سەرۆکی دەزگای دادی ئێران: ئەمن و ئاسایشی هەرێم، ئەمن و ئاسایشی ئێرانە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لە دوایین ڕۆژی سەردانە سێ ڕۆژەکەی بۆ عێراق، لەگەڵ نێردەی تایبەتی مەسعوود بارزانی دیداری کرد و گوتی: ئاسایش و ئەمنی هەرێمی کوردستان ئاسایش و ئەمنی ئێرانە و مێژوو دەریدەخات کە متمانە کردن بە ئەمریکییەکان هەڵەیە. چوونکە ئەوان خەمخۆر و دلسۆزی خەڵکی عێراق یان هەرێمی کوردستان یان ئێران نین.

کوردپرێس:

ئیدارەی گشتیی پێوەندییەکانی دەزگای دادی ئێران لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە سەردانەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ عێراق و دیداری ناوبراو لە سێهەم ڕۆژی سەردانەکەی لەگەڵ هۆشیار زێباری نێردەی تایبەتی مەسعوود بارزانی کرد.

بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی دەزگای دادی ئێران، ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لەو دیدارەدا پێوەندیی کوردەکان و ئێرانی بە پێوندییێکی قووڵ و ڕیشەدار لەسەر بنەمای فەرهەنگ و مێژووی هاوبەش وەسف کرد و گوتیشی ئەو پێوەندییە بە تەواوەتی پێوەندییێکی شارستانییانەیە.

سەرۆکی دەزگای دادی ئێران گوتیشی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە ئارەزوومەندە کە هاووڵاتییانی کوردستان لە ئاسایش و ئەمنی تەواودا بژین و ئەو ڕۆژانەی کوردستانی عێراق لە لایەن داعشەوە دەستی بۆ درێژ کرا هەموو ئێرانییەکان هەستیان دەکرد کە ماڵ و نیشتمانی خۆیان کەوتۆتە بەر پەلامار و دەستدرێژی.

ناوبراو زیادی کرد: لەو ڕۆژانەدا حاجی قاسم سولەیمانی وەک کەسێک بوو کە تاران و مەشهەد یان کرمانی زێدی خۆی کەوتبێتە بەر پەلاماری دوژمن بۆیە بەرپرسیارێتیی تەواوی هەست پێکرد و بۆ بەرگری کردن لە کوردستان و کوردەکان شەڕی داعشی کرد.

سەرۆکی دەزگای دادی ئێران دووپاتیشی کردەوە کە ئاسایش کوردستانی عێراق بە واتای ئەمن و ئاسایشی ئێرانە و مێژوو دەریدەخات کە متمانە کردن بە ئەمریکییەکان هەڵەیە. چوونکە ئەوان خەمخۆر و دلسۆزی خەڵکی عێراق یان هەرێمی کوردستان یان ئێران نین بەڵکوو تەنها بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کاردەکەن و بە ئاشکراش ئەوەیان دەربڕیوە.

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ئەوەی ئەوان وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران حەزی پێدەکەن ئەوەیە کە سەرجەم لایەنە کوردییەکان یەک بگرن و هەموو جۆرە ڕاجیاوازی و ناکۆکیی نێوان کوردەکان خەسارەت بە بار دێنێت و بەستێنی دزەکردنی دوژمنان بۆ ناوچەکە فەراهەم دەکات.

ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەو ستەمانە کرد کە سەدام و ڕژێمی بەعس دەرحەق بە کورد کردی و گوتیشی: سەدام ستەمی لە هەمووان کرد. ستەمی لە شیعەش و لە سونەش و لە کوردستان و کوردیش کرد و ئەوەش لای کەس شاراوە نیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێگای قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانەکانی ڕابردوو کاری پێکەوەیی و هەوڵدان و لەخۆبوردەیییە بۆ چارەکردنی کێشەی هاووڵاتییان و دەستەبەرکردنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە.

ئایەتوڵڵا ڕەئیسی دوو پێشیناریشی ئاراستەی هەرێم کرد کە یەکەمیان ڕادەستکردنەوەی ئەو تاوانبارانەیە کە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵاتوون و ئەوانەش ئەو کەسانەن کە گەندەڵییان کردووە و ماڵی هاووڵاتییانیان تاڵان کردووە.

ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لەبارەی یەکەم پێشنیاریەوە بۆ هۆشیار زێباری زیادی کرد: ئێوە پەنا بەو کەسانە نادەن بەڵام ئەوان بە هەر شێوەیێک بێت لە هەرێم پەنا دەگرن و ئێوە پێویستە ڕێگە نەدەن هەرێمی کوردستان ببێتە مەتەرێزی ئەو تاوانبارانە. دیارە ئەوەی تاوانێک دەکات نابێت هەست بەوە بکات کە دەتوانێت لەو دیوی سنوورەکانەوە لە دەستی داد هەڵبێت بەڵکوو پێویستە بەردەوام هەست بەوە بکات کە داواکراوە و عەدالەت بۆسەی بۆ داناوە.

دووهەم پێشنیاری ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەوە بوو سەرنج بخرێتە سەر کەلتووری دەوڵەمەندی کوردی و کۆمەڵگای کوردی لە بەرامبەر کەلتووری هێرشبەری ڕۆژئاوایی بپارێزرێت.

بە وتەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی کوردستان خاوەنی مێژوو و شارستانیەت و ئەدەب و نەریتی دەوڵەمەندە و نابێت ڕێگە بەوە بدرێت کە کەلتوور و نەریتی ژیانی ڕۆژئاوا بە سەر ئەو کەلەپوورە دەوڵەمەندەدا زاڵ ببێت.

ئێران یەکەم وڵات بوو کە لە وەستاندنی داعشدا یارمەتیی ئێمەی دا

لای خۆیەوە هۆشیار زێباری وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق و نێردراوی تایبەتی مەسعوود بارزانییش لەو دیدارەدا ئاماژەی بە مێژوو و فەرهەنگ و خەباتی هاوبەشی ئێران و کوردەکان دژی دیکتاتۆریەتی سەدام و تیرۆریستانی داعش کرد و گوتی ئێمە سوپاسی خەمخۆریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر مەسەلە هاوبەشەکان دەکەین.

زێباری گوتیشی یەک لە خەمخۆرییە هاوبەشەکانی نێوان هەرێم و ئێران شەڕی دژبە تیرۆریستانی داعش بوو و من و باڵوێزی ئێران لە عێراق دوو شایەتحاڵی زیندووی هەوڵەکانی ئێران و شەهید سولەیمانیین لە یارمەتییەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەش لەو ڕۆژانەی سەخڵەتی شەڕی دژبە داعش کە هەرگیز ئەمە لەبیر ناکەین.

زێباری ئاشکراشی کرد ئێمە خەڵکی ناسوپاس نین و بەڕێز بارزانی لە یەکەم لێدوانی خۆیدا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئێران یەکەم وڵات بوو کە لە وەستاندنی داعشدا یارمەتیی ئێمەی دا و ئەمەش بەشێکە لەو ڕێێچکه و مێژووەیە کە ئێمە پێکەوە بڕیومانە.

وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق گوتیشی ئێمە و برا شیعەکانمان بە هاوکاریی یەکتر ئەم عێراقە نوێیەمان بونیات نا و لە ماوەی 17 ساڵی ڕابردوودا بە هەموو کێشەکانەوە توانیومانە زەمینە بۆ پێکهاتنی سیستەمی نوێی حوکمڕانی لە عێراق فەراهەم بکەین.

ناوبراو زیادی کرد: ئێمە خۆمان لە ئێرانەوە بە نزیک دەزانین و بەردەام داوامان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە دەوری ئیجابییان هەبێت لە پێوەندیمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بۆ ئەوەی بەڵکوو بتوانین لێکگەیشتن و هاوکاری لەگەڵ برا شیعەکانمان لە بەغدا دەستەبەر بکەین.

زێباری، ئایەتوڵڵا ڕەئیسیی بە کەسێکی یاساناس و شارەزای یاسا وەسف کرد و گوتی: عێراقیش وەک ئێران دەستووری هەیە و ڕێگاچارەی کۆی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەوەیە بگەڕێنەوە بۆ دەستوور چوونکە دەستوور هەموو ڕێکارەکانی پیشان داوین.

نێردەی تایبەتی مەسعوود بارزانی لەبارەی جێبەجێ کردنی یاسای ڕادەستکردنەوەی تاوانباران لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانیش ئامادەییی خۆی دەربڕی و گوتی بۆ گەڕاندنەوەی تاوانباران و گەندەڵەکان بۆ ئێران ئامادەین هەموو جۆرە هاوکارییێک بکەین.

*منصور رحیمی

News Code 1023

Your Comment

You are replying to: .
captcha