بەپێی هەواڵی کوردپرێس پاش دیداری ڕۆژی هەینی 6ی جانیڤێریی 2018ی نێوان ئەردۆغان و ماکرۆن، کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لە نێوان هەردوو سەرۆکی تورکیا و فەڕەنسا بەڕێوە چوو.
لەو کۆنفڕانسەدا ئەردۆغان سەبارەت بە بەئەندام بوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا وتی ئەو قۆناغە بەجددی ئێمەی ماندوو کردوووە وزیادی کرد: "ئەمە وێرای ئەوەی ئێمەی بەشێوەیێکی جددی ماندوو کردوووە، ھاوکات گەلەکەشمی بە جددی ماندوو کردوووە. واتا رەنگە ئێمە پەلکێشی بڕیارێک بکەن. بۆیە ناتوانین بەردەوام بڵێین 'تکایە ئیتر ئێمەش وەربگرن'".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی واژووکردنی رێککەوتننامەیێک لەگەڵ فەڕەنسا، گوتی: "ئەمڕۆ لێرەدا لەگەڵ دەزگای EUROSAM واژوومان لەسەر رێککەوتننامەیەک کرد کە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە. بەم پێیە لەگەڵ وڵاتێکی دیکەی ناتۆ کە ئیتاڵیایە ھەنگاومان بۆ رێککەوتننامەیێکی سێ قۆڵی ھاوێشت. لەمەودوا بەشێوەیێکی خێرا دەست بە بەرھەم ھێنانی ئەم کارە دەکەین".
ئەردۆغان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رایگەیاند: "ھەر وەک ھەر ساتێک بەرەنگاریی دژی داعش بەردەوام دەبێت، بانگەوازی بۆ دوستانمان دەکەین کە پەیەدە/یەپەگە لقی پەکەکەیە. پێویستە ئێمە پێکەوە بە ھەمان شێوە بەرەنگاریی ئەمانە ببینەوە. بەداخەوە دەبینین ھەندێک لە دۆستانمان ھێشتا لەگەڵ یەپەگە و پەیەدەدان و وا دەزانن بەرەنگاری داعش دەبنەوە. بە پێچەوانەوە پلانی نوێ لەسەر داعش دەکرێت و ئامادەکاری بۆ زەمینەی جیای ژیان بۆ ئەوان دەکرێت. لەو بارەیەوە پێم وایە پێویستە وریا بین و ھەماھەنگیی دەزگا ھەواڵگرییەکانمان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی نێوانمان بۆ ئاستێکی بەرز بگوازینەوە".
ئەردۆغان گوتیشی: "ھەستیاریی فەڕەنسا بەرامبەر بە ئەندامانی فەتۆ گرنگیی خۆی ھەیە. لێرەدا لەگەڵ رێکخراوەکانیان، لەگەڵ وەقفەکانیان و لەگەڵ کارسازەکانیان بەرەو رێکخراوەیی دەچن. پەکەکەش بە ھەمان شێوە بەرەو رێکخراوەیی دەچێت. واتا ئەگەر ھەستیاریی ئێرە فەرامۆش بکرێت، پێم وایە سبەی گرفتی ئەمە جیاواز دەبێت".
ئەردۆغان ھەر لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رایگەیاند: "بەڕێز سەرکۆمار(ماکرۆن) ھەندێک ناوی بە من دا. من لەبارەی ئەوانەوە ھەندێک زانیاری لە وەزارەتی دادمان وەردەگرم بۆی (ماکرۆن) دەنێرم، بەڵام دەمانەوێت ئەوە بزانن کە تیرۆر لەخۆیەوە دروست نابێت، بەڵکوو تیرۆر و تیرۆریستان باغەوانیان ھەیە. ئەم باغەوانانە ئەوانەن کە پیاوی بیرۆکەن. ئەوان لە گۆشەکانیان لە رۆژنامە ئاویان پێ دەدەن و وەک بیرۆکە ئەوان پێدەگەیەنن و رۆژێک سەیر دەکەی ئەو مرۆڤانە وەک تیرۆریست دێنە دەرەوە. ئێمە باجی ئەمەمان بە شەھیدبوونی زیاتر لە ٣٥ ھەزار کەس دا. ھیواخوازم فەڕەنسا ئەم باجە نادات".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی کە گوتی 'بەھۆی ناردنی ئەوەندە چەکە بۆ ئەو کەسانەی لە سووریا شەڕ دەکەن، پەشیمانن؟' رایگەیاند: "کێ چەکی بۆ سووریا ناردوووە؟ تۆ بە زاری فەتۆ قسە دەکەی. چوونکە ئەوانەی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان کرد داواکارانی گشتیی سەر بە فەتۆ بوون. لە ئێستادا ئەوان لە ژوورەوە لە بەندیخانەدان. دەزگاکانی ھەواڵگریمان دەسەڵات و مافی ئەوەیان ھەیە لەبارەی ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە بە کامیۆن چەک بۆ شوێنێک بگوازنەوە. تۆ بەم شێوەیە ئەم پرسیارە لەم دەپرسی، ئەی بۆچی ناپرسی کە ئەمریکا چوار ھەزار بارھەڵگر چەکی بۆ سووریا گواستۆتەوە؟"
ئەردۆغان لەبارەی چارەنووسی ئەسەدەوە گوتی: "ئامانجی ئێمە چارەسەرێک نییە لەگەڵ ئەسەد. ئامانجی ئێمە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە بە ئیرادەی دیموکراسیی گەلی سووریا بەبێ بوونی ئەسەد. پێویستە ئێمە لەو بارەیەوە ھاریکاری بکەین".
لای خۆیەوە ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوە دا کە لە نێوان تورکیا و فەڕەنسا پەیوەندییێکی دێرین، بەھێز و نزیک ھەیە و راشیگەیاند لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان پرسە ھاوبەشەکان و بابەتەکانی دوو قۆڵی و ناوچەیی تاوتوێ کراوە.
سەرکۆماری فەڕەنسا گوتیشی بوونی تورکیا لە نێو ناتۆ و جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا، پەیوەندیی نێوان ھەردوو وڵاتی بەھێزتر کردوووە.
ماکرۆن روونیشی کردەوە کە خاڵی ھاوبەش لە نێوان تورکیا و فەڕەنسا ھەیە و گوتیشی: "لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا خاوەن ھەماھەنگییێکی باشین. پێکەوە درێژە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەدەین".
سەرکۆماری فەڕەنسا جەختی لەوەش کردەوە کە لەبارەی گرنگیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خاوەن ھەمان بیروڕایە لەگەڵ ئەردۆغان و گوتیشی: "لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی دەستەبەرکردنی دارایی بۆ پەکەکە کە ئەو رێکخراوە لە فەڕەنسا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی قبووڵ کراوە، رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر".
ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوەش دا کە بەھۆی شەڕی ناوخۆی سووریا، تورکیا مێوانداری لە سێ ملیۆن پەنابەر دەکات و راشیگەیاند ھەر کاتێک شەڕی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش سەربکەوێت، ئەوکات سەقامگیری لە سووریا دەستەبەر دەکرێت.
لەبارەی پرسی سووریا، ماکرۆن رایگەیاند لە رووی سیاسییەوە بەھۆی ئەوەی تاکلایەنانەیە، کۆبوونەوەکانی ئاستانا و سۆچی ئەو پرسە بۆ ئەنجامێک نابات.
سەرکۆماری فەڕەنسا لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە ئاگاداری دۆخی ئێستای تورکیایە و بۆیە رێزی لێدەگرێت و گوتیشی: "ئاگادارم کە سەرکۆمار ئەردۆغان لە چیرۆکی ژیانی و لە رابردوو رووبەڕووی بێبەشی ئازادییەکان بووبوویەوە".
ماکرۆن ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا کرد و رایگەیاند: "پێویستە دووفاقی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا دەربکرێت".
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن گوتیشی: "وەک فەڕەنسا بە پێویستی دەزانین ئایندەی تورکیا و گەلی تورکیا لەگەڵ ئەورووپادا بێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment