر دووکیان نه‌هج و په‌یڕه‌و و پروگرامی حزبی ده‌عوه‌ جێبه‌جێ ئه‌که‌ن ئه‌م حزبه‌، حزبێکی عه‌قائێدییه‌. من پێم وایه‌ هیچ که‌م نییه‌ له‌و حزبه‌ عه‌قائێدییانه‌ی دیکه‌ که‌ خه‌ته‌رن بۆ سه‌ر کۆمه‌ڵگا. هیوادارین له‌ قۆناغی داهاتوودا ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌بێته‌ سه‌رۆک‌وه‌زیران، حزبی نه‌بێت. ڕاسته‌ حزبێک پاڵپشتی بکات به‌ڵام ئه‌ندامی مه‌کته‌ب سیاسی ئه‌و حزبه‌ نه‌بێت یا خۆد سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و حزبه‌ نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بیر له‌وه‌ بکاته‌وه‌ که‌ ئیش بۆ هه‌موو عێراق بکات. ئه‌مانه ئێستا بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبه‌که‌یان ده‌که‌نه‌وه‌ چ حه‌یده‌ر عه‌بادی بێت چ مالیکی بێت. به‌ نه‌تیجه‌ بینیمان حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ مامه‌ڵه‌ کردن یا له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌یمه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عێراقی بۆ سه‌ر که‌رکووک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان بینیمان چۆن وه‌ک سه‌رکه‌وتوو خۆی پیشان دا. مالیکیش هه‌ر به‌مان شێوه‌یه‌ جیاوازییان نییه‌.

* کوردپرێس: هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌ڵێن یه‌کڕیزیی ماڵی کورد به‌ ڕای ئێوه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان شتێک به‌ ناوی فه‌رهه‌نگی سیاسی بوونی هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ باسی یه‌کڕیزیی ماڵی کورد ده‌که‌ین ئه‌مه‌ تیئۆرییێکی فه‌لسه‌فییه‌ لانی که‌م 400-500 ساڵه‌ خه‌ریکن له‌سه‌ری کار ده‌که‌ن. ئێمه‌ ئه‌و شته‌مان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا؟

- سروه‌ عه‌بدولواحید: من پێم وایه‌ حزبایه‌تی هه‌یه‌ تا ئێستا سیاسه‌ت کردن نه‌گه‌شتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ سیاسییه‌ به‌رزه‌ی که‌ بتوانێت مامه‌ڵه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کاندا بکات بۆ نموونه‌ ئێمه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆمدا ئه‌گه‌ر سیاسییانه‌ بیرمان بکردایێته‌وه‌ یا خۆد ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌و بڕیاره‌یان دا سیاسییانه‌ بیریان بکردایێته‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌یان نه‌ئه‌دا بچن به‌ره‌و ڕیفراندۆم و هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی کورد له‌ ده‌ست بده‌ن. بۆیه‌ حزبایه‌تی ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بن. بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک مافیا مامه‌ڵه‌ بکه‌ن به‌ڵام له‌ راستیدا سیاسه‌ت ناکه‌ن و نه‌شیانتوانیوه‌ سیاسه‌ت بکه‌ن.‌

دیمانه‌: ئه‌فشین غوڵامی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10418

Your Comment

You are replying to: .
captcha