به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، لیوا مه‌حموود كاكه‌یى، فه‌رمانده‌ی كه‌تیبه‌ى ئه‌ندازه‌ى سه‌ربازیى سه‌ر به فه‌رمانده‌ییى هێزه‌كانى پشتیوانیى یه‌ک به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانی گوت: ''ساڵی 2017 پووچه‌ڵ كردنه‌وه و ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمبی چێنراو 2883 بووه، له‌گه‌ڵ 12 پشتێنى بۆمبرێژكراو و له‌ناوبردنى 60 پارچه ته‌قه‌مه‌نى و خاوێن كردنه‌وه‌ى ڕێگاوبان به درێژاییى 233 كم و 30 هه‌زار مه‌تر دووجاش ناوچه‌كان پاک كراونه‌ته‌وه له بۆمبى چێنراو.''
لیوا مه‌حموود ده‌ڵێ: ''له درێژاییی ساڵى ڕابردوودا ١٠ خولى ههندهسهمان بۆ 167 ئه‌فسه‌ر و پێشمه‌رگه كردووه‌ته‌وه.''
كاكه‌یى له‌باره‌ى ئامارى ته‌واوى شه‌ڕى دژ به تیرۆریستانى داعش‌یش گوتى: ''كۆی گشتیی ئاماره‌كان له ڕێکه‌وتی 12-6-2014ه‌وه تا 31-12-2017 به‌م شێوه‌یه بووه: پووچه‌ڵ كردنه‌وه و ته‌قاندنه‌وه‌ی 18932 بۆمبی چێنراو، له‌گه‌ڵ له‌ناوبردنى 1090 پارچه ته‌قه‌مه‌نى، هه‌روه‌ها پووچه‌ڵ كردنه‌وه و ته‌قاندنه‌وه‌ی 21 ئوتۆمبێل و پشكنینی 598 كم ڕێگا و پشكنینی 225 خانوو.''
كه‌تیبه‌ى ئه‌ندازه‌ى سه‌ربازى وه‌کوو پێشمه‌رگه‌ى ون له ماوه‌ى شه‌ڕى دژ به تیرۆریستانى داعشدا توانیویانه ته‌واوى پیلانهكانى تیرۆریستان له‌ناو به‌رن و گیانى پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و خه‌ڵكى سڤیل بپارێزن و دواى شه‌ڕیش هه‌زاران خانوو و سه‌دان كم ڕێگاوبان و زۆر ناوچه‌یان له مین و بۆمبى چێنراو پاک كردووه‌ته‌وه و تا ئێستاش به‌رده‌وامن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment