ژماره‌ی بریندارانی بوومه‌له‌رزه‌ی سه‌رپێڵی زه‌هاو زیادی کرد

به‌شی کرماشان- سه‌رۆکی ناوه‌ندی ته‌ندروستی و ده‌رمانی سه‌رپێڵی زه‌هاو ڕای‌گه‌یاند: ژماره‌ی بریندارانی بوومه‌له‌رزه‌ی 5.1 به‌ پێوه‌ری ڕیشته‌ری شه‌وی ڕابردووی ئه‌و شاره‌ گه‌یشته‌ 21 که‌س.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مازیار ته‌هماسبی وتی بریندارانی بوومه‌له‌رزه‌که‌ی شه‌وی ڕابردوو به‌گشتی 17 که‌س له‌ ناوچه‌ شارنشینه‌کان و ئه‌وی دیکه‌شی له‌ ناوچه‌ گوندنشینه‌کاندا بوون.

له‌ کاتژمێر 18:56 تا 21:09ی شه‌وی ڕابردوو به‌ گشتی 5 پاش له‌رزه‌ سه‌رپێڵ زه‌هاوی هه‌ژاند که‌ زیاترینی به‌ گۆڕی 5.1 و که‌مترینیشی 2.7 به‌ پێوه‌ری ڕیشته‌ر تۆمار کراوه‌.

بوومه‌له‌رزه‌که‌ی شه‌وی ڕابردوو له‌ شاره‌کانی قه‌سرشیرین و گیلانغه‌ربیشدا هه‌ست کراوه‌.

پاش بوومه‌له‌رزه‌ی 7.3 به‌ پێوه‌ری ڕیشته‌ری 21ی گه‌ڵاڕێزان تا ئێستا زیاتر له‌ یه‌ک هه‌زار و 600 پاش له‌رزه‌ له‌ پارێزگای کرماشان ڕووی داوه‌.

بوومه‌له‌رزه‌ی 7.3 به‌ پێوه‌ری ڕیشته‌ری 21ی گه‌ڵاڕێزان له‌ 11 کیلۆمه‌تریی ئه‌زگله‌، 32 کیلۆمه‌تریی شاری سه‌رپێڵ زه‌هاو له‌ ڕۆژئاوای کرماشان 620 کوژراو و 12 هه‌زار و 386 برینداری لێکه‌وتۆته‌وه‌.

ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ خه‌ساری له‌ 10 شار و یه‌ک هه‌زار و 930 گوندی پارێزگای کرماشان گه‌یاندوووه‌ و نزیکی 90 هه‌زار ماڵ له‌ ناوچه‌ شاری و گوندنشینه‌کاندا خه‌ساریان به‌رکه‌وتوووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10186

Your Comment

You are replying to: .
captcha